Wednesday, August 10, 2005

له‌ هه‌ولێره‌وه‌ .. هه‌واڵی په‌یڤه‌ به‌ندکراوه‌کان



یه‌ک دوو ڕۆژه‌ له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک کوردی ئه‌م شاره‌ سه‌رقاڵی ئاماده‌کردنی پێداویستی خۆپیشاندانێکین له‌ دژی ڕژیمی داگیرکه‌ری کۆماری ئیسلامی که‌ بۆ ماوه‌ی زیاتر له‌ سێ هه‌فته‌یه‌ به‌ نامرۆڤانه‌ترین شێوه‌ له‌ به‌رامبه‌ر بزاڤ و ناره‌زایه‌تیه‌ مه‌ده‌نیه‌کانی جه‌ماوه‌ری ئه‌وده‌ڤه‌ره‌دا ڕاوه‌ستاون‌ و تانوکه‌ سه‌ره‌ڕای بنچاڤکردنی سه‌دان که‌س و بریندارکرنی ژماره‌یه‌کی زۆر ده‌یانیش گیانیان لێسه‌ندراوه‌.
له‌ هزری ئه‌وه‌دا بووم که‌ دروشم و پلاک کارته‌کانمان به‌ باشترین شێوه‌ ده‌ربڕی ئازاره‌کانی گه‌له‌که‌مان و داخوازیه‌کانی خۆپیشانده‌ران بێت. یه‌کێک له‌و دروشمانه‌ش بێگومان سه‌باره‌ت به‌ ئازادی و ئازادی به‌ندییه‌ سیاسیه‌ کورده‌کانه که‌ له‌چاڵه‌ڕه‌شه‌کانی ڕژیمدا ده‌ستوو په‌نجه‌ له‌گه‌ڵ ئازاردا نه‌رمده‌که‌ن‌. له‌گه‌ڵ ئه‌و هزراندنه‌شدا که‌وتمه‌ به‌دوادا گه‌ڕانی هه‌واڵی نوێ. له‌ پڕ له‌ کوردستان نێت چاوم به‌ وێنه‌ی ئاکۆ محه‌ممه‌د سه‌رنوسه‌ری هه‌فته‌نامه‌ی مێدیا که‌وت. سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که‌ یه‌کدوو جار ئیمایڵم له‌گه‌ڵ گۆڕیبوه‌وه‌و خوێنه‌ره‌وه‌یه‌کی به‌رده‌وامی مێدیاش بووم سه‌رنجی ڕاکێشام. له‌ ڕاستیدا سه‌ره‌تا وه‌مزانی هه‌ڤپه‌یڤین و چاوپێکه‌وتنه‌، چونکه‌ وێنه‌که‌ جیا له‌ نوسراوه‌یه‌کی پاش سه‌وز تایتڵی سه‌رنج ڕاکێشی وای له‌سه‌ر نه‌‌بوو که‌ هزرم بۆ ڕوداوێکی چاوه‌ڕوان نه‌کراو بچێت. له‌بن وێنه‌که‌وه‌ نوسراوه‌ "ئاکۆ محه‌مه‌دو مناڵه‌کانی له‌ ماڵه‌که‌ی خۆیدا"و له‌ ژێر ئه‌ویشه‌وه‌ به‌ خه‌تێکی که‌مێک تۆختر نوسراوه‌: "پێمان ناڵێن کوێ ده‌پشکنن؟! خۆ له‌به‌ڕه‌‌یه‌ک و حه‌سیره شڕێک زیاتری له‌ ناو ژووری میوانه‌که‌یدا نیه"‌. بۆیه‌ش هێشتا خوێنه‌ره‌وه‌ پێی وانیه‌ له‌ پشکنینی ماڵی ئاکۆ محه‌ممه‌د شتێکی فره‌تر ڕوویدا بێت(کوردستان نێت له‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی هه‌واڵی وادا نه‌شاره‌زایی پێوه‌دیاره‌، ده‌نا بڵاوکردنه‌وه‌ی هه‌واڵێکی وا پێویستی به‌ سه‌ردێڕێک هه‌یه‌ که‌ خوێنه‌ره‌وه‌ ڕاکێشێ). له‌به‌ر ئه‌وه‌ سه‌ره‌تا گوتم بزانم بابه‌ته‌ نوێیه‌کانی دیکه‌ چین پاشان ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی پێوه‌ندیی به‌ وێنه‌که‌ی ئاکۆوه‌یه‌. یه‌که‌م بابه‌تی نوێ"مژده‌ی گیرانی ئاكۆ محه‌مه‌دی تیرۆریست! ... هاوڕێ باخه‌وان"!! چاوی ئه‌بڵه‌ق کردم و ڕایچڵه‌کاند‌م. بێگومان له‌وه‌ی دڵنیام که‌ نه‌ ئاکۆ تیرۆریسته‌و نه‌ باخه‌وانیش به‌ که‌سانی وه‌ک ئاکۆ ئێژێ تیرۆریست. به‌ واتایه‌کی دیکه‌ سه‌ردێڕه‌که‌ هاواری هه‌واڵێکی ده‌کرد که‌ ئاسایشی هه‌ولێری پێته‌ختی حکومه‌تی کوردستان، ئافرێنه‌ریه‌تی. بابه‌ته‌که‌م کرده‌وه‌و خوێندمه‌وه‌.
به‌ڵێ ئاسایشی هه‌ولێر کاک ئاکۆی سه‌رنوسه‌ری ڕۆژنامه‌ی مێدیا، ئه‌و مێدیایه‌ی که‌ له‌ پێناوی نه‌ته‌وه‌ و بۆ نه‌ته‌وه‌که‌ی ده‌نوسی، ڕاپێچی به‌ندیخانه‌ ده‌کات. ئه‌گه‌ر چی ورده‌کاری و هۆکاری گیرانه‌که‌ ڕوون نیه‌، به‌ڵام به‌ پێی ئه‌و نوسراوانه‌ی تا ئێستا له‌سه‌ری نوسراون و من دیتومه له‌سه‌ر ده‌ربڕینی تێهزرینه‌کانی گیراوه‌و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ڕه‌نگه‌ سه‌باره‌ت به‌ بابه‌تێک که‌ له‌ مێدیادا وه‌شێنراوه‌، بنچاڤکرا بێت. هه‌ر کام له‌و گریمانانه‌ و ئه‌وه‌ی پێوه‌ندی به‌ بڵاوکردنه‌وه‌وه‌ بێت، گیرانی ئاکۆ نه‌ک هه‌ر ڕه‌وا نیه‌ به‌ڵکوو جێگه‌ی شه‌رمه‌زاری و ئاماژه‌ی ترس و دڵه‌خورپه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی کوردستانه‌ له‌ ئازادی ده‌ربڕین و چاپه‌مه‌نی. ئه‌وه‌ی مێدیای خوێندبێته‌وه‌ ده‌زانێ که‌ مێدیا له‌سه‌ر هێڵی نه‌ته‌وه‌ و بزاڤی سه‌ربه‌خۆ خۆازیدایه‌ و زۆربه‌ی بابه‌ته‌کانی خزمه‌تی ئه‌و هێڵه‌ هزریه‌ ده‌که‌ن و زۆرجاریش له‌ که‌موکوڕیه‌کان ده‌دوێ و نه‌گوتراوه‌کان ئێژێ.
پارتی دیموکرات و ده‌سه‌ڵات دارانی ناو ئه‌م پارتیه‌ ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم هه‌موویان ئه‌وه‌ ئێژم زۆربه‌یان دژی ئازادیه‌ دیموکراتیه‌کان و له‌وانه‌ش ئازادی هزرین و ده‌ربڕینن و دژایه‌تیه‌که‌شیان له‌ وه‌ک هه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارێکی دیکه‌ له‌ ترسه‌وه هاتوه‌. ئه‌‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که‌ هه‌ر نوسراوه‌یه‌ک به‌شێوه‌یه‌ک له‌ شێوه‌کان له‌ دژی به‌رپرس یا شالیارۆکه‌یه‌کی ئه‌و لایه‌نه‌ بێت ئه‌وه له‌لای ئه‌وان ناپه‌سه‌نده‌و چێکه‌ڵدانه‌یان جگه‌ له‌ پیا هه‌ڵدان و ده‌ستخۆشی و فشکردنه‌وه‌ی‌ بێ بنه‌ما نه‌بێ هیچیدیکه‌ی جێی نابێته‌وه‌، بۆیه‌ش ئه‌وانه‌ی ئه‌و هێڵه‌ ببه‌زێنن به‌ده‌ردی به‌رپرسانی پێامنێر ده‌چن.
ماوه‌یه‌ک له‌ مه‌و پێش سایتی په‌یامنێر که‌ سایتێکی سه‌ر به‌ پارتیه‌ هه‌واڵێکی له‌مه‌ڕ شالیارێکی حکومه‌تی هه‌ولێر وه‌شاند. هه‌واڵه‌که‌ش باسی ئه‌وه‌ ده‌کات که‌ شالیار نه‌یویستوه‌ به‌ کوردی بۆ ڕۆژنامه‌ نوسان بپه‌یڤێ و به‌باشی زانیوه‌ به‌ عاره‌بی له‌ پایته‌ختی کوردستان و له‌ ناو فڕۆکه‌خانه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی هه‌ولێره‌وه‌ بۆ په‌یامنێران بپه‌یڤێ!. له‌وه‌ش بترازێ به‌دوای په‌یڤینه‌ عاره‌بیه‌که‌ی، کاکی شالیار به‌ ڕۆژنامه‌ڤانن ده‌بێژێ که‌ بڕیارمداوه‌ هه‌مووتان خه‌ڵات بکه‌م و هه‌مووتان سه‌ردانی باره‌گای شالیاره‌تی بکه‌ن بۆ وه‌رگرتنی خه‌ڵاته‌که‌یان.
له‌ پاش ئه‌وه‌، شالیار ڕونکردنه‌وه‌یه‌ک هه‌ر له‌ په‌یامنێر بڵاوده‌کاته‌وه‌و حاشا له‌و ڕاستیانه‌ ده‌کات که‌ له‌سه‌ری نوسراون. به‌ڵام په‌یامنێر ئازایانه‌ پێی له‌سه‌ر ڕاستی هه‌واڵه‌که‌ داگرت. ئه‌م پێداگریه‌ بێگومان سه‌ره‌ڕای پاڵه‌ په‌ستۆی به‌رپرسانی ڕاگه‌یاندنی پارتی هه‌روا به‌رده‌وام بوو. به‌ پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی من له‌سه‌رچاوه‌یه‌کی جێی متمانه‌وه‌ وه‌ده‌ستم که‌وتووه‌، به‌رپرسانی ڕاگه‌یاندنی پارتی پشتگیریان له‌ شالیاری عه‌ربی وێژ کردوه‌و ویستویانه‌ به‌رپرسانی په‌یامنێر به‌چۆکدا بێنن و هه‌واڵه‌که‌ی خۆیان ڕاست وه‌که‌ن. ئه‌گه‌رچی به‌ناوی په‌یامنێره‌وه‌ لێبوردنێکی کورت بڵاوکرایه‌وه‌ به‌ڵام دوای ئه‌و لێبوردن خوازتنه‌ بۆماوه‌ی سێڕۆژ په‌یامنێری چالاک و هه‌واڵگه‌یه‌ن له‌ ڕۆژووگرتندا بوو، واته‌ هیچی بڵاو نه‌کرده‌وه‌. له‌وکاته‌‌وه‌ تا نوکه‌شی له‌گه‌ڵدا بێت، په‌یامنێر نه‌بۆته‌وه‌ ئه‌و په‌یامنێره‌ی پێش لێبوردن خوازتنه‌که‌. وه‌ک ئه‌و سه‌رچاوه‌ بۆی نوسیم: پاش پشتگیری ڕاگه‌یاندنی پارتی له‌ کاکی شالیارۆ‌که‌ی حکومه‌تی کوردستان و ناچارکردن به‌ نوسینی لێبوردن له‌ کاکی شالیار هه‌رسی به‌رپرسی په‌یامنێر (سه‌رنووسه‌ر، جێگری سه‌رنوسه‌رو به‌ڕێوه‌به‌ری نووسین) وازیان له‌ په‌یامنێر هێناوه‌و له‌ جیاتی ئه‌وان ئێستا: ئازاد حه‌سیب قه‌ره‌داخی وه‌ک سه‌رپه‌رشتیاو فاخر هه‌مه‌وه‌ندی وه‌ک به‌رپرسی ئاژانسه‌که داندراون. له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا ئه‌ز بۆخۆم سه‌ره‌تا به‌گومانه‌وه‌ له‌ لێره‌(وێبلاگی کوردستان) چتێکم بڵاوکرده‌وه و له‌ چه‌ند شوێنی دیکه‌ش پرته‌وبۆڵه‌‌ی وه‌ک ئه‌وه‌ی من هه‌بوون. هه‌روه‌ک حه‌مه‌ سه‌عید حه‌سه‌نیش نامه‌یکی بۆ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆک شالیاری حکومه‌تی هه‌ولێر نووسیوه‌ که‌ له‌و کاته‌دا له‌هه‌ولێر بوو. ده‌قه‌که‌ی له‌ سایتی ده‌نگه‌کان بڵاو بۆته‌وه.
بێگومان پیامنێر‌ له‌ ده‌ست پێکه‌وه‌ هه‌وڵێکی زۆریدا که‌ به‌ سێ زمان هه‌واڵه‌کانی کوردستان بگه‌یه‌نێته‌ خوێنه‌رانی و ئه‌مه‌ش له‌ ئاکامی چالاکی و ماندوو بوونی زۆری ئه‌وانه‌دا بوو که‌ ئێستا وازیان هێناوه‌ یان ناچار به‌ وازهێنان کراون.
جێی سه‌رنجه‌ که‌ ده‌سه‌ڵاتی ڕاگه‌یاندنی پارتی زۆربه‌ی له‌ چنگی که‌سانێکدایه‌ که‌ پێشتر له‌ حزبی شیوعی ئێراقدا تێکۆشانیان هه‌بووه‌. به‌رپرسی سه‌ته‌لایتی کوردستان، به‌رپرسی ته‌له‌ڤیزیۆنی ئه‌لته‌ئه‌خی که‌ تازه‌ داندراوه‌، به‌رپرسی مه‌کته‌بی ڕاگه‌یاندنی پارتی، به‌رپرسی ده‌زگای ئاراس، به‌رپرسی گۆڤاری هه‌رێم، به‌رپرسی ده‌زگای موکوریانی‌و به‌رێوه‌به‌ری گشتی ڕۆشنبیری هه‌ولێرو هه‌روه‌هابه‌ر پرسی زاگڕۆس تیڤی که‌ هه‌ر هه‌مان سه‌رۆ قادری به‌رپرسی مه‌کته‌بی ڕاگه‌یاندنی پارتیه، هه‌موویان له‌ که‌سانی کۆنه‌ شیوعین‌. ئه‌م به‌رپرسایه‌تیان بۆ ڕاگه‌یاندنی حزبی سیاسی زۆر گرنگ و بایه‌خدارن. له‌ ڕواڵه‌تدا مادام که‌سانی کۆنه‌ شیوعی که‌ له‌جێوه‌ ده‌بێ پێشکه‌وتنخواز بن شتێکی باشه‌و به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی که‌ هاتونه‌وه‌ سه‌ر هێڵی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌رێنیه‌. دیاره‌ من وه‌ک که‌س و که‌سایه‌تی که‌سیان له‌ نزیکه‌وه‌ ناناسم جگه‌ له‌وه‌ی ناویان له‌سه‌ر په‌ڕی بڵاوکراوه‌کانی پارتی و له‌ په‌نجێره‌ی تیڤیه‌کانه‌وه‌‌م گوێ لێبوه‌.
ئه‌وه‌ی به‌لای منه‌وه جێگه‌ی سه‌رنج و ڕامان و له‌ هه‌مان کاتدا هه‌ڵوێسته‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌وه‌ی به‌ ڕاگه‌یاندنی پارتیه‌وه‌ دیاره‌ کاریگه‌ریه‌کی زۆری هزرو ڕامانی ئه‌و کۆنه‌ چه‌پیانه‌یه‌. کاریگه‌ریه‌که‌ش ئه‌گه‌ر له‌ هه‌ندێک باره‌وه‌ ئه‌رێنی بێت ئه‌وه‌ له‌ فره‌ لایه‌نه‌وه‌ نه‌رێنی داڕزێنه‌ره‌. ئه‌و به‌ڕێزانه‌ هه‌روه‌ک که‌لتورێکی پارته‌ براکانی سه‌رده‌می سۆڤیه‌ت، ڕاگه‌یاندنیان به‌ هه‌موو ڕه‌هه‌نده‌کانیه‌وه‌ خستۆته‌ خزمه‌ت حزب و له‌ ناو حزبیشدا که‌سه‌کان و سه‌رۆکی حزب به‌تایبه‌تی. ته‌نانه‌ت هه‌ندێکجار خزمه‌تی پاراستنی پارت. هه‌ر له‌و تێڕوانینه‌ که‌لتوریه‌وه‌ ئه‌و‌ه‌ی دژی حزب، به‌رپرسێکی حزب، دامه‌زراوه‌یه‌کی سه‌ر به‌حزب نقه‌ی لێوه‌بێت نقه‌ی ده‌بڕن و پێنوسه‌که‌ی لێده‌ستێن. یان که‌ویی ده‌که‌ن و ناچاری مل ڕاکێشانی ده‌که‌ن یان وردووهاڕی ده‌که‌ن و ده‌یکه‌نه‌ په‌ند.
ئه‌وه‌ی له‌ په‌یامنێری ڕودا ده‌بێ له‌و گۆشه‌ نیگایه‌وه‌ لێی بڕوانین. به‌رپرسانی کۆنه‌ شیوعی و ئه‌مڕۆ پارتیی له‌ ده‌زگای ڕاگه‌یاندنی پارتیدا به‌ به‌ڕێوه‌به‌رانی په‌یامنێریان گوت سه‌ر نه‌ویکه‌ن و لێبورین له‌ شالیاری حزب بخوازن! به‌ په‌یامنێریان گوت که‌ ئازادی ئه‌وه‌ نیه‌ که‌ ئێوه‌ لێی تێگه‌یشتوون! گوتیان ئێمه‌ ئازادیمان داونێ که‌ له‌سه‌ر خه‌ڵکی دیکه‌ بنوسن و بێ ئابڕویان بکه‌ن نه‌ک شالیاری حزب. به‌ په‌یامنێریان ڕاگه‌‌یاند ئێوه‌ ده‌بێ ملکه‌چی سه‌روی(سه‌رۆی) خۆتان بن، پێیان فه‌رموون ئێوه‌ له‌ ڕواڵه‌تدا سه‌ربه‌خۆن و ئه‌وه‌ش که‌ ده‌ڵێین ئێوه‌ سه‌ربه‌خۆو ئازان هه‌ر بۆ خزمه‌تی حزبه‌! له‌ هه‌ڵبژاردنی هه‌واڵ و ڕاپۆرته‌ هه‌واڵ نوسیندا هه‌یه‌ به‌ڵام نه‌ک له‌سه‌ر حزب و شالیاری حزب. له‌ ڕاستیدا پێان ڕاگه‌یاندن ئێوه‌ نابێ شتێک یان ڕاستیه‌ک له‌سه‌ر حزب یان دامه‌زراوه‌یه‌کی حزب بنوسن و بیڵێن که‌ زیانی بۆ حزب هه‌بێت!.
وه‌ک ده‌ڵێن "قسه‌ هه‌زاره‌و دوی به‌کاره‌". ده‌سه‌ڵاتی هه‌ولێر ئاوا له‌گه‌ڵ ڕاگه‌یاندنی خۆی ده‌جوڵێته‌وه‌ و ناچار به‌ خۆ چه‌ماندنه‌وه‌یان ده‌کات جا چۆن له‌گه‌ڵ ئاکۆیه‌کی نه‌ترس و بوێر که‌ ده‌یه‌وێ ڕاستیه‌کان بێژێ و په‌ڵه‌کان ده‌رخات و خراپیه‌کان نیشان بدات وا به‌ سێانی لێی خۆش ده‌بن. دیاره‌ هه‌روه‌ک له‌سه‌روه‌ ئاماژه‌م پێدا به‌رپرسانی په‌یامنێر ئازایانه‌ به‌رگریان کردو ملیان بۆ ده‌سه‌ڵاتی سه‌روی خۆیانه‌وه‌ نه‌وی نه‌کردوو پاش ئه‌و پاڵه‌په‌ستۆیه‌ په‌یامنێریان بۆ به‌جێ هێشتن.

له‌ بن سێبه‌ری داگیرکه‌راندا ڕۆژنامه‌کانمان داده‌خه‌ن و چالاکانی سیاسی و خه‌باتکارانی گۆڕه‌پانی بزاڤی مه‌ده‌نی ده‌گیرێن و ئازار ده‌درێن. لێره‌وه‌ ده‌مانه‌وێ پشتگیری ئه‌و خه‌بات و تێکۆشانه‌ سه‌رده‌میانه‌ی گه‌له‌که‌مان بکه‌ین و به‌وه‌ی که‌ ده‌چینه‌ ناوه‌ندی باژێڕوو خۆ نیشان ده‌ده‌ین ده‌مانه‌وه‌ پشتگیری ڕۆڵه‌کانی گه‌له‌که‌‌مان بکه‌ین. چاوه‌ڕوان بوین له‌ هه‌ولێرو له‌ پایته‌ختی کوردستان ناڕه‌زایه‌تی ده‌رببڕدرێت و له‌ به‌رده‌می کونسولی ڕژیمی ئێران له‌ هه‌ولێر بیان گوتبایه‌ به‌ندییه‌ سیاسیه‌کانمان ئازاد بکه‌ن و کۆتایی به‌ لێدان و کوشتنی جه‌ماوه‌ری ڕۆژهه‌ڵات بێنن و بڵێن به‌ڵێ بۆ چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌ی کێشه‌ و پرسی کوردان له‌ هه‌ر شوێنێک. به‌ڵام گه‌لۆ چاوه‌ڕوانیه‌که‌مان له‌ جێی خۆیدا نه‌بوو و نیه‌. ئه‌ی ئه‌وه‌ نیه‌ له‌ هه‌ولێر خۆی ئازادی پێشێل ده‌کرێ. ئه‌وه‌نیه ته‌نانه‌ت‌ نوسه‌ران و ڕۆژنامه‌نوسانی حزبیش له‌ ئازادی بێبه‌شن. ئه‌وه‌نیه‌ ئاکۆ محه‌ممه‌دی مێدیا له‌سه‌ر بۆچوونه‌کانی ڕاپێچی به‌ندیخانه‌ ده‌کرێ و ماڵه‌که‌ی ده‌پشکنرێ. له‌ هه‌ولێرێک که‌ ئازادی نه‌ بێ و ئه‌وه‌شی هه‌یه‌ ئازادییه‌که‌ که‌ خزمه‌تی حزب و ده‌سه‌ڵات و سه‌رۆک بکات، ئیتر چاوه‌ڕوانی وا چاوه‌ڕوانیه‌کی به‌تاڵه‌.
له‌ کۆتاییدا ئه‌گه‌ر ئه‌و ئازادی و دێموکراسیه‌ی که‌ ده‌گوترێ له‌ هه‌ولێره‌وه‌ بۆ ئێراق و ناوچه‌که‌ بڵاو ده‌کرێته‌وه ئه‌وه‌بێت که‌ ئه‌مڕۆ له‌ هه‌ولێر ده‌یبینن و ده‌یبیسین، ئه‌وه‌ هه‌ر خوا ده‌زانێ چی لێده‌رده‌چێ!
تۆ بڵێی گه‌ر له‌سه‌ر سه‌ری شالیاری ناوخۆی تۆقیوو له‌ ڕاگه‌یاندن قورقوشم بتوێنرێته‌وه‌و پاشان ساردبکرێته‌وه‌ چی ده‌ربچێ؟!

Friday, June 17, 2005

په‌یڤێک به‌ بۆنه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان

ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ی ڕابردوو له‌ باشوری کوردستان ڕوداوێکی گرنگی مێژوویی ڕویدا. پارلمانی کوردستان به‌ کۆی ده‌نگی ئه‌ندامانی، به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی، وه‌کوو یه‌که‌مین سه‌رۆکی هه‌رێمی باشوری کوردستان ده‌ست نیشانکردو ڕۆژی 24ی جۆزه‌ردان به‌رامبه‌ر 14ی جوون له‌ ڕێوڕه‌سمێکی شیاوو گه‌وره‌دا له‌ هۆڵی پارلمانی کوردستان سوێندی یاسایی خوارد. ئه‌م ڕوداوه‌ بێگومان به‌ره‌نجامی ڕێککه‌وتن و سازانی هه‌ردوو هێزی سه‌ره‌کی ئه‌مڕۆی باشوری کوردستان سه‌باره‌ت به‌ چۆنیه‌تی دابه‌شکردنی ده‌سکه‌وت و ده‌سه‌ڵاته‌کان بوو له‌ ئێراقی پاش ڕوخانی سه‌ددام و پاش هه‌ڵبژاردنی مانگی ڕێبه‌ندانی 2704دا. به‌ پێی ڕێکه‌وتنه‌که‌ به‌ڕێز تاڵه‌بانی له‌ ئێراکدا پشکه‌ ده‌سه‌ڵاتی کوردی به‌رده‌که‌وێت که‌ له‌ سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی شالیاره‌تی یان سه‌رۆکی کۆماری ئیراک، یه‌کیان ده‌بوو به‌رکورد بکه‌وێت. له‌ به‌رامبه‌ریشدا به‌ڕێز بارزانی ده‌سه‌ڵاتی یه‌که‌می کوردستانی پێده‌بڕا که‌ ئه‌ویش ‌ خۆی له‌ سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستاندا ده‌بینێته‌وه‌.

پاش ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنی ئیراکدا لیستی هاوپه‌یمانی کوردستان سه‌رکه‌وتنی به‌رچاوی وه‌ده‌ست هێنا، زیاترسه‌رکردایه‌تی سیاسی کوردستانی موکور کرد له‌ پێناوی به‌ده‌ستخستنی یه‌کێک له‌و دو پله‌ گه‌وره‌یه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندیی پێداگری بکه‌ن. ئه‌وه‌ بوو به‌ڕێز تاڵه‌بانی به‌ سه‌رۆکی کۆماری ئێراک هه‌ڵبژێردراو ئه‌مه‌ش بێگومان هه‌م ڕوداوێکی مێژوویی بوو که‌ کوردێکی خه‌باتگێڕو پێشمه‌رگه‌یه‌کی سه‌ردمی خه‌باتی شاخ له‌ وه‌ڵاتێکدا ببێته‌ سه‌رکۆمار که‌ پێشتر ته‌نانه‌ت له‌ هاووڵاتی ئه‌و وڵاته‌ش بێبه‌ری کرابوو، هه‌میش ده‌سکه‌وتێکی گه‌وربوو به‌ ئاقاری بردنه‌پێش و گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌ مێژووییه‌کان و جێگیرکردنی ویستو داخوازه‌ ره‌واکانی نه‌ته‌وه‌که‌مان، له‌ ناو ده‌ستوری ئێراقدا که‌ ده‌گوترێ له‌ سه‌ر بنه‌مای یه‌کیه‌تی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ بنیات ده‌نرێته‌وه‌. وه‌ک ئاکامێکی سروشتی ئه‌و ڕوداوه،‌ گه‌له‌که‌مان له‌ کوردستانی ئازادو به‌شه‌ داگیرکراوه‌کانی کوردستان و له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش کردیانه شایی و خۆشی و پیرۆزباییان له‌ یه‌کدی کرد.

پاش مانگێک له‌و ڕوداوه‌ گرنگه‌، سه‌ره‌ڕای ناکۆکی له‌ شێوه‌و چۆنیه‌تی هه‌ڵبژاردن و ڕاده‌ی ده‌سه‌ڵات و ده‌ستڕۆیشتووی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی باشوری کوردستان، سه‌ره‌نجام ئه‌و دو پارته‌ سه‌ره‌کیه‌ گه‌یشتنه‌ ڕێککه‌وتن و ئاکامه‌که‌شی ئه‌وه‌بوو که‌ ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ 22ی جۆزه‌ردان 2705 به‌رامبه‌ر 12ی جونی 2005 له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا له‌ پارلمانی کوردستان، به‌ کۆی ده‌نگ به‌ڕێز مه‌سعوود بارزانی بۆ پۆستی سه‌رۆکی هه‌رێمی باشوری کوردستان ده‌ست نیشانکرا و دوو ڕوژ دواتر له‌ هه‌مان هۆڵی پارلمان و به‌به‌شداری ژماره‌یه‌کی زۆر سیاسه‌تڤان و که‌سایه‌تی دۆستی کوردو سه‌رۆک و جێگره‌کانی کۆماری ئیراق و سه‌رۆکی کۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانی ئێراق و دوجێگری سه‌رۆک وه‌زیرانی ئه‌و وڵاته‌ و نوێنه‌رایه‌تیه‌کانی کۆمه‌ڵێک ئه‌مباسی و کۆنسولیه‌ی وڵاتانی جیهان و له‌وانه‌ش ئه‌مریکا و بریتانیاو گه‌لێک سیاسه‌تڤان و که‌سایه‌تی کوردستانی، سوێندی یاسایی خوارد.

به‌بڵاو بوونه‌وه‌ی هه‌واڵی ئه‌و ڕوداوه‌ مێژووییه‌ کوردستانیه‌کان له‌ کوردستان و له‌ هه‌موو قوژبنێکی جیهان شاییان له‌ دڵگه‌ڕاو له‌ هه‌ر ڕێیه‌که‌وه‌ بۆیان لوابێت شایی و خۆشیان ده‌ربڕیوه‌و تا ئێستاش ئه‌م ئاهه‌نگانه‌ به‌رده‌وامن و پێیده‌چێ تا چه‌ند ڕۆژی دیکه‌ش گۆڤه‌ند و زه‌ماوه‌ندی شایی و سه‌رکه‌وتن به‌رده‌وام بێت.

ئه‌م ڕوداوه له‌ زۆر لایه‌ن و به‌ستێنه‌وه‌ جێگای لێوردبوونه‌وه‌و حه‌وجێ به‌ هه‌ڵوێسته‌یه‌و له‌ په‌یڤێکی کورتدا ناکرێ لایه‌ن و ڕه‌هه‌نده‌ فره‌کانی ئه‌م ڕوداوه‌ بێنه‌ ئه‌ژمار.

هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، ئه‌و کوردستانه‌ی زیاتر له‌ سه‌ده‌یه‌که‌ هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی هه‌موو ئاسه‌وارێکی ژیاری و مێژوویی ده‌درێت و به‌ دڵره‌قانه‌ترین شێوه‌ و ئامراز ده‌خوازرا نه‌ته‌وه‌که‌ی بتوێنرێته‌وه‌ و به هیتر بکرێت، له‌‌ هه‌لومه‌رجی ئه‌مڕۆداو له‌ به‌رده‌م و چاوی ئه‌و که‌سانه‌ی نوێنه‌رایه‌تی وڵاتگه‌لێکیان ده‌کرد که‌ بۆخۆیان له‌ پشته‌وه‌ی ئه‌و پڕۆسه‌ نامرۆڤانه‌یه‌وه‌ بوون، ناکرێ ڕوداوێکی گرنگ و فره‌ ڕه‌هه‌ند و جێ لێوردبوونه‌وه‌ نه‌بێت. هه‌ڵبژاردنێک که‌ به‌ پشت به‌ستن به‌ یاسایه‌کی دیانپێنراوو سه‌لمێنراو له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ئیراک و وڵاتانی ڕوخێنه‌ری سه‌دام و نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کانه‌وه‌ ئه‌نجامده‌درێ. که‌واته‌ ئه‌م ڕوداوه‌ بایه‌خ و گرنگیه‌کی بێڕاده‌ی هه‌یه‌و ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌ و گه‌لێک تایبه‌ت مه‌ندیی دیکه‌ ئه‌م ده‌سکه‌وت و سه‌رکه‌وتنه‌ له‌ ده‌سکه‌وته‌کانی چه‌ند ساڵی ڕابردوو به‌گشتی و له‌ ڕوداوه‌کانی وێکچوی وه‌ک خۆی، وه‌ک ڕاگه‌یاندنی حکومه‌تی مه‌لیکی له‌ لایه‌ن شێخ مه‌حمود حه‌فید و ڕاگه‌یاندنی کۆماری کوردستان له‌ لایه‌ن پێشه‌وا قازی مه‌حمه‌ده‌وه‌، جیاده‌کاته‌وه‌. هه‌ربۆیه‌شه‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان ڕوداوێکه‌ که‌ کۆتایی سه‌رده‌مێک ڕاده‌گه‌ینێ و سه‌ره‌تای قۆناخ و سه‌رده‌مێکی نوێ له‌گه‌ڵ خۆی دێنێ. به‌ واتایاکی دیکه‌ ئه‌م ڕوداوه‌ وه‌رچه‌رخانێکی هێنده‌ گرنگه‌ که‌ چاره‌نوس و به‌ختی کورد به‌ره‌و ئاقارێک ده‌بات که‌ خه‌ون و هیواکانی سه‌دان ساڵه‌ی تێدا ده‌نه‌خشێ. له‌وه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ که‌ شێوه‌‌ی ڕوداوه‌که‌و چۆنیه‌تی دروست بوون و پڕۆسه‌ی جێبه‌جێکردنه‌که‌ی ئه‌وه‌مان به‌ گوێدا ده‌چرپێنی که‌ نه‌ک جارێکی دیکه‌ کوردان بۆ دۆخی پێش ئه‌و ڕوداوه‌ گۆڕێنه‌ره‌ ناگه‌ڕێنه‌وه‌، به‌ڵکوو پێیده‌چێ که‌ گه‌له‌که‌مان هه‌نگاوێکی کورت به‌ڵام به‌هێزو کاریگه‌ری له‌ پێش مابێ تا‌ بگاته‌ لوتکه‌ی خه‌ون و هیواکانی، که‌ خۆی له‌ دروستکردنه‌وه‌ی کۆماری کوردستاندا ده‌بینێته‌وه‌‌.

له‌و کاته‌وه‌ هزری نه‌ته‌وه‌یی له‌ ناو مێشکی کورداندا گه‌رای به‌ستوه‌، خولیای دروستکردنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و ڕزگاری گشت کوردستان له‌ بن ده‌ستی داگیرکه‌ران بووه‌و ئه‌م حه‌زوو خولیایه‌شی نه‌شاردۆته‌وه‌. شۆڕشو بزوتنه‌وه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌مان له‌ کۆنه‌وه‌ له‌م پێناوه‌دا ده‌ستیان پێکردوه‌و سه‌ره‌ڕای ده‌یان جار تێکشکان و داپڵۆسین و پیلانگێڕان، به‌ڵام له‌ که‌مترین ده‌رفه‌تدا گه‌ل خۆی سازداوه‌ته‌وه‌و دیسان به‌گژ زۆرداری و داگیرکاریدا چۆته‌وه‌. له‌م پێناوه‌دا به‌درێژایی ئه‌و کاروانه‌، ڕۆباری خوێن و قوربانیدان ئاشی ئه‌م شۆڕشانه‌ی گێڕاوه‌و سه‌دان و هه‌زاران ڕۆڵه‌‌ی جه‌ربه‌زه‌و دلێرو تێکۆشه‌ر گیانیان به‌خشیوه‌. هه‌ر بۆیه‌ گه‌ر بێژم ئه‌م سه‌رکه‌وتن وده‌سکه‌وتانه‌ی تا ئێستا وه‌ده‌ست هاتوون به‌رهه‌می خه‌بات وبه‌رخۆدان و قوربانیدانی ئه‌م نه‌ته‌وه‌ن، شتێکی ڕاستو بێخه‌شم گوتوه‌و هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ بۆ هه‌ر سه‌رکه‌وتن و ده‌سکه‌وتێک، کوردێک له‌ هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی باشوری کوردستان و کوردێکی ئامه‌دو عه‌فرین و سه‌نه‌ندژ یان په‌ڕیوه‌یه‌کی دوره‌وه‌ڵات و تاراوگه‌نشین، یانیش کوردێکی خۆراسان و گورجستان وه‌ک یه‌ک شادن و پێکه‌وه‌ ئاهه‌نگی سه‌رکه‌وتن و سه‌رفرازی ده‌گێڕن. بێگومان له‌ کاتی ناخۆشی و کاره‌ساته‌کانیشدا هه‌روایه‌و کاره‌ساتێک له‌ هه‌ر شوێنێک ڕویدا بێت کوردان له‌ هه‌موو شوێنێک دڵگران و په‌شۆکاون و هاوخه‌م بوون.

ئێستا که‌ گه‌له‌که‌مان مه‌ست و سه‌رخۆشی ئه‌و ده‌سکه‌وت و سه‌که‌وتنه‌ گرنگه‌یه‌، به‌جێیه‌ وه‌بیر بهێندرێته‌وه‌ که‌ هیچکام له‌و ده‌سکه‌وت و سه‌رکه‌وتنانه نه‌ده‌هاتنه‌ دی گه‌ر یه‌کیه‌تی و هاوخه‌باتی ژیرانه‌ نه‌بایه‌، گه‌ر په‌رۆشی بۆ گه‌ل و پاراستنی ده‌سکه‌وته‌کان نه‌بایه‌. سه‌رکه‌وتن و ده‌سکه‌وتی له‌و جۆره‌ نه‌ ده‌سکه‌وتی تاکێکه‌و نه‌ به‌ پارتێکی تایبه‌ت ده‌هاته‌ دی. ئه‌وه‌ی وه‌سده‌ست هاتوه‌ مێژوییه‌ک خه‌باتوو قوربانیدانی له‌ پشته‌وه‌یه‌. هه‌ربۆیه‌ گه‌لێک گرنگه‌ که به‌رده‌وام ئه‌و ڕاستیه‌ بزانرێ که‌ ئه‌وه‌ی تا ئه‌مڕۆ چ له‌ ئاستی ئیراک و چ له‌ ئاستی کوردستان به‌دیهاتوون به‌رهه‌می یه‌کیه‌تی و هاوخه‌باتی و هاوهه‌ڵوێستی ڕۆڵه‌کانی گه‌له‌که‌مانن و پاراستن و مانه‌وه‌و په‌ره‌پێدانیان هه‌ر به‌وانه‌وه‌ به‌نده‌. له‌وانه‌ش مکورتر بۆ هاویشتنی دواهه‌نگاو به‌ره‌و لوتکه‌‌ی سه‌رکه‌وتن، پێویسته‌ له‌وه‌ش فره‌تر و به‌هێزتر ده‌ست بخه‌ینه‌ ناو ده‌سی یه‌کدی و هزرو بیرو کارمان به‌ره‌و ئه‌و مه‌به‌ست و ئاراسته‌ به‌رین.

بێگومان له‌و ڕۆژه‌وه‌ ئه‌و بڕیاره‌دراوه‌ چیدیکه‌ مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکی پارتێک نیه و به‌ڵکو سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستانه‌ به‌گشت ڕه‌نگ و پێکهاته‌وه‌ و چین وتوێژه‌کانیه‌وه‌. هه‌روه‌ک به‌رپرسیاریه‌تی و ئه‌رکی زیاتری ده‌که‌وێته‌ ئه‌ستۆ. بارزانی له‌مه‌ به‌دوا له‌ خۆشی و ناخۆشیه‌کان و له‌ کاره‌سات و نه‌هامه‌تیه‌کان و له‌گشت پێشهاتێکی پێوه‌ندییدار به‌ باشوری کوردستان(ته‌نانه‌ت له‌به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستانیش) به‌رپرسی یه‌که‌مه‌. چاوه‌ڕوانی و داخوازی و هیواکان به‌ره‌و ڕوی ئه‌و ده‌بنه‌وه‌.
فره‌ گرنگه‌ که‌ ڕوناکبیران و ڕۆژنامه‌نوسان به‌ چاوتیژی و وردبینیه‌وه‌ بڕواننه‌ کارو تێکۆشانه‌کانی سه‌رۆکی کوردستان و به‌گیانێکی نه‌ته‌وه‌یی و وڵاتپارێزیه‌وه‌ ڕه‌خنه‌ له‌ هه‌ڵسوکه‌وت و وته‌کانی بگرن و له‌ کوێشدا حه‌وجێ به‌ نرخاندن بوو نه‌پرینگێنه‌وه‌ و ده‌ستخۆشی لێبکه‌ن.
هیوادارم به‌ڕێز بارزانی له‌ ئه‌رکه‌که‌یدا سه‌رکه‌وتوو بێت و له‌ ئاستی ئه‌و به‌رپرسیاریه‌تیه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیه‌دا بێت و وڵامده‌ره‌وه‌ی خه‌ۆن و هیواکانی گه‌ل بێت و کارێک بکات که‌ گه‌ل به‌ڕاستی به‌ سه‌رۆکی خۆیانی بزانن و ئاوێک بڕێژێ که‌ سه‌رۆکه‌کانی دوای ئه‌و په‌ندی لێوه‌رگرن.
له‌ کۆتاییدا به‌‌بۆنه‌ی ئه‌و ڕوداوه‌ مه‌زن و مێژووییه‌وه‌ پڕبه‌دڵ له‌ خۆم و هه‌موو ڕۆڵه‌کانی گه‌له‌که‌مان پیروزبایی ده‌که‌م و خۆزگه‌ ده‌خوازم که‌ به‌ هه‌وڵ و تێکۆشانی هه‌مووان و لێزانی و وشیاری سه‌رۆک هه‌رێمی کوردستان، گه‌له‌که‌مان به‌ره‌و دوا مه‌نزڵگه‌ی ئاوات هه‌نگاو بنێ و سه‌ره‌نجام داری هیوای گه‌ل به‌ر بگرێ و جێژنی جه‌ژنه‌کان، جه‌ژنی سه‌رخۆبوونی کوردستان بگرین.

Saturday, April 30, 2005

په‌یڤێک بۆ ساڵڕۆژی ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردی

107 ساڵ به‌ر له‌ ئه‌مڕۆ له‌ ڕۆژی سێی بانه‌مه‌ڕدا بۆ یه‌كه‌م جار به‌ هه‌وڵ و خه‌باتی مێقداد مه‌دحه‌د به‌درخان، تێكۆشه‌ری ناوداری كورد له‌شاری قاهیره‌ی میسر، یه‌كه‌م ڕۆژنامه‌ێ كوردی به‌ناوی كوردستان له‌ دایك بوو. بارودۆخی پڕ له‌ چه‌وسانه‌وه‌ی ژیانی كوردان به‌جۆرێک بوه‌ كه‌ بوار به ‌گه‌شه‌و هه‌ڵچوونی نه‌درێ و هه‌رده‌م سێبه‌ری تاریكی و زۆرداری وایلێكردوه‌ كه‌ زۆرجار به‌‌ره‌و پاشه‌وه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌. ده‌وڵه‌تانی داگیركه‌ری كوردستان به‌جۆرێك مرخیان له‌ له‌ناوبردن و تواندنه‌وه‌مان خۆشكردبوو كه‌ به‌ ده‌مدروون و ڕێگرتن له‌ به‌كارهێنانی زمان و كه‌لتوری كورده‌واری و به‌رگرتن له‌ هه‌ڵدان و وشیاری بوونه‌وه‌ و خۆناسینه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ده‌یان ویست له‌ ئاكامدا ئاسه‌واری نه‌ته‌وه‌یه‌ك به‌ناوی كورد نه‌مێنێ. هه‌ر ئه‌و زۆرداری و زۆره‌ملیه‌ وایكردوه‌ كه‌ گیانی به‌ره‌نگاری و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ له‌ ناو کوردستانیاندا په‌ره‌بستێنێ و ڕۆڵه‌ی‌ وشیارو روناكبیری وا له‌ ناویدا هه‌ڵكه‌وێ كه‌ بتوانێ مێژوو دروستبكاته‌وه‌ و ئاوی ڕۆباری حه‌زی داگیركه‌ران سه‌ره‌وژور پالبنێته‌وه‌.

له‌ ناو مێژوویی کوردو کوردستاندا كه‌م نین ئه‌و تێكۆشه‌ره‌ نیشتمانپه‌روه‌رانه‌ی‌ كه‌ به‌ شاكارێك یان چه‌ند شاكاریان توانیویانه‌ درگای بوارێك بۆ گه‌شه‌ی نه‌ته‌وه‌و کۆمه‌ڵگاکه‌‌یان بکه‌نه‌وه‌و ببنه ‌خاڵی ده‌ستپێكی سه‌ره‌تایه‌کی مێژوویی و به‌مه‌ش مێداڵیای سه‌رقافڵه‌یی كاروانێكی دورودرێژی گۆڕه‌پانی كوردایه‌تی و نیشتمانپه‌روه‌ری و دارێژه‌ری بیرو هزری گه‌ل ویستی‌یان به‌ به‌رۆکدا کراوه‌. ئه‌گه‌ر شه‌ره‌فخانی بتڵیسی درگای گاڵه‌دراوی مێژووی ئه‌م نه‌ته‌وه‌ خاوه‌ن شارستانیه‌ته‌ كۆنه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین و نیشته‌جێیه‌کانی چیاو لۆنده‌ به‌رزه‌كانی زاگڕۆسی‌ مادستانی خسته‌ سه‌ر گازه‌ره‌ی پشت، ئه‌وه‌ له‌دوای ئه‌ویش هۆنه‌ری مه‌زن خانیی خاوه‌نی هۆنراوه‌ چیرۆكی مه‌م و زین، یه‌كه‌م تروسكایی گه‌رای بیری نه‌ته‌وه‌یی له‌ ناو مێشكی كورداندا چاندو بوه‌ پێشه‌نگی كاروانی هزرڤانانی نه‌ته‌وه‌یی. گه‌ر شه‌ره‌فخان و خانی مه‌زن ڕاسته‌شه‌قامی ناسینه‌وه و ناسنامه‌ی كورده‌واریان بینیبێته‌وه‌ ئه‌وه‌ مێقداد مه‌دحه‌د به‌درخان له‌ ئاواره‌یی و تاراوگه‌وه‌ كه‌ داگیركه‌ران وڵات به‌ده‌ر و په‌رته‌وازه‌یان كردبوو، كوردستانێكی له‌سه‌ر په‌ڕ چێكرد كه‌ زراوی عوسمانیه‌كانی بردوو بوه‌ سه‌ره‌تایه‌كی زێڕین بۆ په‌یڤی كوردی و ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ناوی ڕۆژنامه‌گه‌ر‌یی کوردستانی لێنراوه‌. ناو نانی یه‌که‌م ڕۆژنامه‌ی کوردی به‌ناوی کوردستان ناکرێ سه‌رچاوه‌که‌ بۆ خۆزگه‌ی خاوه‌نی ئه‌و ڕۆژنامه‌یه‌ بۆ دروستکردنی کوردستانێکی سه‌ربه‌خۆ نه‌بینین. ئه‌و خۆزگه‌یه‌ی که‌ هه‌تا ئێستاش خه‌ون و هیوای نه‌ته‌وه‌که‌یه‌تی و هه‌زاران و بگره‌ به‌ملیۆن قوربانی بۆدراوه‌. بێگومان مێقداد به‌‌گ به‌ لێزانیه‌وه‌ وشه‌ی کوردستان که‌ تا نوکه‌ش له‌ باکوری کوردستان به‌ربه‌سته‌و به‌کارهێنای ده‌بێته‌ هۆی سه‌رئێشه‌و ئازارو ئه‌شکه‌نجه‌دان، هه‌ڵبژاردوه‌.

هه‌ڵسه‌نگاندن و شرۆڤه‌کردنی بارودۆخ و ڕه‌هه‌نده‌کانی هه‌نگاوه‌که‌ی مێقداد به‌گ و لێوردبوونه‌وه‌ له‌‌و سه‌ره‌تایه‌ کارێکی به‌جێ و ڕه‌نگه‌ ئه‌رکێکی هه‌نووکه‌یش بێت. به‌‌ڵام له‌وه‌ش دڵنیام کارێکی وا نه‌ ئه‌رک و نه‌ توانای نوسراوه‌یه‌کی کورتی وه‌ک ئه‌م نوسراوه‌‌یه‌ که‌ بۆ یادکرنه‌وه‌ی 107ه‌مین ساڵه‌ی له‌ دایکبوونی یه‌که‌م ڕۆژنامه‌ی کوردی ته‌رخانکراوه‌.

سه‌دوهه‌فته‌مین ساڵی ڕۆژنامه‌گه‌ری کوردی هاوکاته‌ له‌ گه‌ڵ 400ساڵه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ری له‌ جیهاندا. به‌واتایه‌کی دیکه‌ ئه‌مساڵ ڕۆژنامه‌نوسانی جیهان یادی چوارسه‌د ساڵه‌ی ده‌رچونی یه‌که‌م ڕۆژنامه‌ی چاپکراو(ریله‌یشن-Relation) ده‌که‌نه‌وه‌ که‌ بۆ یه‌که‌م جار له‌ لایه‌ن "جۆهان کالۆس"ه‌وه‌ له‌ شاری ستارسبۆرگ و له‌سه‌ده‌ی هه‌ڤده‌دا‌ چاپ و بڵاوکرایه‌وه‌. له‌دایک بوونی ڕۆژنامه‌ی کوردستان یان چێتره‌ بێژین ڕۆژنامه‌گه‌ری کوردی پاش نزیک سێسه‌دساڵ و ئه‌ویش له‌ تاراوگه‌ نه‌ک له‌ کوردستان، بۆخۆی ده‌توانی سه‌ردێڕی باسێکی دورودرێژی پڕ له‌ ڕامان و لێوردبوونه‌وه‌ بێت. که‌واته‌ ئه‌مڕۆ ئێمه‌ یادی سه‌ره‌تایه‌ک ده‌که‌ینه‌وه‌که‌ نزیک 300 ساڵ پاش ده‌ستپێکی ڕۆژنامه‌ نوسی له‌ جیهاندا ده‌ستی پێکردوه‌و بێگومانیش ده‌بێ هه‌ڵسه‌نگاندن و تێڕامانمان له‌سه‌ر ئه‌و بنچینه‌و به‌له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و ڕاستی‌یه‌ بێت.

107 ساڵ له‌مه‌و پێش به‌درخانیه‌كان چرایه‌كیان داگیرسان كه‌ ئێمه‌ ئه‌مڕۆ له‌ به‌ر ڕوناكایی و بڵێسه‌ی دا مێژوویی نه‌ته‌وه‌یه‌كی حاشا لێكراوو ده‌ربه‌درو ئه‌نفالكراو ده‌بینین، نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه‌ ڕوناكایی ئه‌و چرا به‌تینانه‌ی مێژوومان، به‌پێوه‌‌ ڕایگرتوو له‌ كه‌وتن و له‌ناوچوونی پاراست. به‌دوای ئه‌و هه‌وڵه‌ دڵسۆزانه‌یه‌‌ی مێقداد به‌گدا ڕۆژنامه‌نوسیی كوردی كه‌م و زۆر به‌رده‌وام بوه و به‌شێک بوه‌ له‌ خه‌باتی به‌ره‌نگاری‌. هه‌رچه‌ند وه‌ك له‌چاره‌ی كورد وا نوسرابێت كه‌ هه‌میشه‌ ده‌ربه‌در و ئاواره‌ بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ یه‌ک دوو ساڵه‌ نه‌ته‌وه‌که‌مان ئه‌وپه‌نده‌کوردییه‌ی که‌ ده‌ڵێ "هه‌ر ئه‌مساڵ خۆزگه‌م به‌پار"ه‌ی به‌سه‌ردا ناچه‌سپێ و تروسکایی هیوا له‌ ئاسۆی داهاتووی گه‌که‌مان به‌دیی ده‌کرێ، به‌ڵام هێشتا ڕێگای دورو درێژوو پڕ له‌ که‌ندو کۆسپمان له‌پێشه‌و تێکۆشان و ماندوو بوونی تاکه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌مانی له‌جاران زیاتر پێویسته‌. له‌و به‌ستێنه‌دا ڕۆژنامه‌گه‌ری ئه‌رکی له‌ جاران گرانتره‌ و به‌رپرسایه‌تی مێژوویی زێده‌تر ده‌که‌وێته‌ ئه‌ستۆ.

كاروانی په‌یڤ و ڕۆژنامه‌گه‌ری کوردی كه‌وتۆته‌ سه‌ر ڕێچكه‌و ڕێبازی خۆی و گه‌لێك هه‌نگاوی گرنگی بۆ پێشه‌وه‌ ناوه‌. گرنگترین قۆناخه‌كانی ڕۆژنامه‌ گه‌ری كوردی پاش قۆناخی ده‌ستپێك، قۆناخی سه‌رده‌می كۆماری كوردستانه‌ كه‌ چه‌ندین ڕۆژنامه‌ و گۆڤاری جۆراوجۆر له‌ مه‌ڵبه‌ندی كوردستان له‌ ماوه‌ی یانزده مانگ دا بڵاوكرانه‌وه‌. ئه‌م سه‌رده‌مه‌ ده‌كرێ به‌ سه‌رده‌می گڕوگاڵ و پێگرتنی ڕۆژنامه‌ نوسی كوردی دابنێێین.

به‌دوای سه‌رده‌می كۆماری كوردستان سه‌رده‌می شۆڕشی ئه‌یلول و پاش ڕاپه‌ڕینی باشوری كوردستان سه‌رده‌می هه‌ڵدان و داڕشتنه‌وه‌ و خۆناسینی ڕۆژنامه‌نوسی كوردی‌یه‌. له‌ سه‌رده‌می پاش ڕاپه‌ڕین ڕۆژنامه‌ نوسی كوردی هه‌نگاوی مه‌زن و به‌رچاوی نا و له‌ بواره‌كانی نوسین و دیتن و بیستن دا شه‌پۆلی دا و كه‌وته‌ سه‌رپێ. ئه‌گه‌رچی ڕۆژنامه‌نوسی كوردستانی هێشتا وه‌ك ده‌سه‌ڵات و پیشه‌ نه‌یتوانیوه‌ خۆی بناسێنێ و هێشتاش ڕۆژنامه‌ی ڕۆژانه‌ی سه‌ربه‌خۆ له‌ كوردستان نابینرێ و زۆربه‌ی كاناڵ و بوراه‌كانی ڕۆژنامه‌گه‌ری تاپۆی ده‌سه‌ڵات و هێزی سیاسی‌یه‌، به‌ڵام ناتوانین ڕاستی گه‌شه‌ی خێرای ڕۆژنامه‌ نوسی له‌ ماوه‌ی ده‌ دوانزه‌ ساڵی ڕابردوودا نه‌بینین. ئه‌مڕۆ چ له‌ كوردستان و چ له‌ هه‌نده‌ران به‌ده‌یان گۆڤار، ڕۆژنامه‌، كه‌ناڵی ته‌له‌ڤیزیۆنی و ڕادیۆ په‌یڤی كوردی بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌ و زمانی كوردی ده‌وه‌شێنن. ئه‌گه‌ر‌ قه‌ده‌ری مێژوو، نه‌بوونی كیانی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی به‌سه‌ر گه‌لی مه‌دا سه‌پاندوه‌ و له‌پێشكه‌وتن وه‌پاشی خستوین ئه‌وه‌ وشیاری تاكی كورد ئه‌مڕۆ بواری به‌رده‌وامی ئه‌و قه‌ده‌ره‌ به‌ مێژوو نادا و بنیاتنانه‌وه‌ و دروستكردنه‌وه‌ی هه‌یكه‌لی نه‌ته‌وه‌یی كردۆته‌ دروشمی ئه‌مێستایی و ئه‌گه‌ر گژه‌باو گه‌رده‌لوله‌ ترسناكه‌كانی ڕابردوو نه‌یتوانی كاروانی نه‌وه‌ستان و هه‌رمانی نه‌ته‌وه‌ ڕاگرێ، چیدیكه‌ و له‌ مه‌به‌دوا ئه‌م كاروانه‌ به‌ هیچ گێژه‌لوكه‌و سه‌هۆڵبه‌‌دانێك په‌كی ناخرێ.

ڕۆژنامه‌، وه‌ک ده‌سه‌ڵاتی چواره‌م‌ له‌ جیهاندا ناسنامه‌ی خۆی سه‌پاندوه‌و هه‌ندێکجار ڕۆژنامه‌ توانیویه‌تی ده‌سه‌ڵاته‌کانی له‌ژوور خۆیه‌وه‌ به‌چۆکدا بێنێ و یان لانیکه‌م ڕاپێچی لێپرسینه‌وه‌یان بکات. لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئه‌دی ڕۆژنامه‌گه‌ری کوردی ده‌سه‌ڵاتی چه‌نده‌مه‌و تا چ ڕاده‌یه‌ک توانیویه‌تی خۆی بسه‌پێنێ؟ تاچه‌نده‌ توانیویه‌تی بوێرانه‌ ڕاستیه‌کان بێژێ و بابه‌تیانه‌‌ و به‌ڕێزه‌وه ده‌ریان بڕێ؟‌ ئایا ده‌کرێ ئه‌و چاوه‌ڕوانیه‌مان له‌سه‌رجه‌م ڕۆژنامه‌کانی کوردستان هه‌بێ و بێجیاوازی بێژین ئه‌وه‌ی ناوی ڕۆژنامه‌گه‌ری کوردییه‌ نه‌یتوانیوه‌ شوێنی خۆی له‌ جێگای ڕاستینه‌ی خۆی بگرێ؟ له‌ ڕوانگه‌ی منه‌وه‌ ئه‌و پرسیاره‌ له‌ پاش ڕاپه‌ڕینی باشوری کوردستانه‌وه‌ ڕوبه‌ڕوی ڕۆژنامه‌گه‌ری کوردی ده‌بێته‌وه‌. ئه‌وه‌ له‌ لایه‌ک له‌و لای تریشه‌وه‌ له‌بیرمان نه‌چێ که‌ ڕۆژنامه‌گه‌ری کوردی ڕۆژنامه‌گه‌رییه‌ک بووه‌‌ وێڕای بواره‌کانی دیکه‌ی خه‌بات له‌ سه‌نگه‌ری به‌رگری و پاراستنی نه‌ته‌وه‌شدا بوه‌. ڕۆژنامه‌گه‌ری کوردیی پێش ڕاپه‌ڕین هه‌ر له‌ له‌دایکبوونیه‌وه‌ به‌ به‌ربه‌ستکراوی هاته‌ جیهانی بوونه‌وه‌.

ئه‌گه‌ر له‌ ڕۆژگاری ئه‌مڕۆدا بمانه‌وێ ڕۆژنامه‌گه‌ری کوردی بخه‌ینه‌ ژێر پرسیاره‌وه‌ سه‌ره‌تا ده‌بێ پۆلینی شوێن و دوخی ڕۆژنامه‌کان بکه‌ین و ئه‌وجا لێان ڕابمێنین و چاوه‌ڕوانیه‌کانمان بخه‌ینه‌ڕو. به‌ دیتنی من ده‌کرێ ڕۆژنامه‌گه‌ری ئه‌مڕۆی کوردی به‌سێ شوێن و سێ دۆخی لێکجیا دابه‌ش بکرێ. یه‌كه‌م ئه‌و ڕۆژنامه‌و ده‌زگا ڕاگه‌یاندنانه‌ی که‌ له‌ باشوری کوردستان هه‌ن و له‌ دۆخێکی ئازاد و له‌ ژێر سێبه‌ری ده‌سه‌ڵاتی کوردییدا ده‌رده‌چن. دوهه‌م ئه‌و ڕۆژنامه‌و ده‌زگایانه‌ی که‌ له‌ پارچه‌ داگیرکراواه‌کانی کوردستان و له‌ژێر سێبه‌ری ده‌سه‌ڵاتی داگیرکه‌ردا و له‌ دۆخێکی پڕ مه‌ترسی و له‌ژێر سێبه‌ری ترس و تۆقاندندا خه‌باتی خۆیان ده‌مه‌شێنن. سێهه‌م ڕۆژنامه‌گه‌ری و مێدیای ئینته‌رنێتی که‌ زیاتر له‌ ده‌ره‌وه‌ی وه‌ڵات ده‌رده‌چن و‌ ئازادیی و ده‌ست ئاواڵه‌ییه‌کی زێده‌تریان هه‌یه‌.

ڕۆژنامه‌گه‌ری کوردی له‌ باشوری کوردستان گه‌شه‌ی به‌رچاوی له‌ ڕووی چه‌ندییه‌تی و چۆنیه‌تیه‌وه به‌خۆیه‌وه‌ دیوه‌. له‌ هه‌موو بواره‌کانی بینین وبیستن و چاپکراودا گه‌شه‌و هه‌ڵدانێکی دیار ده‌بینرێ. به‌‌ڵام ئه‌وه‌ی تا ئێستاش ڕۆژنامه‌گه‌ری ئه‌و به‌شه‌ ئازاده‌ی کوردستان نه‌یتوانیوه‌ خۆی لێ ده‌رباز بکات به‌ستراوه‌یی به‌ده‌سه‌ڵات و حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کانه‌. یان باشتره‌ بێژم ڕۆژنامه‌گه‌ری باشور هێشتا ڕۆژنامه‌گه‌ری حزبیه‌و به‌رگری له‌ده‌سه‌ڵات ده‌کات و پێیدا هه‌ڵده‌ڵێ. ئه‌وه‌ی که‌ گوایا خۆی به‌سه‌ربه‌خۆ و "ئه‌هلی"ش داده‌نێ یا هه‌ر له‌بنچینه‌دا سه‌ربه‌خۆ نیه‌و حزب یان ده‌سه‌ڵاتێکی له‌پشته‌وه‌یه‌ یانیش ئه‌و ئازادییه‌ی نیه‌ که‌ بتوانێ ڕاستیه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگا بوروژێنێ و له‌ ده‌سه‌ڵات بپێچێته‌وه‌. ڕاستیه‌کی دیکه‌ش ئه‌وه‌یه‌ که‌ ڕۆژنامه‌نوسی وا که‌ به‌خۆیدا بپه‌رموێ و سنگ بێنێته‌ پێشه‌وه‌‌مان که‌مه‌ یان هه‌ر نیمانه‌.‌ که‌من ئه‌‌وانه‌ی‌ بتوانن بوێرانه‌ ده‌ست بۆ هه‌ندێک بڤه‌ ببه‌ن و به‌گژ هه‌ندێک دیارده‌دا بچنه‌وه‌ که‌ کۆمه‌ڵگایان به‌ره‌و داڕزان بردوه‌. له‌به‌رامبه‌ردا ڕۆژنامه‌ نوسی پێداهه‌ڵده‌رو داپۆشه‌رو پینه‌که‌ر زۆرن که‌ ده‌یانه‌وێ بۆ پاراستنی دۆخی تایبه‌تی خۆیان ڕه‌شاییه‌کان به‌سپی نیشانی خه‌ڵک بده‌ن. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و ڕاستیانه‌شدا‌ ده‌بێ بگوترێ باری ناجێگیری کوردستان و کێشه‌ی بژیوی وای کردوه‌ که‌ ڕۆژنامه‌نوس ده‌سنده‌خۆری ده‌سه‌ڵات بێت. له‌ دۆخێکی له‌و جۆره‌دا ئاسته‌مه‌ ڕۆژنامه‌‌گه‌ری خۆی وه‌ک ده‌سه‌ڵات و ئه‌ویش ده‌سه‌ڵاتی چواره‌م بسه‌پێنێ. پێشڤه‌چونه‌کانی ئه‌مبه‌شه‌ی کوردستان و یه‌کگرتنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کوردی و جێگیربوونی دۆخی ژیان له‌کوردستان له‌وانه‌ش گرنگتر داڕشتن و چه‌سپاندنی یاسایه‌کی دیموکراتیانه‌ بۆ ڕۆژنامه‌ وکاری ڕۆژنامه‌گه‌ری ده‌توانێ پاڵنه‌رێکی مکور بێت بۆ ده‌ست ئاواڵه‌یی ڕۆژنامه‌نوسی کورد و سه‌ره‌نجام بازدان له‌ کۆناخی ده‌سته‌مۆیی و ده‌سنده‌خۆری بۆ کۆناخی سه‌ربه‌خۆیی و ئه‌رک وه‌خۆگری.

ڕۆژنامه‌گه‌ری ژێر سێبه‌ری ده‌سه‌ڵاتی داگیرکه‌ران دۆخێکی به‌ته‌واوی جیای هه‌یه‌. ئه‌و ڕۆژنامه‌نوسانه‌ی بیانهه‌وێ ئه‌رکی ڕۆژنامه‌گه‌ریان جێبه‌جێ بکه‌ن و بوێرانه‌ له‌ کێشه‌و که‌موو کوڕیه‌کان بدوێن و ڕاستیه‌کان بۆ خوێنه‌ران ده‌ربڕن، ئه‌وه‌ یاری به‌ ئاورده‌که‌ن و هه‌ر جۆره‌ ده‌ستپێشخه‌ریه‌ک له‌و وروژاندنی کێشه‌ سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان ده‌توانێ توشی چاره‌نوسی نادیارو ترۆرو تۆقاندن و گرتنیا بکاته‌وه‌. له‌ چه‌ند ساڵی ڕابردوو دا که‌م نین ئه‌و ڕۆژنامه‌نوس و نوسه‌رانه‌ی ڕاپێچی به‌رده‌می دادگا و ناو چاڵه‌ڕه‌شه‌کانی داگیرکه‌ران کراون و به‌تایبه‌ت به‌ تاوانی وروژاندنی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی و جیاخوازی و خستنه‌ مه‌ترسی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی وه‌ڵات! توشی ئازار هاتوون. له‌ دۆخێکی ئاوادا ڕۆژنامه‌نوس به‌تایبه‌ت ئه‌‌وانه‌ی که‌ له‌ دۆخی به‌رگری له‌ توانه‌وه‌و له‌ناوچونی نه‌ته‌وه‌دا خۆیان ببیننه‌وه‌ ده‌بێ خۆیان سانسۆر بکه‌ن و به‌شێوازی ناڕاسته‌وخۆو هێمادار له‌گه‌ڵ خوێنه‌ر بدوێن و ئه‌وانه‌ش که‌ ڕۆژنامه‌نوسی سه‌رکزکه‌ر و خۆپارێزن ملی ڕێی بێده‌نگی هه‌ڵده‌بژێرن و ده‌مبێن له‌سه‌ر ده‌م و پێنوسیان داده‌دنێن. لێره‌ ڕۆژنامه‌نوسی کورد له‌به‌ر نه‌بوونی ئازادی بۆخۆی له‌بن پێی ده‌سه‌ڵاتدا پلیشاوه‌ته‌وه‌، که‌واته‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ی که‌ ڕۆژنامه‌نوسی کورد بتوانێ ببێته‌ ڕکابه‌ری ده‌سه‌ڵات و ڕاشکاونه‌ وروژێنه‌ری خواسته‌کانی جه‌ماوه‌رو نیشانده‌ری ڕاستیه‌کان بێت، چاوه‌ڕوانیه‌كی له‌‌ جێی خۆیدا نیه‌.

به‌شی سێهه‌م هه‌روه‌ک گوترا ڕۆژنامه‌نوسی ئینته‌رنێتی‌یه. ‌وه‌ک چۆن ڕۆژنامه‌ی چاپکراو دره‌نگ وه‌خت له‌ کوردستان سه‌ری هه‌ڵدا، ڕۆژنامه‌ی ئینترنێتیش دره‌نگ گه‌یشته‌ لای ئێمه‌ی کوردو یان دره‌نگ ده‌رفه‌تی که‌ڵک لێوه‌رگرتنیمان بۆ ڕه‌خسا. ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ نوکه‌ چه‌ندین سایتی کوردی به‌ هه‌ردوو زاراوه‌ی کرمانجی ژوورو و کرمانجی نێوه‌ڕاستن که‌ ڕۆژانه ‌یان هه‌فتانه‌ نوێده‌کرێنه‌وه‌ و زۆرتر بابه‌تی سیاسی و هزری و که‌متر کۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌ده‌بییان تێدا ده‌وه‌شێنرێ. سه‌ره‌ڕای بوونی ئازادی و ده‌ست ئاواڵه‌یی نوسه‌رانی ئه‌و سایتانه‌ به‌داخه‌وه‌ به‌ڕاده‌یه‌کی که‌م توانیویانه‌ وڵامده‌ری پێداویستیه‌کانی ئه‌مڕۆی ڕۆژنامه‌ڤانی کوردی بن. بێگومان له‌ ناو سایته‌کاندا(باسه‌که‌ سایته‌ حزبیه‌کان ناگرێته‌وه چونکه‌ له‌ده‌ره‌وه‌و له‌ناوه‌وه‌ ئه‌وان هه‌ر پێدا هه‌ڵده‌رو داکۆکیکاری سیاسه‌تی حزبه‌که‌یانن‌) هه‌ندێکیان پابه‌ندی پڕنسیپه‌کانی ڕۆژنامه‌وانین و هه‌وڵێکی هێژا ده‌ده‌ن بۆ پێشڤه‌چوون و داهێنانی نوێ به‌ڵام هه‌ندێکی دیکه‌یان‌‌ به‌تاڵن له‌ پابه‌ندی به‌ پڕنسیپی ڕۆژنامه‌گه‌ری. هه‌ندێک له‌و سایتانه‌ بێگوێدانه‌ پڕنسیپه‌کانی ڕۆژنامه‌ڤانی هه‌ر بابه‌تێک یان هه‌واڵێک بۆیان ڕه‌وانه‌ بکرێ بڵاوی ده‌که‌نه‌وه بێئه‌وه‌ی له‌ ڕاستی و ناڕاستیه‌که‌ی بکۆڵنه‌وه‌‌. یه‌کێک له‌ودیاردانه‌ی که‌ زۆر جار کۆڵمه‌زی لێچێده‌بێ ئه‌وه‌یه‌ نوسه‌رێک به‌چه‌ند ناو بابه‌ت بڵاو ده‌کاته‌وه‌و خاوه‌نی سایتیش نازانێ کێیه‌و یانیش خۆی لێ بێخاوه‌نده‌کات، یانیش چه‌ند که‌س به‌هه‌مان ناو بابه‌ت بڵاوده‌که‌نه‌وه‌ و خاوه‌نی سایتیش بۆی گرنگ نیه‌. دیارده‌یه‌کی دیکه‌ له‌ ناو سایته‌کوردییه‌کاندا لابردن و سڕینه‌وه‌ی بابه‌ته‌ له‌ پاش ئه‌وه‌ی بڵاویان کرده‌و‌‌ه. هۆکاریش بۆ ئه‌مه‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌مان بابه‌ت له‌ سایتێکی دیکه‌دا، ناڕاستی نوسراوه‌که‌، ڕێکه‌وتن له‌گه‌ڵ که‌س یان سایتێکی دیکه له‌سه‌ر سڕینه‌وه‌ی بابه‌تێک‌و گه‌لێک هۆی دیکه‌. له‌ ڕوانگه‌ی منه‌وه‌ بابه‌تێک که‌ وه‌شێنرا به‌مانای ئه‌وه‌یه‌ چاپکراوه‌و خوێنه‌ره‌وه‌ بینیویه‌تی و خوێندویه‌تیه‌وه‌ و سڕینه‌وه‌ی وه‌کو ئه‌وه‌وایه‌ بچی له‌بازاڕ لاپه‌ڕه‌ی ڕۆژنامه‌یه‌ک کۆبکه‌یته‌وه‌!. کۆسپێکی گه‌وره‌ی نوسه‌رانی سایته‌کان(ئه‌وانه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی کوردستانن) ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی ڕاستینه‌ی ڕوداوه‌کانن و خۆیان بیسه‌رو بینه‌ری ڕوداوو پێشهاته‌کان نین و ده‌نگی جه‌ماوه‌ریان ڕاسته‌وخۆ به‌رگوێ ناکه‌وێ ئه‌مه‌ش بێگومان کاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر نوسه‌رو ڕۆژنامه‌نوسان داده‌نێ. به‌کورتی ڕۆژنامه‌گه‌ری ئینترنێتی خه‌ریکه‌ جێده‌که‌وێ و سه‌نگوو گرانایی خۆی به‌دیار ده‌خات.

له‌سه‌ریه‌ک، ڕۆژنامه‌گه‌ری کوردی پێناوه‌ته‌ سه‌ره‌تای سه‌رده‌م و قۆناخێکی نوێ. گه‌رچی 107ساڵ به‌سه‌ر ته‌مه‌نی ڕۆژنامه‌گه‌ری کوردیدا تێپه‌ڕیوه‌ به‌ڵام هێشتا زۆر له‌ دواین و له‌بیرمان نه‌چی که‌ سێسه‌د ساڵ پاش ڕۆژنامه‌گه‌ری جیهان کورد پێناوه‌ته‌ ئه‌م بواره‌وه‌. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش دۆخی ژێرده‌سته‌‌یی و داگیرکاری له‌ کوردستان و نه‌بوونی ده‌سه‌ڵات و کیانی نه‌‌ته‌وه‌یی و سه‌ره‌نجام بێبه‌ش بوون له‌ واڵایی ئازاد و دیموکراتیانه‌، هۆکاری سه‌ره‌کی و بناخه‌یین بۆ نه‌که‌وتنه‌ سه‌ر ڕێچکه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ری کوردی. له‌قۆناخی ئه‌مڕۆدا ڕۆژنامه‌گه‌ری کوردی له‌ چه‌ند به‌ره‌دا ده‌بێ ئه‌سپی خۆی لینگبدا. له‌ لایه‌که‌وه‌ وه‌کو ئه‌رکی نه‌ته‌وه‌یی به‌پێی ئه‌و بارودۆخه‌ی نه‌ته‌وه‌که‌مانی تێدایه‌ گه‌ره‌که‌ پابه‌ندی پاراستنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ته‌وه‌ بێت و وشیاری نه‌ته‌وه‌یی بڵاوبکاته‌وه‌ و دڵسۆزانه‌ هه‌وڵی پاراستن و گه‌شه‌پێدانی زمانی کوردی بدات و به‌په‌ره‌ۆشه‌وه‌ ناسنامه‌ی کورده‌واری و کوردستانی خۆی بپارێزێ و له‌و لایدیکه‌شه‌وه‌ بوێرانه‌و ڕاشکاونه‌ که‌موو کوڕی و ڕاستیه‌کانی ئه‌ودیو دیواره‌ داخراوه‌کان بۆ خه‌ڵک ده‌ربخات و هه‌ڵه‌و په‌ڵه‌ی‌ ده‌سه‌ڵات نیشانبدات و بابه‌تیانه‌ به‌گژ چه‌وتی و چه‌وێڵیه‌کاندا بچێته‌وه‌. هه‌روه‌ها له‌ بواری ڕۆژنامه‌گه‌ریش هه‌روه‌کوو گشت بواره‌کانی دیکه‌ ڕۆژنامه‌گه‌ری کوردی له‌ باشور ئه‌رکی بیناکردنه‌وه‌و پێشڕه‌وایه‌تی و ڕچه‌شکێنی که‌وتۆته‌ ئه‌ستۆو.

له‌ کۆتایی دا له‌ 107ه‌مین ساڵڕۆژی ده‌رچونی یه‌كه‌م ژماره‌ی ڕۆژنامه‌ی كوردستان هه‌زاران سڵاوی ئه‌مگداری و خۆشه‌ویستی بۆ مێقداد مه‌دحه‌‌د به‌درخانی داهێنه‌رو دروستکه‌رو بناخه‌دانه‌ری ڕۆژنامه‌گه‌ری کوردی.
تێبینی: ئه‌م بابه‌ته‌ جاری یه‌که‌م له‌ دێمانه‌ بڵاوکراوه‌ته‌وه‌

Sunday, April 10, 2005

هه‌ڵبژێرانی یه‌که‌م کورد بۆ سه‌رۆکایه‌تی کۆماری ئێراق

هه‌ڵبژێرانی یه‌که‌م کورد بۆ سه‌رۆکایه‌تی کۆماری ئێراق

دوای نزیک به‌ دووساڵ له‌ ڕوخانی ڕژیمی دیکتاتۆری به‌عسی ئێراق و پاش زیاتر له‌ دو مانگ له‌ یه‌که‌م هه‌ڵبژاردنی مه‌یله‌و ئازاد له‌ ئێراقی پاش سه‌دام حسێن، ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ 17ی خاکه‌لێوه‌ی2705 به‌رامبه‌ر به‌ 6ی ئه‌پریلی 2005ی زایینی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی ئێراق به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ(228 ده‌نگ له‌ کۆی275 ده‌نگ) جه‌لال تاڵه‌بانی وه‌ک سه‌رۆک کۆماری ئێراق هه‌ڵبژارد. ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی تاڵه‌بانی له‌ ئه‌نجامی پێداگری فراکسیونی کورده‌کان له‌ پارلمانی ئێراق که‌ له‌ ڕووی هێزه‌وه‌ دووهه‌من پاش شیعه‌کان و له‌ سه‌ر بنچینه‌ی ڕێککه‌وتنی هه‌ردوو لیستی براوه‌ی کوردو شیعه‌ هاته‌ دی. دیاره‌ پێشتر سه‌رکردایه‌تی سیاسی باشوری کوردستان له‌سه‌ر پاڵاوتنی به‌ڕێز تاڵه‌بانی وه‌ک پاڵێوراوی کورد بۆ یه‌کێک له‌ دو پۆسته‌ گرنگه‌که‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئێراق له‌ کۆبوونه‌وه‌ی 3ی فێبریوه‌ری 2005ی زاینی له‌ هاوینه‌ هه‌واری سه‌لاحه‌دین ڕێک که‌وتبوون.‌ هه‌ڵبژاردنی تاڵه‌بانی سه‌ره‌تای دنه‌دانی گۆڕانێکی هه‌ڵته‌کێنه‌رو گرنگی هزری شۆڤێنیانه‌ی عروبه‌ی ناو جوگرافیای ناولێنراو به‌ ئێراقه‌و سه‌رکه‌وتنێکی مێژووییشه‌ بۆ بزوتنه‌وه‌ی ڕه‌واو مافخوازانه‌ی گه‌له‌که‌مان له‌ ڕوژهه‌ڵاتی ناڤیندا.

هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆک کۆمارێکی کورد له‌ وڵاتێکی وه‌ک ئێراق له‌ ڕۆژگارێکی وه‌ک ئه‌مڕۆدا بۆ کورد و دۆست و دوژمنی نه‌ته‌وه‌ی ئێمه‌ جێی ڕامان و هه‌ڵوێسته‌و لێوردبوونه‌وه‌یه‌. ئێراقێک که‌ له‌سه‌ر بنچینه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی و له‌ژێر تۆپزی و پاڵه‌په‌ستۆی ده‌‌سه‌ڵاته‌ کۆلۆنیالیسته‌کانی به‌ر له‌ هه‌شتا ساڵ له‌وه‌وپێش به‌ لکاندنی به‌شێکی خاکی کوردستانیش پێیه‌وه‌، هاته‌ دروست کردن. له‌و کاته‌وه‌ کورد نه‌ک هه‌ر خۆشی تێدا نه‌دیوو هیچ ماف و ئازادیه‌کی پێ ڕه‌وا نه‌بینرا‌ ته‌نانه‌ت سه‌روه‌ری و که‌رامه‌تیشی پێشێلکرا، له‌وه‌ش زیاتر هه‌وڵی توانه‌وه‌ و سڕینه‌وه‌ی له‌سه‌ر گۆی زه‌وی به‌ خورتی و پیلانی شۆڤێنیانه‌ جێبه‌جێ ده‌کرا. هه‌ر له‌ده‌ستپێکه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتێکی ناوه‌ندیی که‌ که‌مایه‌تیه‌کی بچوکی سوننه‌ باڵی به‌سه‌ریداکێشابوو به‌شێوه‌یه‌کی چه‌وسێنه‌رانه‌ نه‌ته‌وه‌و پێکهاته‌کانی ناو ئه‌و جوگرافیا ده‌ستکرده‌یان ده‌چه‌وسانده‌وه‌. به‌تایبه‌ت له‌ په‌نجا ساڵ له‌وه‌وپێشه‌وه‌ ئه‌م پیلان و خولیا داگیرکه‌رانه‌و شۆڤێنیانه‌ به‌ مکوری که‌وته‌ واری جێبه‌جێکردنه‌وه‌.

ئه‌مڕۆ پاش ئه‌و مێژووه‌ پڕ له‌ چه‌وسانه‌وه‌ و مه‌ینه‌تیه‌ و به‌دوای ئه‌وه‌ی که‌ گورزێکی جیهانی له‌و قه‌واره‌ دێزه‌‌ شۆڤێنی و دیکتاتۆڕه‌ ڕه‌شه‌ وه‌شێنراو له‌ بنچینه‌وه‌ ئه‌وه‌ی ناوی ئێراق و سه‌روه‌ری بوو هه‌ڵته‌کێنرا، جارێکی دیکه‌ ده‌خوازرێ ئه‌م وڵاته‌ له‌سه‌ر بنچینه‌و بنه‌مایه‌کی نوێ چێبکرێته‌وه‌. ئه‌مه‌ له‌کاتێکدایه‌ که‌ باشوری کوردستانی لکێنراو به‌ ئێراقه‌وه‌ ماوه‌ی سێزده‌ ساڵه‌ خاوه‌نی نیمچه‌ سه‌ربه‌خۆییه‌که‌و ده‌سه‌ڵات و پارلمان و ئاڵای خۆی هه‌یه‌و له‌ هه‌موو ڕووییه‌که‌وه‌ له‌ ئێراق جیایه‌و که‌مترین وێکچوونیان هه‌یه‌. مه‌رجی ده‌ستپێکی چێبوونه‌وه‌ی ئه‌و ئێراقه‌ش‌ به‌شداری کورده‌ تێیدا.

دروستکردنی کیان و ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی ئامانجی سه‌ره‌کی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازو نه‌ته‌وه‌یی کورد بوه‌و ئه‌مڕۆ له‌ هه‌موو کاتێک زیاتر هزری نه‌ته‌وه‌یی گه‌شه‌ی سه‌ندوه‌و ئه‌و ڕاستیه‌ی که‌ تاکه‌ زامنی پاراستنی ماف و ئازادییه‌کانی کوردان و گه‌شه‌کردنی کۆمه‌ڵگای کوردستان له‌ دروستکردنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ییدایه،‌ وه‌ک ڕۆژی روناک دیاره‌و هه‌تا ئه‌و ڕۆژه‌ش دێ کورد ناتوانێ له‌ داهاتووی ئاسوده‌یی خۆی دڵنیا بێت و له‌ تێکۆشان بۆ گه‌یشتن به‌ سه‌ربه‌خۆیی واز ناهێنێ. بۆیه‌ش پێش هه‌موو شتێک درانی پله‌ی سه‌رۆک کۆماری به‌ کورد له‌ ئه‌نجامی مشتومڕێکی زۆر و پێداگری فره‌ی نوێنه‌رایه‌تی کوردی له‌ به‌غا، ده‌توانرێ له‌خزمه‌تی گه‌یشتن به‌و مه‌به‌سته‌وه‌ دابنرێ. به‌واتایه‌کی دیکه‌ ئه‌و سه‌رکه‌وتنه‌ ده‌بێ کوردان چ له‌ باشورو چ له‌ به‌شه‌کانی دیکه‌ی داگیرکراوی کوردستان زیاتر مکور بکات که‌ وه‌ده‌ست هێنانی ئامانجی سه‌ره‌کی نه‌ته‌وه‌ییمان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی زۆری نه‌ماوه‌ پێویستی به‌ تێکۆشانی ژیرانه‌و یه‌کگرتوانه‌ی زیاتر هه‌یه‌‌.

هه‌ڵبژاردنی سیاسه‌تڤانێکی کۆنه‌کاری کورد که‌ نزیک په‌نجاساڵه‌ له‌دژی ڕژیمی فه‌رمانڕه‌وای ئێراق له‌ شه‌ڕدایه‌و یه‌کێک له‌ گرنگترین ئامانجه‌کانی مافی دیاریکردنی چاره‌نوس بووه‌ چ ده‌گه‌یه‌نێ و مانای چیه‌؟ ئایا کورد به‌م ده‌سکه‌وته‌ ڕواڵه‌تیه‌ ده‌بێته‌وه‌ ئێراقی و واز له‌ هزری سه‌ربه‌خۆیی خوازی ده‌هێنێ؟ پێشه‌کی ده‌بێ بێژم که‌ کورد هه‌روه‌ک ئێراقی نه‌بووه‌ له‌مه‌ به‌دواش نابێت. کورد خاوه‌نی وڵاتی خۆیه‌تی و خه‌ڵکی وڵاتی خۆی ده‌مێنێته‌وه‌ و به‌ به‌شداری له‌ سترۆکتۆری ده‌سه‌ڵات له‌ یه‌کێک له‌و وڵاتانه‌ که‌ به‌زۆر خراوه‌ته‌ پاڵی ناسنامه‌ی ڕاستینه‌ی نه‌ک ون ناکات به‌ڵکو له‌و دۆخه‌ بۆ تۆخکردنه‌و‌ه‌ی کوردستانیبوونی که‌ڵک وه‌رده‌گرێ و خه‌بات بۆ سه‌ربه‌خۆییش به‌گوڕتر له‌ پێشوو ده‌دۆمێ.

ده‌کرێ بێژین دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵات له ئێراقی ئه‌مڕۆدا له به‌ینی پێکهاته‌ ئاڵۆزه نه‌ته‌وه‌یی و ئاینییه‌کانی ئه‌و وڵاته‌دا تاڕاده‌یه‌ک کۆتایی به ناوه‌ندیه‌تی ده‌سه‌ڵاتی یه‌کپارچه ده‌هێنێ که نزیک به هه‌شتا ساڵه‌ کورد و عه‌ره‌بی شیعه‌ی به توندترین شێوه خستبووه‌ په‌راوێزه‌وه و ده‌رفه‌ت و مه‌ودایه‌کی نوێی له‌و ئێراقه‌دا هێناوه‌ته‌دی که‌ هه‌شتا ساڵ له‌وه‌وپێش به‌ تۆپزی باشوری کوردستانی پێوه‌ لکێنرا. ئه‌و ده‌رفه‌ت و مه‌ودایه‌ی که‌ وڵاتی ئێراق له‌ لایه‌ن ته‌نیا که‌مایه‌تیه‌که‌وه‌ به‌ڕێوه‌ نه‌چێ و به‌ڵکو تا ئه‌و ڕۆژه‌ی به‌شێوه‌ی ئاره‌زومه‌ندانه‌ پێکه‌وه‌ییان هه‌ڵبژاردوه‌و بڕیاری جیا بوونه‌وه‌ نه‌دراوه،‌ پێکه‌وه‌ له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌بی ئێراق و ئه‌وانی دیکه‌ به‌ هاوبه‌شی و یه‌کسانی له‌ به‌ڕێوه‌بردنی ده‌سه‌ڵاتدا پشکدار بن. ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ له‌ ڕاستیدا ده‌کرێ وه‌ک ده‌ستپێکی گۆڕکردنی هه‌میشه‌‌یی هزری شۆڤێنیانه‌ی عاره‌بی بێت. هه‌ر له‌و کاته‌شدا ئه‌و ڕاستیه‌ی زیاتر سه‌لماند که‌ نه‌ته‌وه‌ی کورد نه‌ک هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌کی کاریگه‌رو به‌هێزه بۆ گۆڕانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین، به‌ڵکوو ئه‌م نه‌ته‌وه‌ داینه‌مۆی ئه‌م گۆڕانه‌شه‌. گۆڕان و هه‌ڵته‌کاندنی سیسته‌مه‌ دیکتاتۆڕه‌و تۆتالیتێره‌کان که‌ ساڵانێکی دورودرێژه‌ له‌سه‌ر سنگی نه‌ته‌وه‌ چه‌وساوه‌کان و گه‌لانی له‌ ئازادی بێبه‌ش سینگیان داکوتاوه‌. هه‌ر بۆیه‌شه‌ ئاساییه‌ که‌ وڵاتانی درواسێ و دیکتاتۆڕه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین به‌ ئه‌سپایی و به‌ترسه‌وه‌ له‌و هه‌نگاو و پێشکه‌وتنانه‌ بڕوانن که‌ ئه‌مڕۆ له‌ ئێراق بوونه‌ ڕاستی و هیچ هێزێک ناتوانێ به‌ری پێبگرێ.

لێره‌وه‌ وه‌ک ده‌ستپێکی ڕوانین ده‌توانیین بێژین که‌ هه‌ڵبژێرانی تێکۆشه‌رێکی کورد بۆ سه‌رۆک کۆماری له‌ ئێراق گه‌لێک په‌یامی پێیه‌. هه‌روه‌ک له‌ پێشه‌وه‌ گوتم گۆڕکردنی شۆڤێنیه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی تاک نه‌ته‌وه‌یی ماڵئاوایی کردو به‌سه‌رچوو. له‌و شوێنانه‌ی هێشا حاشا له‌ بوونی کورد ده‌کرێ، هێشتا به‌ ده‌یان فێڵ و ده‌هۆی بێجێ ڕێ له‌ ئازادی و گه‌یشتن به‌‌مافه‌کانی ده‌گیرێ، ڕێ له‌ به‌شداری له‌ ده‌سه‌ڵات و حکومداری و فه‌رمانڕه‌وایی ده‌گیرێ ئیتر باوی نه‌ماو ئه‌و فێڵ و شێرو ڕێوی هێنانه‌وه‌یه‌ له‌ لایه‌ن داگیرکه‌رانه‌وه‌ له‌ هیچ کۆڕو کۆمه‌ڵێک به‌ پولێک ناکڕدرێ. په‌یڤین له‌سه‌ر کورد و ناوهێنانی کورد و دانیشتن له‌گه‌ڵ کورد ئیتر به‌و فۆڕم و شێوه‌ نزمه‌ی به‌ر له‌ چه‌ند ساڵ که‌ مێژویه‌کی دورودرێژه‌ به‌رده‌وامه،‌ کۆتایی هات. ئه‌و ڕاستیانه‌ی که‌ پێشتر به‌ڕاستی نه‌گۆڕ داده‌نران وه‌ک‌ سنوره‌ ده‌ستکرده‌کان، بێبه‌شی و چاوله‌ ده‌ستی کوردو به‌ خه‌ون زانینی سه‌رۆک کۆمار بوونی کوردێک ئه‌مڕۆ چیدیکه‌ به‌ ڕاستی نه‌گۆڕ ناژمێردرێن و گۆڕاوو هه‌ڵته‌کاون. ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ی که‌ پێیوابوو دیموکراتیزه‌کردنی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست له‌ خه‌ونێک زیاتر نیه‌ به‌ره‌و به‌ ڕاستیی بوون ده‌چێت. کلیلی به‌ دیموکراسی بوونی ڕۆژهه‌ڵات چاره‌سه‌ری پرسی کورده‌ به‌شێوه‌یه‌کی ڕه‌واو به‌وشێوه‌ی بۆخۆی خوازیاریه‌تی. ئه‌مڕۆ ده‌بینین سه‌ره‌تای چاره‌یه‌کی دادپه‌روه‌رانه‌ له‌ باشور به‌ڕێوه‌یه‌ و به‌سه‌رۆک کۆمار بوونی تاڵه‌بانیش ئه‌و ده‌ستپێکه‌یه‌.

ڕاسته‌ که‌ ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆک کۆمار ده‌سه‌ڵاتێکی سنورداره‌و به‌سه‌رۆک کۆمار بوونیش له‌ ئێراق ئامانجی بزاڤی ڕزگاری خوازی کورد نیه‌. به‌ڵام ئه‌م گۆڕانه‌ که‌ پاش سه‌دان ساڵ کوردێک ده‌بێته‌ سه‌رۆک کۆمار له‌ لایه‌ک سه‌نگ و قورسایی کورد بۆ گۆڕانی بنه‌ڕه‌تی له‌ سترۆکتۆری ده‌سه‌ڵات له‌ ناوچه‌که‌دا ‌ده‌رده‌خات و له‌ لایه‌کی دیکه‌شه‌وه‌ ئه‌و ته‌وقه‌ شکێنرا که‌ ڕێی له‌ به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی کورد ده‌گرت. له‌وه‌ش زیاتر ئه‌وده‌سکه‌وته‌ ده‌کرێ ببێته‌ ئامرازێکی ڕێخۆشکه‌ر که‌ کورد له‌ باشوری کوردستان به‌ هه‌موو ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌یی و سیاسیه‌کانی بگات و مافی ڕه‌وای دیاریکردنی چاره‌نوسی بسه‌لمێنرێ و سه‌روه‌ری سیاسی خۆی وه‌ده‌ست بهێنێ. وه‌ده‌ست هێنانی ئه‌و سه‌روه‌ری سیاسیه‌ی که‌ ئه‌مڕۆ له‌ باشور به‌ جێگیرکردنی فێدرالیزم له‌ ئێراق و ڕاستکردنه‌وه‌ی دیموگرافیاو جوگرافیای کوردستان‌و هاوبه‌شی کردنی به‌شێوه‌ی یه‌کسان وه‌ک دوو نه‌ته‌وه‌ له‌ ئێراق ناوکی بڕاوه.‌ هه‌ربۆیه‌ش ده‌کرێ بڵێین به‌شداریی کورد له ناوه‌ندی ده‌سه‌ڵات له عێراقدا به‌و قورساییه‌ی که‌ هه‌یه‌تی به‌شێک له‌و مافه دیموکراتیکه‌یه که‌ ده‌بێ هه‌ی بێت. کورد ئه‌مڕۆ به‌شێکه له ستروکتوری ده‌سه‌ڵات له عێراقدا، به‌و پێ و دانگه‌ش هیچ کێشه‌یه‌ک‌ له‌ عێراق به بێ به‌شداریی کورد چاره‌سه‌ر ناکرێت.

ئه‌م هێزو توانایه‌ی نه‌ته‌وه‌که‌مان له‌ باشور و ئه‌و ده‌رفه‌ته له‌باره‌ مێژووییه‌ی که له‌و به‌شه‌ی کوردستان هاتۆته پێش بێگومان کارتێکه‌ری له‌سه‌ر خه‌بات و داخوازی پارچه‌کانی تری کوردستان ده‌بێ‌و ته‌نانه‌ت کار ده‌کاته سه‌ر هه‌ڵسوکه‌وت و هه‌ڵوێستی ئه‌و وڵاتانه‌ش که کوردستانیان به‌سه‌ردا دابه‌شکراوه. به‌جۆرێک که‌ له‌لایه‌ک بزوتنه‌وه‌ی دیموکراسیخوازی و نه‌ته‌وه‌یی کوردان له به‌شه‌ داگیرکراوه‌کانی کوردستاندا زیاترو زیاتر په‌ره‌ده‌گرن و خۆ بۆ گۆڕانه‌کان ئاماده‌ده‌که‌ن و تاڕاده‌یه‌کیش ڕۆڵی پێشه‌نگایه‌تی له‌ وڵاتانه‌دا ده‌گرنه‌ ئه‌ستۆ و له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ دیکتاتۆڕه‌کانی ئه‌و وڵاتانه‌ ناچار ده‌مێنن که‌ به‌شێوه‌یه‌کی دیکه‌ له‌ گه‌ڵ ڕوداوو پێشهاتوو داخوازیه‌ ڕه‌واکانی کوردان و بزوتنه‌وه‌ی دیموکراسی خوازی و گۆڕانخوازیدا هه‌ڵسوکه‌وت بکه‌ن.
سه‌رده‌م و قۆناخی پیلانگێڕان و ساتوسه‌ودا له‌سه‌ر کورد گۆڕاوه‌و چیدیکه‌ ئه‌و بازنه‌داخراوه‌ی که‌ به‌ده‌وری کوردو خاکی کوردستانه‌وه‌ ته‌وق کرابوو گوڕو هێزی نیه‌و وا پسێنراوه که‌ چیدیکه‌ کۆبوونه‌وه‌ ده‌وریه‌کانی وڵاتانی داگیرکه‌رو دوژمن به‌ ئازادی کورد ناتوانن ئه‌و کاریگه‌ریه‌ی پێشویان هه‌بێ. به‌واتایه‌کی دیکه‌ چیدیکه‌ ئه‌و کۆبوونه‌وانه‌ ناتوانن له‌ پێناوی پیلانگێڕان دژی نه‌ته‌وه‌ی کورد ده‌ستکه‌وتێک بۆ خۆیان وه‌ده‌ست بهێنن و ئه‌وه‌ی ته‌نیا ده‌توانن بیکه‌ن ته‌نێ هه‌وڵدانه‌ بۆ خۆپاراستن له‌ کاریگه‌ریه‌کانی شه‌پۆلی دیموکراسی و گۆڕانکاریه‌کانه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤیندا که‌ ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر ده‌ستی کورد جێبه‌جێ ده‌کرێ. گومانیش له‌وه‌دا نیه‌ که‌ دیکتاتۆڕان گه‌ر هه‌وڵیش بده‌ن و خۆیانیش چیڕ بکه‌نه‌وه‌ ناتوانن بۆ هه‌میشه‌ خۆ له‌ شه‌پۆلی به‌هێزی گۆڕان به‌ره‌و دیموکراسی و کۆمه‌ڵگای شارستانی بپارێزن دره‌نگ یان زوو ئه‌و شه‌پۆله‌ ده‌یانگرێته‌وه‌ و به‌ره‌و هه‌ڵدێر پاڵده‌نرێن. ‌هه‌روه‌ها شنه‌بای دیکتاتۆڕ ته‌زێنی ئه‌و ئاڵۆگۆڕانه‌ی که خه‌ریکه‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌ته‌نێته‌وه، ده‌رفه‌تی بۆ پیلان و نسکۆیه‌كی وه‌کوو ساڵی 1975 بۆ هیچ هێزێک نه‌هێشتۆته‌وه که جارێکی تر یاری به کورد و کێشه‌که‌ی بكه‌ن. ئه‌مجاره به پێچه‌وانه‌ی پێشوو، به‌شێکی به‌رچاو له هێزه‌کانی ئێراقی و هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تین که پێویستیان به کورد هه‌یه. ئه‌مه‌ش له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ کێشه‌ی کورد له قۆناغی ساتوسه‌ودا پێکردنه‌وه‌ به‌ره‌و هاوکێشه‌بوون چووه‌و ئه‌مه‌ش ئاماژه‌ی به‌هێزی و کاریگه‌ری کورده‌ له‌ ئاڵوگۆڕه‌کان و توانای ئه‌م نه‌ته‌وه‌ بۆ گوڕدان به‌ شه‌پۆلی پێشوازی له‌ دێمۆکراسی و تێکقرمان و پێچانه‌وه‌ی سیسته‌می چه‌وسێنه‌رو دیکتاتۆڕه‌کان.

له‌بیرمان نه‌چێ که‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که‌ له‌ زۆر بواردا پێشکه‌وتن ده‌بینرێ و ڕۆژ به‌ڕۆژ سه‌رکه‌وتنی نوێ نسیبی گه‌له‌که‌مان ده‌بێ به‌ڵام گه‌لێک کێشه‌ی سه‌ره‌کیی و چاره‌‌نووسسازی کوردستان وه‌کوو گێڕانه‌وه‌ی که‌رکووک و ناوچه‌کانی دیکه‌‌ی کوردستان بۆ باوه‌شی نیشتمان، کێشه‌ی فیدرالیسم و چاره‌نووسی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان هێشتا چاره‌سه‌ر نه‌کراون ئه‌مانه‌ ئه‌و کێشانه‌ن که‌ له‌پاش وه‌ده‌ستهێنانی ئه‌و ده‌سکه‌وته‌وه‌ ده‌بێ ببنه‌ ئا‌مانجی سه‌ره‌کی ئه‌و قۆناخه‌ کورته‌ی له‌به‌رده‌م نه‌ته‌وه‌که‌ماندایه‌و گه‌ره‌که‌ به‌خورتی له‌ پێناوی وه‌ده‌ستهێنان و مسۆگه‌رکردنیان یه‌کگرتوانه‌ تێکۆشانی بۆ بکرێ. که‌واته‌ لێره‌ به‌ولاوه‌ سه‌نگه‌ری ڕوبه‌ڕووبوونه‌وه‌ له‌گۆڕه‌پانی خه‌باتی گێڕانه‌وه‌ی به‌شه‌ دابڕاوه‌کانی باشوری کوردستان بۆسه‌ری و ڕاستکردنه‌وه‌ی دیموگرافی و چه‌سپاندنی فێدراڵی و سه‌پاندنی مافی سروشتی چاره‌نوس و تێترینجاندنی له‌‌ ناو ده‌ستوری هه‌میشه‌یی ئێراقه‌.

هه‌موومان ئه‌و ڕاستیه‌ به‌ باشی ده‌زانین که‌ خودی کورسی سه‌رۆکایه‌تی کۆمار گرنگیه‌کی ئه‌وتۆی نیه‌ گه‌ر ئه‌م کورسی و پله‌و پایه‌ بۆ خزمه‌تی پڕۆسه‌ی دیموکراسی و سه‌لماندنی مافه‌ ڕه‌واکانی گه‌له‌که‌مان له‌ باشوری کوردستان و ڕاستکردنه‌وه‌ی دیموگرافی و جوگرافی باشوری کوردستان که‌ڵکی لێوه‌ر نه‌گیرێ. دیاره‌ له‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگی ڕابردودا چه‌ندین جار ئه‌و وشه‌یه‌ له‌ زاری به‌ڕێز تاڵه‌بانیه‌وه‌ بڵاوبۆته‌وه‌ که‌ ئامانجی ئه‌وان وه‌ده‌ست هێنانی کورسی نیه‌ و مه‌به‌ستیان ئه‌وه‌یه‌ که‌ زیاترو زۆرتر مافه‌کانی کورد وه‌ده‌ست بهێنن و ده‌ستکه‌وته‌کانی کوردستان بپارێزن و په‌ره‌یان پێبده‌ن.

ئه‌وه‌ی تا ئه‌مڕۆ به‌ هه‌ڵبژێرانی به‌ڕێز تاڵه‌بانیشه‌وه‌ بۆ سه‌رۆ‌ک کۆماری ئێراق وه‌ده‌ست هاتوه نه‌هێنیه‌که‌ی ته‌نێ بۆ دوو ڕاستی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌‌‌. یه‌کیان خه‌باتی نه‌پساوه‌و ماندوونه‌ناسانه‌ی گه‌له‌که‌مان بۆ ئازادی و ڕزگاری له‌ ماوه‌ی نیوسه‌ده‌ تێکۆشان و خه‌باتی خوێناویدا و سوربوون و پێداگری ئه‌م نه‌ته‌وه‌ بۆ گه‌یشتن به‌مافه‌کانی و نه‌پرینگانه‌وه‌ له‌ هه‌ر تێکۆشان و خه‌باتێک بۆ گه‌یشتن به‌و ئامانجانه‌یه‌‌‌. دوهه‌میشیان، به‌رهه‌می یه‌کیه‌تی و یه‌کڕێزی بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی کوردستانه‌ له‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوودا و به‌ تایبه‌ت هاوهه‌ڵوێستی هه‌ردوو هێزی سه‌ره‌کی باشوری وڵات، پارتی و یه‌کیه‌تیه‌.

بێگومان فاکته‌ری گرنگی په‌ره‌پێدانی ده‌سکه‌وته‌کان و پاراستن و وه‌ده‌ست هێنانی ده‌سکه‌وتی زیاتر هه‌ر یه‌کیه‌تی و یه‌کڕیزی نه‌ته‌وه‌یه‌. بۆیه‌ش له‌‌‌سه‌ر هه‌موو لایه‌ک ئه‌رکه‌ که‌ له‌ پێناوی گه‌یشتن به‌ ئامانج و خۆزگه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کانمان و بۆ پاراستن و په‌ره‌پێدانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی نه‌ته‌وه، گه‌ره‌که‌ هه‌وڵی موکم کردن و به‌هێزکردنی گیانی یه‌کیه‌تی و یه‌کگرتوویی نه‌ته‌وه‌یی بده‌ین.‌

له‌ کۆتاییدا پڕ به‌دڵ ئه‌و ده‌ستکه‌وته‌ مه‌زنه‌ له‌ هه‌موو تاکێکی کورده‌واری پیرۆز ده‌که‌م و وه‌بیر سه‌رکردایه‌تی سیاسی کوردستانیش ده‌هێنمه‌وه‌ که‌ گه‌ل هه‌روا چاوه‌ڕوانی یه‌کخستنه‌وه‌ی ته‌واوه‌تی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه. هیچ هۆیه‌کی ڕێتێچوو نیه‌ بۆ وه‌دوا خستنی ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ و ئه‌و ورده‌ بیانوانه‌ش که‌ بۆ وه‌دوا خستنی هێزی پێشمه‌رگه‌و شالیاره‌تی ئابوری ده‌هێنرێته‌وه‌ ته‌نیا هه‌وڵی وه‌دواخستنه‌ و ده‌چێته‌ خانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی حزبیه‌وه‌ که‌ هیچ تاکێکی گه‌ل کڕیاری نیه‌!.

20ی خاکه‌لێوه‌ی 2705

Friday, March 25, 2005

تێرونینێک له‌ شێوازی پیرۆزکردنی نه‌ورۆز و ئه‌رکه‌ هه‌نوکه‌ییه‌کان‎

تێرونینێک له‌ شێوازی پیرۆزکردنی نه‌ورۆز و ئه‌رکه‌ هه‌نوکه‌ییه‌کان‎

ئه‌مساڵیش جه‌ژنی نه‌ورۆز هاته‌وه، ڕوژێکی نوێ و ساڵێکی نوێ و سانی وه‌رزان وه‌رزی به‌هار، وه‌رزی ژیانه‌وه‌ی سروشت و مرۆڤ، وه‌رزی نوێبوونه‌وه،‌ جارێکی دیکه‌ به‌ خۆشی و به‌هاته‌وه‌.

له‌مێژ ساڵه‌ نه‌ورۆز وه‌ک بۆنه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی کوردان وه‌ک جه‌ژنی ژیانه‌وه‌ی سروشت، وه‌ک سه‌ره‌تای گه‌ڕانه‌وه‌ی هیوای ژیان بۆ مه‌ڕدارو ئاژه‌ڵدارانی کوردستان، مینا نوێبوونه‌وه‌یا ساڵا نووا کوردی ژلاێین کوردانه‌وه‌ دێته‌ پیرۆز کردن. به‌درێژایی مێژوو هیچ کۆسپێک نه‌یتوانیوه‌ ڕێ له‌ پیرۆزکردنی ئه‌م جه‌ژنه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ بگرێ و ڕۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌مان له‌ زاری باوباپیران و پێشینیانه‌وه‌ وه‌چه‌ دوای وه‌چه‌ گه‌وره‌یی و پیرۆزی ئه‌م جه‌ژنه‌و په‌یام و گرنگی ڕۆژی نه‌ورۆزی کورده‌واریان گواستۆته‌وه‌ و نه‌یان هێشتوه‌ بفه‌وتێ و نه‌مێنێ. له‌ پاڵ ئه‌وه‌شدا له‌ کۆنه‌وه‌ دوژمنان و نه‌یارانی ئه‌م نه‌ته‌وه‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌یان داوه‌ به‌ فێڵ و ده‌هۆو دروستکردنی مێژوی ناڕاست‌ خاوه‌نداریه‌تی ئه‌م جه‌ژنه‌ له‌ کورد بستێننه‌وه‌ و بیکه‌نه‌ هی خۆیان. گه‌رچی له‌ هێندێک بورادا ئه‌وان توانیبێتیان سه‌رکه‌ون به‌ڵام نه‌یانتوانیوه‌ به‌رزی و پیروزی و خۆشه‌ویستی ئه‌م ڕۆژه‌ له‌ ناو دڵو ده‌روونی تاکی کورددا ده‌ربهێنن و له‌ هزرماندا بیسڕنه‌وه‌. له‌سه‌ده‌ی ڕابردوودا ئه‌م هه‌وڵه‌ نه‌زۆک و دوژمانه‌یه‌ له‌ لایه‌ن داگیرکه‌رانی کوردستانه‌و‌ه گوڕێکی دیکه‌ی پێدراو شێوازێکی دیکه‌یان گرته‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی کورد له‌ پیرۆزکردنی ئه‌م جه‌ژنه‌ دور بخه‌نه‌وه‌. ئه‌وان که‌ خاکه‌که‌یان داگیر کردبووین، ده‌یان ویست که‌لتوور و زمان و شانازییه‌کانیشمان داگیر بکه‌ن و تاڵانی بکه‌ن و له‌ ئێمه‌شی به‌ربه‌ست بکه‌ن. ڕێگربوون له‌ په‌یڤین به‌زمانی کوردی، ڕێگربوون له‌ پیرۆزکردنی نه‌ورۆز و ڕێگربوون له‌ هه‌ر شتێک که‌ پێوه‌ندی به‌کورده‌و بوو. به‌ شێوه‌یه‌ک که‌ سه‌ده‌ی ڕابردو، سه‌ده‌ی جینۆسایدو قڕکردنی کورد له‌هیچ هه‌وڵێک ته‌نه‌خیان نه‌کردو نه‌پرینگانه‌وه‌. ئه‌وان له‌م هه‌وڵه‌شیاندا شکستیان هێناو ناکام مانه‌وه‌. له‌ ڕاستیدا پیره‌مێرد، هۆنه‌ری مه‌زنی کورد به‌ هۆنینه‌وه‌ی سرودی ئه‌مڕۆژی ساڵی تازه‌یه‌ نه‌ورۆزه‌ هاته‌وه‌- جه‌ژنێکی کۆنی کورده‌ به‌خۆشی و به‌هاته‌وه، گوڕو تینێکی زیاتری دایه‌وه‌ به‌ به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ له‌ ئاست هه‌وڵی نه‌یاراندا و له‌وڕۆژه‌وه‌ ئه‌و سروده‌ بۆته‌ وێردی زمانی پیرو لاوو زارۆکی کورد.

داگیرکه‌ران و دوژمنانی شایی و خۆشی له‌ کوردستان که‌ تا ئه‌وکات نه‌یانتوانیبوو ڕێ له‌ شاییه‌کانی نه‌ورۆز بگرن ده‌هۆو هه‌وڵێکی ترسه‌نۆکانه‌و ڕێبازێکی نامرۆڤانه‌یانه‌ی دیکه‌یان گرته‌به‌ر. ئه‌ویش ئه‌وه‌ بوو که‌ گشت تاوانه‌ نامرۆڤایه‌تیانه‌کانیان له‌ ده‌وروبه‌ری ڕۆژی نه‌وروزو نوێبوونه‌وه‌ی ساڵدا ئه‌نجام بده‌ن و به‌مه‌ش ڕۆژانی نه‌وروزو سه‌ره‌تای ساڵی نوێی کورده‌واری و به‌هاری ڕازاوه‌ی کوردستان بکه‌نه‌ ڕۆژی ماته‌مین و گریان و دۆژدامان‌و واڵاییه‌کی پڕ له‌ بێهیوایی بئافرێنن. ده‌یان تاوانی نامرۆڤانه‌و ترسه‌نۆکانه‌یان دژی ئه‌م نه‌ته‌وه‌ جێبه‌جێکرد بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ره‌نجام به‌چۆکماندا بێنن. به‌ڵام ئه‌وان له‌وه‌ی بێ ئاگابوون و هێشتا تێنه‌گیشتبوون که‌ ئه‌م گه‌له‌ نه‌به‌ردو دلێره‌ شایی و خۆشیه‌کانیشی وه‌ک چه‌کێک له‌دژی داگیرکردن به‌کار ده‌هێنێ و به‌مه‌ش ڕاوه‌ستاوی و خۆڕاگری خۆی به‌ ڕووی نه‌یاراندا ده‌داته‌وه. له‌وه‌ش زیاتر جه‌ژنی نه‌ورۆز له‌سه‌ده‌ی ڕابردوودا بوو به‌ ڕۆژی سه‌رهه‌ڵدان و گوتنی نا به‌ داگیرکردن و تواندنه‌وه‌. ڕۆژانی نه‌ورۆز ئه‌و ڕۆژانه‌ بوون و تائێستاش له‌ پارچه‌ داگیرکراوه‌کانی کوردستان هه‌رهه‌ن که‌ دیمه‌نێکی پڕ له‌ خرۆشی جه‌ماوه‌ری و نوێبوونه‌وه‌ی گیانی سه‌ر هه‌ڵدانی به‌شاییه‌کانی نه‌ورۆز به‌خشیوه‌و ئه‌مه‌ش زیاتر داگیرکه‌ران و نه‌یارانی بێهیواو بێ ئاکام کردوه‌.

پاش ڕاپه‌ڕینی باشوری کوردستان، ‌و به‌تایبه‌ت له‌ چوار پێنج ساڵی ڕابردووداو دوای کۆتایی هاتنی شه‌ڕی دزێوی خۆکوژی، نه‌ورۆز ڕه‌نگو بۆنێکی دیکه‌ی پێدراوه‌و ساڵ دوای ساڵیش دیمه‌نه‌کانی به‌ڕێوه چونی ئه‌م جه‌ژنه‌ جوانتر و ڕازاوه‌تر ده‌بن. به‌ڵام ئه‌م نه‌ورۆزه‌ی ئه‌مساڵ جیاوازیه‌کی فره‌ دیاری له‌گه‌ڵ نه‌ورۆزه‌کانی دیکه‌ هه‌یه‌. ئه‌ویش له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی خاکی باشوری کوردستان به‌ته‌واوی ئازادو ڕزگاره‌و هه‌رچه‌ند هێشتا هه‌مووی شارو باژێرۆکه‌کان نه‌کوتونه‌ سنوری به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌سه‌ڵاتی کوردستانه‌وه،‌ به‌ڵام نه‌مانی دیکتاتۆڕیه‌ت و سه‌رکه‌وتنه‌کانی کوردستان له‌ هه‌ڵبژاردن و که‌شوهه‌وای تاڕاده‌یه‌کی زۆر ئارام و جێی هیوا، جیاوازیه‌کانی ئه‌مساڵی به‌ڕونی خویا کردوه. له‌ پارچه‌ داگیرکراوه‌کانی کوردستانیش کاریگه‌ری سه‌رکه‌وتنه‌کانی باشوریان له‌سه‌ره‌و له‌گه‌ڵ ده‌ربڕینی خۆشی و شایی له‌م ڕۆژه‌دا خۆشی و خرۆشێکی دیار به‌ دیمه‌نه‌کانی به‌ڕێوه‌ بردنی نه‌ورۆزه‌وه‌ ده‌بینرێ و سه‌‌ره‌ڕای زۆرداری و داپڵۆسین و ڕێگرتنه‌کان جه‌ماوه‌ر به‌ گه‌وره‌و بچوک و ژن و مێره‌وه‌، هه‌ر له‌ قامیشلۆو کۆبانه‌وه‌ تاده‌گاته‌ دێرسیم و ئامه‌دو له‌وێشه‌وه‌ بۆ ورمێ و سنه‌و کرماشان گشت شارو گوندێکی کوردستان نه‌ورۆز به‌ شێوازی جۆربه‌جۆر هاتۆته‌ پیرۆز کردن.

له‌ ده‌ره‌وه‌ی کوردستانیش و له‌ هه‌ر شوێنێک کوردێکی لێبووبێت جه‌ژنی نه‌ورۆز پیرۆز کراوه‌. لێ سه‌ره‌ڕای خرۆش و کوڵی ڕۆژانه‌ی ئه‌م جه‌ژنه‌ مه‌زن و نه‌ته‌وه‌ییه،‌ گه‌لێک دیارده‌ی‌ ناشیرین و نابه‌جێ که‌ له‌ ڕۆژگاری ئه‌مڕۆدا ئیتر نابێ جێیان بێته‌وه،‌ تاڕاده‌یه‌ک بوونه‌ هۆی لێڵکردنی واڵایی و دۆخی نه‌ورۆزی کورده‌واری. له‌وه‌ش زێده‌تر ئه‌و گۆڕانکاریانه‌ی ئه‌مڕۆ که‌ کوردستانی گرتۆته‌وه‌و و ئه‌و دۆخه‌ی که‌ بۆ ڕۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌مان له‌ باشور چێبوه‌ ئه‌رکی نوێ ده‌خاته‌ سه‌ر شانی هه‌موو ڕوناکبیران‌و نوسه‌ران و ڕاگه‌یه‌نه‌ کوردییه‌کان و هه‌روه‌ها داموده‌زگا سیاسی و ڕۆشنبیریه‌کان به‌تایبه‌ت له‌ باشوری کوردستان.

لێره‌دا، سه‌ره‌تا له‌مه‌ڕ دیارده نامۆو ناشیرینه‌كان چه‌ند نموونه‌یه‌ک باس ده‌که‌م و پاشان به‌ کورتیش بێت له‌ ئه‌رکه‌ هه‌نووکه‌ییه‌کان که‌ ده‌که‌وێته‌ ئه‌ستۆمان ده‌‌دوێم. نه‌ورۆز به‌ ئاگره‌وه‌ جوانه‌وه‌ و یه‌کێک له‌ پێناسه‌کانی کوردیبونی ئه‌و ڕۆژه‌ بۆ کورد ئاگره‌که‌یه‌تی. بێگومان ئه‌وه‌ی له‌بیرمانه‌ هه‌موو ساڵێک له‌ نه‌ورۆزدا له‌سه‌ر به‌رزترین لوتکه‌ی چیاکانی کوردستان و له‌ ناو گوندو گه‌ڕه‌که‌کانی شاره‌کاندا، ئاگر کراوه‌ته‌وه‌ و ڕێگرو کۆسپه‌کانیش نه‌یان توانیوه‌ ڕێ له‌م کاره‌ بگرن. ته‌نانه‌ت له‌بیرمانه‌ که‌ که‌مالیسته‌کان نه‌ورۆزو هه‌موو شتێکی کورده‌واریان به‌ربه‌ست کردبوو، به‌ڵام زه‌کیه‌ ئه‌لکان، کیژه‌ کوردی باکوری کوردستان به‌ ئاگر به‌ردانه‌ جه‌سته‌ی خۆی دڕی به‌ تاریکیدا و له‌رزی خسته‌ دڵی داگیرکه‌ران و ته‌زاندنی و له‌ هه‌مانکاتدا له‌ ناودڵ و ده‌روونی هه‌موو کورداندا ئاگری سه‌رهه‌ڵدانی داگیرساندوه‌. له‌ دۆخێکی ناچاری و بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ و به‌ ئامانجی به‌رنگاربوونه‌وه‌ له‌ قۆناخی به‌ره‌نگاریدا ئاگر کردنه‌وه‌ به‌هه‌ر ئامرازێک ڕێیتێده‌چێ و پاساوی هه‌یه‌و تا ڕاده‌یه‌ک ئاساییه‌. به‌ڵام ئه‌مڕۆ به‌تایبه‌ت له‌ باشوری کوردستان، که‌ ئازادی و ئارامی و ته‌بایی تا ڕاده‌یه‌کی زۆر باڵی به‌سه‌ر ئه‌و به‌شه‌دا کێشاوه‌، کردنه‌وه‌ی ئاگر به‌ تایه‌‌ری ماشین، که‌ دوکه‌ڵێکی ڕه‌ش و ڕه‌زا گرانی لێبه‌رزده‌بێته‌وه‌ و بۆن و به‌رامێه‌کی ناخۆش و دژ به‌ سڵامه‌تی زینده‌وه‌رو ژینگه‌ی لێ چێ ده‌بێ، نه‌ک هه‌ر پاساوی نیه‌و ڕێی تێناچێ، به‌ڵکو زیانهێنه‎رو ناشیرینیشه‌. له‌وه‌ش خراپتر له‌یه‌کێک له‌ کلیپه‌کانی گۆرانی نه‌ورۆز تایه‌ری ماشین له‌ یه‌کێک له‌ کاناڵه‌کان، بێده‌ربه‌ستانه‌ نیشان ده‌درێ که‌ بۆ ئاگری نه‌ورۆز کۆیان ده‌که‌نه‌وه‌. سه‌باره‌ت به‌م دیارده‌‌ نامۆو ڕه‌زاگرانه‌ وه‌ک ئه‌رکێکی ئه‌مڕۆیی پێویسته‌ دامۆده‌زگا پێوه‌ندییداره‌کان و به‌تایبه‌ت وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری ڕێنمایی و ڕێنوینی بۆ جوانتر به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و جه‌ژنه‌و وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی که‌لتورو نه‌ریته‌ جوانه‌کانی نه‌ورۆز وه‌ئه‌ستۆ بگرێ وه‌بیر بهێنێته‌وه‌و ڕێ له‌و دیارده‌ نامۆیه‌‌ بگرێ. بێگومان گه‌ر به‌شێوه‌یه‌کی جوان ئه‌و ئاگره‌ هه‌ڵبکرێ و له‌و شتانه‌ که‌ڵک وه‌ربگیرێ که‌ که‌مترین زیان به‌ ژینگه‌ ده‌گه‌یه‌نێ، هه‌م خزمه‌تێکه‌ به‌ژینگه‌که‌مان و هه‌میش نه‌ورۆز جوانتر ده‌کات.

دیارده‌یه‌کی ناشیرینی دیکه‌ش، خواردنه‌وه‌ی ئه‌لکولیه‌ له‌ شوێنی ئاهه‌نگی نه‌وروز، به‌تایبه‌ت له‌ ده‌ره‌و‌ی وڵات و به‌ له‌به‌ر چاوگرتنی ئه‌وه‌ی که‌ له‌منداڵی یه‌ک مانگه‌وه‌ هه‌تا گه‌وره‌ساڵان، به‌شداری ئه‌م ئاهه‌نگانه‌ن. هه‌موو ساڵێک له‌ ده‌ره‌وه‌ی وه‌ڵات که‌ خۆمان به‌ تاراوگه‌ی ناو ده‌به‌ین و ڕۆژی نه‌ورۆزیش که‌ یه‌کێک له‌و بۆنه‌ نیشتمانیانه‌یه‌ که‌ هه‌موومان ده‌باته‌ هۆڵێکه‌وه‌ و پێکه‌وه‌ کۆمانده‌کاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ێ نه‌ورۆز پیرۆز بکه‌ین و به‌ ڕوی یکدا پێبکه‌نین و گه‌ر ناکۆکی و نا ته‌باییه‌کیش هه‌بوو بێت له‌ بیری بکه‌ین و جه‌ژنه‌ پیرۆزه‌ له‌ یه‌کدی بکه‌ین، که‌چی به‌ داخه‌وه‌ ئه‌و دیارده‌یه‌ زۆرجار بۆته‌ هۆی نانه‌وه‌ی بشێوی و دڵ ڕه‌نجان و ته‌نانه‌ت بێڕێزی به که‌سانی دیکه‌. هه‌ندێک جار هه‌ندێکمان له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی توڕه‌یی و دڵگرانیه‌کانمان له‌یه‌كدی له‌ بیر به‌رینه‌وه‌ و به‌ گیانی نه‌ورۆزیه‌وه‌ بێینه‌ ناو ئاهه‌نگی نه‌ورۆزه‌وه، هه‌رچی توڕه‌ییه‌کانمانه‌ کۆیانده‌که‌ینه‌وه‌ و ده‌یهێنینه‌ ناو هۆڵی ئاهه‌نگی نه‌ورۆز و خۆاردنه‌وه‌ی که‌مێک ئه‌لکول ده‌که‌ینه‌ بیانوی هه‌ڵڕشتنی توڕه‌ییه‌کانمان و ئه‌وه‌ی نه‌شیاوه‌ی گوتن و ده‌ربڕینه‌ به‌ زارماندا ده‌ریده‌که‌ین. به‌مجۆره‌ له‌ لایه‌ک ئاهه‌نگه‌که‌ تێکده‌ده‌ین و له‌و لایدیکه‌شه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی دیمه‌نی خۆمان وه‌ک کورد له‌به‌ر چاوی میوانه‌ ناکورده‌کان ناشیرین ده‌که‌ین به‌م کاره‌ ده‌بینه‌ هۆی دڵگرانی و بێزاری به‌شداران و ترسان و بێزاری منداڵه‌کانمان. زۆر به‌جێ و پێویسته‌ که‌ له‌و پێوه‌ندییه‌دا به‌خۆداچونه‌وه‌یه‌ک بکه‌ین و بیرێک له‌ چاره‌سه‌ری بکه‌ینه‌وه‌. بۆ وێنه‌ ده‌کرێ بڕیارێکی موکور بده‌ین که‌ ئاهه‌نگه‌کانی نه‌ورۆز به‌ بێ ئه‌لکهول به‌ڕێوه‌ بچێ و ئه‌مه‌ش بکه‌ین به‌ هێڵی سور. من له‌وه‌ی دڵنیام که‌ زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی خواردنه‌وه‌ی ئه‌لکهوولی ده‌خۆنه‌وه خۆیان کۆنترۆڵ ده‌که‌ن و سنورو ڕاده‌ی خۆیان ده‌زانن، به‌ڵام گه‌لێک که‌س هه‌نه‌ که‌ هه‌روه‌ک ئاماژه‌م پێدا خواردنه‌وه‌ی که‌مێک ده‌که‌نه‌ بیانوی هه‌ڵڕشتنی بوغزو توڕه‌یی و .... . بۆ تێکدانی ئاهه‌نگێک یان بێڕێزی و دڵگرانکردنی به‌شدارانیش ئاهه‌نگێکیش، که‌سێک به‌سه!

دیارده‌یه‌کی دیکه‌ که‌می زانیاری له‌سه‌ر نه‌ورۆزو و نه‌ریته‌کانیه‌تی بۆیه‌ش له‌ ڕۆژگاری ئه‌مڕۆدا شاره‌زایانی ئه‌و بواره‌و ده‌زگا په‌یوه‌ندییداره‌کان ئه‌رکی گرانیان له‌ ئه‌ستۆیه‌. له‌ کۆنه‌وه‌ گه‌لێک نه‌ریت و که‌لتوری جوان له‌ کورده‌واریدا هه‌بوون و له‌ ڕۆژه‌کانی پێش و دوای نه‌ورۆزدا له هه‌ر ناوچه‌و ده‌ڤه‌رێک به‌که‌مێک جیاوازیه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ چوون. به‌ڵام به‌هۆی دۆخی تایبه‌تی کوردستانه‌وه‌ خه‌ریکن له‌بیر ده‌چنه‌وه‌. له‌ نه‌ورۆزی ئه‌مساڵدا جگه‌ له‌ ئاورکردنه‌وه‌و شایی و سه‌یران که‌ناڵه‌ کوردییه‌کان(کوردستان و کوردسات) شتێکی دیکه‌یان نیشان نه‌دا. که‌ ئه‌وه‌ش شتێکی نه‌شیاوه‌و به‌ زیانی که‌لتورو ناسنامه‌ی نه‌ورۆزی کورده‌واریه‌و گه‌ره‌که‌ نه‌هێڵین له‌ بیربچنه‌وه. ڕه‌نگه‌ باشترین ڕێگا سه‌ره‌تا هه‌ر نوسینه‌وه‌ی ئه‌و نه‌ریتوو که‌لتورانه‌ و بڵاوکردنه‌وه‌یان بێت و تێئاخنینیان له‌ وانه‌کانی خوێندن بێت. له‌وه‌ش زیاتر کۆکردنه‌وه‌ی هه‌موو وته‌و ئه‌فسانه‌و ڕاستیه‌کان و نه‌ریت تایبه‌تیه‌کانی نه‌ورۆز له‌ په‌ڕتوکێکدا به‌ ناوی نه‌ورۆز نامه‌(دیاره‌ ناو‌ هه‌رشتێک بێت گرنگ ئه‌وه‌یه‌ نێوه‌ڕۆکه‌که‌ی ئه‌و مه‌به‌سته‌ بگه‌یه‌نێ) ڕه‌نگه‌ بتوانێ خزمه‌تێکی هێژاو مه‌زن به‌و پێویستیه‌ بکات. له‌م پێوه‌ندییه‌دا زانیاریه‌ مێژووییه‌کان و پێشینه‌ی په‌یدا بوونی نه‌ورۆزو پێوه‌ندیی ئه‌مڕۆژه‌ به‌کورده‌وه‌ گرنگی تایبه‌تی هه‌یه‌. له‌و به‌ستێنه‌دا گه‌لێک زانیاری بڵاوکراونه‌وه‌ که‌ زۆربه‌یان ناکورد نوسیویانن و خۆمان کردوماننه‌وه کوردی و گه‌لێکیشیان له‌ ڕاستیه‌وه‌ دورون. که‌واته‌ گرنگه‌ که‌ شاره‌زایانی بواری مێژوو لاپه‌ڕه‌کانی مێژوو هه‌ڵده‌نه‌وه‌و زانیاریه‌کان شه‌ن و که‌و بکه‌ن و سه‌ره‌نجام ڕاستیه‌کانی پێوه‌ندی کوردو نه‌ورۆز ده‌ربخه‌ن.
‌ ‌
نه‌ورۆز ڕۆژی یه‌که‌می ساڵی نوێی کوردیی و سه‌ره‌تای وه‌رزی به‌هاری ژیانه‌وه‌یه‌‌. ڕۆژ ژمێر یه‌کێک له‌ پێداویستیه‌کانی ساڵی نوێ و نه‌ورۆزه‌. له‌ جیهاندا به‌ شێوه‌ی گشتی له‌ ساڵی زایینی(له‌ دایک بوونی مه‌سیح) پێڕۆ ده‌کرێ. له‌ پاڵ ئه‌ویشدا له‌گه‌لێک ده‌ڤه‌ر و شوێنی جیهان ساڵ و ڕۆژژمێری دیکه‌ پێڕۆ ده‌کرێن. بۆ وێنه‌ عاره‌ب و موسوڵمانانی جیهان ساڵی کۆچی مانگی بۆ ڕۆژ ژماردن به‌کار ده‌هێنن. ئێرانیه‌کان ساڵی هه‌تاویان په‌سه‌ند کردوه‌ هه‌رچه‌ند ئه‌ز نازانم ئه‌وان له‌سه‌ر چ بنچینه‌یه‌ک ئه‌و ساڵه‌یان کردۆته‌ ڕێبازی ڕۆژ ژماردن و لانی که‌م لای من ڕوون نیه‌ پێش ئه‌و ساڵه‌ ده‌وڵه‌تی پارسه‌کان که‌ له‌ دوهه‌زارو پێنجسه‌د ساڵه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتیان له‌ده‌ست دابوه چیان کردۆته‌ پێوه‌ری ساڵ و مانگ و ڕۆژ بۆ خۆیان. ئه‌وه‌ی گرنگه‌ و حه‌وجێ به‌ تێڕامان و وردبوونه‌وه‌یه‌، کورد بۆخۆی ساڵی نوێی هه‌یه‌و ده‌ستپێکه‌که‌شی هه‌ر ڕۆژی نه‌ورۆزه‌. بێگومان ساڵی کوردی زیاتر سه‌لمێنه‌ری کوردیی بوونی نه‌ورۆزه‌. کورد به‌و پێیه‌ی که‌ خاوه‌نی کۆنترین شارستانیه‌ته‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤیندا و تا نوکه‌ش سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت و کیانی نه‌ته‌وه‌یی خۆی نه‌بووه‌ به‌ڵام به‌هۆی خۆڕاگری و به‌ پشتیوانی چیاو دۆڵه‌کانی کوردستان، کورد مه‌رگ و له‌ناوچونی ڕه‌تکردۆته‌وه‌و خۆی ڕاگرتوه‌. ئه‌و خۆڕاگری و مانه‌وه‌یه‌ش ته‌نیا له‌ ڕوی فیزیکیه‌وه‌ نه‌بوو به‌ڵکوو له‌بواری خاک و زمان و که‌لتوریشه‌وه‌ بوه‌. ڕاسته‌ خاکه‌که‌مان داگیرکراوه‌ به‌ڵام داگیرکه‌ر نه‌یتوانیوه‌ ده‌رمانپه‌ڕێنێ و له‌ خاکه‌که‌مان بپچڕێنێ. ئێستا که‌ ئه‌و ویسته‌ی داگیرکه‌ر بۆته‌ خه‌ون و به‌ پێچه‌وانه‌ هیوای ژیانه‌وه‌ و بیناکردنه‌وه‌و گه‌شه‌ پێدانی زمان و که‌لتورو ناسنامه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیمان بۆته‌ پێداویستی و ئه‌رکی ئه‌مڕۆیی، ده‌بێ کوردستانیان هه‌نگاو به‌ره‌و به‌گشتی کردنی ڕۆژ ژمێری کوردی له‌ هه‌موو کوردستان هه‌ڵێننه‌وه‌.

ڕاگه‌یاندنی کوردی له‌ سه‌رده‌مێکی به‌ته‌واوی نوێی ژیانه‌وه‌دایه‌ و پێیناوه‌ته‌ قۆناخێکی نوێی بنیاتنانه‌وه‌ و گه‌شه‌کردنی خۆی و‌ ڕۆژانه‌ وه‌ک هه‌موو ڕاگه‌یاندن و مێدیای جیهان پێویستی به‌ به‌کار هێنانی ڕۆژ ژمێر هه‌یه‌. گۆمانیشمان له‌وه‌ نیه‌ که‌ ڕاگه‌یاندن ده‌بێ له‌ خزمه‌ت نه‌ته‌وه‌دا بێت و به‌تایبه‌ت له‌ بواریی مێژوویی و ناسنامه‌یی دا ده‌بێ سه‌لمێنه‌رو ناسێنه‌ری مێژووه‌که‌ی بێت له‌ گشت بوارو به‌ستێنه‌کانیه‌وه‌و له‌ بواری نوێخوازی و بنیاتنانه‌وه‌شدا ده‌بێ داهێنانی هه‌بێت و پێشبکه‌وێت. بۆ ئه‌مه‌ش پێویستیمان به‌ مێژوو و ناسنامه‌ی ڕاستینه‌ی نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه و کوردیش وه‌ک نه‌ته‌وه‌ خاوه‌نی ناسنامه‌و شوناسی خۆیه‌تی له‌ هه‌موو بوارو ڕویه‌که‌وه‌‌. نامه‌وێ زیاتر له‌م بواره‌دا ڕۆبچم و مه‌به‌ستی من ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌مڕۆکه‌ له‌و که‌شو هه‌وای سه‌ره‌تای گه‌شه‌و بنیاتنانه‌وه‌دا یه‌کێک له‌ ئه‌رکه‌کان ڕزگارکردنی ڕاگه‌یاندنی کوردی له‌ پاشاگه‌ردانی ڕۆژژمێره‌ و ناو لێنانی مانگه‌کانه‌. مادام ئێمه‌ وه‌ک نه‌ته‌وه‌ خاوه‌نی ڕۆژژمێری خۆمانین و ڕۆژ ژمێره‌که‌ش تا ڕاداه‌یه‌کی باش له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی لۆجیکی دامه‌زراوه‌ و ڕێتچوه، بۆ ده‌بێ خۆی لێ لاده‌ین و به‌کاری نه‌هێنین. من دڵنیام دره‌نگ یان زوو ده‌بێ ئه‌و چاک سازییه‌ بخه‌ینه‌ ڕۆژه‌ڤی کاری ڕۆژانه‌مانه‌وه‌ چونکه‌ ئه‌وه‌ پێویستیه‌. ڕه‌نگه‌ ئه‌و پرسیاره‌ بێته‌ گۆڕێ که‌ له‌ جیهاندا ڕۆژ ژمێری زاینی بره‌وی هه‌یه‌. به‌ڵام به‌ لای منه‌وه‌ ئه‌وه‌ شتێکی ئاساییه‌و له‌ کوردستان و بۆ کورد پێویسته‌ ڕۆژ ژمێری کوردی به‌ناوی مانگه‌ کوردییه‌کانی و ڕۆژژمێری زاینیش هه‌ر به‌ناوی مانگه‌کانی خۆیه‌وه‌ نه‌ک عاره‌بیه‌کانی له‌ پاڵ یه‌کدا‌ به‌کار بهێنرێن. گه‌لێک ڕۆژنامه‌و ده‌زگای ڕاگه‌یاندنی کوردی هه‌ن که‌ ساڵ و مانگه‌کانی کوردی به‌کار ده‌هێنن و له‌ پاڵیشیدا ساڵی زاینی به‌کار ده‌هێنن به‌ڵام له‌ جیاتی ناوه‌کانی خۆیان ناوه‌ عاره‌بیه‌کان به‌کار ده‌هێنن که‌ ئه‌وه‌ش پاشماوه‌ی که‌لتوری داگیرکردنه‌‌. یانیش ڕۆژنامه‌ و مانگنامه‌ی کوردی هه‌یه‌ که‌ مانگه‌کانی کوردییه‌و زمانه‌که‌شی کوردییه‌و ناوه‌که‌شی کوردستانه‌! که‌چی ساڵی هه‌تاوی له‌سه‌ره‌. وه‌کو ئه‌وه‌ی وایه‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ بین که‌ له‌ پێشدا ده‌بێ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی پێک بێین ئه‌وجا له‌گه‌ڵیان ببڕیینه‌وه‌!!. که‌واته‌ یه‌کێک له‌ پێویستیه‌کانی نه‌ورۆز بڵاوکردنه‌وه‌ی ڕۆژ ژمێری کوردی و کار پێکردنیه‌تی له‌ په‌یڤین و نوسین و بنکه‌کانی به‌ڕێوه‌به‌ری و هه‌ر به‌پێ ئه‌و ڕۆژژمێره‌ش موچه‌ی مانگانه‌ بدرێ و ناوی ڕۆژه‌ مێژووییه‌کانیش بۆ وێنه‌ له‌ 21ی ئاداره‌وه‌ بکرێته‌ ناوه‌ ڕاسته‌قینه‌که‌ی خۆی که‌ یه‌کی خاکه‌لێوه‌(ڕۆژی نه‌ورۆز)یه‌و با بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ له‌ شوبات و موبات و کانون مانوون ڕزگارمان بێت که‌ تا ئێستاش تێان ناگه‌م و ناشمه‌وێ تێیان بگه‌م! دڵنیام زۆر کوردی دیکه‌ش تێیناگه‌ن.

له‌ کۆتایی دا پێش ئه‌وه‌ی به‌ نه‌ته‌وه‌ په‌ره‌ستیی پاشڤه‌رۆ تاوانبار بکرێم ده‌بێ بێژم مه‌به‌ست له‌م چاکسازیانه‌ هه‌رگیز ئه‌وه‌ نیه‌ که‌ بره‌و به‌ ناسیۆنالیزمی پاشڤه‌رۆ بده‌ین به‌ڵکو ئه‌مه‌ ناسنامه‌و شوناسی کوردین و پێویسته‌ زیندوبکرێنه‌وه‌و کاریان پێبکرێ. هه‌روه‌ها ده‌بێ بڵێم په‌یامی ئه‌م وته‌یه‌ له‌گه‌ڵ وه‌بیر هێنانه‌وه‌ی نه‌ورۆزو دوباره‌ پیرۆز کردنه‌وه‌ی له‌ هه‌موو ئێوه‌ خوێنه‌رانی هێژا، ئه‌وه‌یه‌ که‌ با هه‌موومان پێکه‌وه‌ له‌گشت بواره‌کاندا به‌خۆداچونه‌وه‌ بکه‌ین و له‌مێژووی ڕابردوومان ڕابمێنین بۆ ئه‌وه‌ی داهاتویه‌کی به‌خته‌وه‌رو شیاوی خۆمان دابین بکه‌ین. پێداچونه‌وه‌ و بونیادنانه‌وه‌ چ له‌ واری روناکبیری و زانیاری له‌سه‌ر نه‌ورۆز و که‌لتوری ئه‌مڕۆژه‌ له‌ کورده‌واریدا و چ له‌ بواری سرینه‌وه‌ی دیارده‌ دزێوو زیانهێنه‌ره‌کاندا له‌ پێداویستیه‌کانی ئه‌ڤروکه‌یین.
نه‌ورۆز ڕۆژێکی نه‌ته‌وه‌یی و ده‌ستپێکی ساڵێکی نوێی کورده‌واریه که‌ له‌سه‌ره‌تای وه‌رزی به‌هارو ژیانه‌وه‌یه‌کی نوێدا هه‌ڵکه‌وتوه‌، ڕۆژی ژیانه‌وه‌و نوێبونه‌وه‌و لێبورده‌ییه‌، ڕۆژی شایی و گۆڤه‌ندو دیلانه‌و ڕۆژێکه‌ که‌ هه‌مووان پێکه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه. به‌و هیوایه ‌ هه‌موومان هه‌ست به‌ به‌رپرسیاریه‌تی بکه‌ین و گیانی لێبورده‌یی و به‌رپرسیاریه‌تی و ڕێزگرتن په‌ره‌ پێبده‌ین و به‌مه‌ش له‌گه‌ڵ خۆشترکردنی ئاهه‌نگه‌کانی نه‌ورۆز و به‌جێ هێنانی که‌لتوره‌ باشه‌کانی ئه‌مڕۆژه‌ پێوه‌ندییه‌کانمان تۆکمه‌تر بکه‌ین و دیمه‌نێکی جوانیش به‌ ئاهه‌نگه‌کانمان ببه‌خشین.

نه‌ورۆزتان پیرۆز بێت.
05/01/2705

پێڤێک بۆ یادی کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌

پێڤێک بۆ یادی کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌
هه‌ڤده‌ساڵ له‌مه‌و پێش له‌ ڕۆژه‌کانی کۆتایی مانگی ڕه‌شه‌مه‌دا، چێشته‌نگاوێک که‌ بۆنی به‌هاروو گوڵه‌نێرگزه‌ هه‌موو
که‌لێن و قوژبنێک و شیوو دۆڵ و ده‌رو ده‌شتی وڵاتی مێدیاکانی داگرتبوو، پێشنیوه‌ڕۆیه‌ک که‌ چیاکانی هه‌ورامان و شنروێ و به‌رزاییه‌کانی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌رگی سپیان له‌به‌ر داکه‌ندبوو و به‌ره‌و نه‌وروزو خاکه‌لێوه‌ خۆیان ئاماده ‌ده‌کردو به‌رگی نوێ و ئاماڵ سه‌وزو پڕ له‌ گوڵیان به‌ باڵای خۆیان ده‌دروو، به‌ڵێ ڕاست ئه‌و به‌یانیه‌ی که‌ شاره‌زوورو بوکه‌ جوانه‌که‌ی..، هه‌ڵه‌بجه‌، به‌ره‌و جێژنی سه‌رکه‌وتن به‌سه‌ر زستان و دێوه‌زمه‌ی شه‌خته‌و به‌سته‌ڵه‌ک و هاتنی به‌هارو ساڵی نوێی کورده‌واری له‌خۆ ئامده‌کردندا بوون و و هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌کان وێڕای چرێنی سیاچه‌مانه‌ پڕ به‌ سینه‌ بۆنی به‌هاریان هه‌ڵده‌مژی، ڕاست له‌و کاته‌دا که‌ مناڵانی نێرگز چنی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ گوڵه‌ نه‌ورۆزه‌کانیا چه‌پکه‌ چه‌پکه‌ ده‌کردو له‌ سه‌ر کۆڵان و شه‌قامه‌کانی بوکی شاره‌زوردا ڕاده‌ستی ڕێبوارانیان ده‌کرد، به‌ڵێ له‌ دره‌نگانێکی به‌یانی دا چه‌ند داڵاشی باڵ ڕه‌شی چنگ و ده‌م به‌خوێن له‌ د‌‌ه‌شته‌ قاقڕه‌کانی هه‌رێمی تۆزو تاریکیه‌وه‌ به‌ نوێنه‌رایه‌تی سه‌ردارانی بیر گه‌نیوی مێشک پووت و خه‌ون ئاڵۆزه‌کانی کۆشکه‌ به‌رزه‌کانی عروبه‌وه‌، ئه‌وانه‌ی خه‌ونی له‌ناو بردنی کوردو به‌ سوتمانکردنی کوردستانیان ده‌بینی، به‌ره‌و هه‌رێمی ژیان و شارستانیه‌تی مێدیا به‌ڕێکه‌وتن و له‌ کاتێکدا ژیان گوڵه‌ نێرگز بوو به‌ ده‌ستی مناڵانی کورده‌وه، ئه‌و داڵاشه‌ چنگ به‌خوێنانه‌ چه‌ندی توانیان ژاریان پژاند بۆ ئه‌وه‌ی ژیان نه‌هێڵن، ژیان بخنکێنن و خۆشه‌ویستی بکوژن و گوڵه‌ نێرگزه‌کانی ئاماژه‌ی نوێبوونه‌وه‌ی ژیان و هه‌رچی جوانیه‌ نه‌یهێڵن و بیژاکێنن.

****
به‌ڵێ ئه‌و به‌یانیه‌ جوان‌ و نه‌شه‌ بزوێنه‌ی ده‌ڤه‌ری هه‌ڵه‌بجه‌و شاره‌زور له‌ لایه‌ن فڕۆکه‌کانی ڕژیمی فاشیستی به‌عسه‌وه‌ ژه‌هر بارانکراو له‌ چه‌ند چرکه‌دا به‌ هه‌زاران مرۆڤ خنکان و بیناییان له‌ده‌ستدا و به‌ره‌و هه‌ڵدێری مردن بران.ده‌یان و سه‌دان زارۆک و مناڵی شیره‌خۆره‌، ژن و پیاوی گه‌نج و پیرو سه‌دان و هه‌زاران زینده‌وه‌ر و ئه‌وه‌ی ناوی ژیانه‌ به‌ ژانی دژواری ژه‌هری ژه‌هر پژێنانه‌وه‌ ده‌تلانه‌وه‌ و چاوه‌ڕوانی مردنیان ده‌کرد. ڕاست له‌ به‌یانیه‌کی جوان و ڕازاوه‌ی شاری هه‌ڵه‌بجه‌دا هه‌ڵه‌بجه‌ له‌خاجدرا و بوه‌ قوربانی بیری ڕه‌گه‌ز په‌رستانه‌ی شۆڤێنیسته‌کان و زیاتر له‌ پێنج هه‌زار که‌س به‌تاوانی کورد بوون له‌سه‌ر خاو وڵاتی خۆیان و له‌ ناو ژینگه‌و هێلانه‌ی خۆیان گیانیان لێسه‌ندراو به‌ هه‌زرانیش تا ئێستا هه‌روا به‌ ئازاری ئاسه‌واره‌کانی ئه‌و تاوانه‌ نامرۆڤانه‌و وحشیانه‌وه‌ ده‌تلێنه‌وه‌.ئێستا که‌ هه‌ڤده‌ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و تاوانه‌دا تێپه‌ڕیوه‌، به‌ خۆشیه‌وه‌ تاوانبارن له‌ به‌ندی تاوانه‌کانی خۆیاندان و گه‌لی کوردو هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌کان چاوه‌ڕوانی به‌سزا گه‌یاندن ئه‌وتاوانبارانه‌ن و ده‌خوازن له‌ شاری هه‌‌ڵه‌بجه‌و له‌ به‌رچاوی پاشماوه‌کانی قوربانیه‌کانی ئه‌وشاره‌دا دادگایی بکرێن.له‌و کاته‌وه‌ هه‌موو ساڵێک و له‌ ڕۆژی تاوانه‌که‌ی هه‌ڵبجه‌دا له‌ هه‌موو کوردستان و له‌ هه‌ر شوێنێک کوردێک هه‌بێ ئه‌و ڕۆژه‌ و ئه‌و تاوانه‌ی تێیدا ئه‌نجامدرا وه‌بیر ده‌هێنرێته‌وه‌ و جارێکی دیکه‌ش نفره‌ت له‌ بکوژانی هه‌ڵبجه‌ ده‌کرێته‌وه‌ و له‌ پێناوی نه‌هێشتنی تاوانی له‌و جۆره‌دا جیهان وشیار ده‌کرێته‌وه‌.
****
پاش ئه‌وه‌ی ڕژیمی تاوانباری به‌عس فڕێدرایه‌ ناو زبڵدانه‌وه‌و سه‌رانی تاوانباری گیران، پاش ئه‌وه‌ی کوردستان و هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ ژێر حوکمی خۆماڵی کورد خۆیدایه‌و ئه‌وه‌ نزیک پانزه‌ ساڵه‌ ئازادکراوه‌و هه‌مووشمان ده‌زانین که‌ ئه‌وه‌ی وه‌ده‌ست هاتووه‌ به‌رهه‌می خوێن و قوربانی کوردستانیه‌کان و به‌ تایبه‌ت هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌کانه، پرسیار ئه‌وه‌یه‌ چ پاداشتێکی هه‌ڵه‌بجه‌ و گشت قوربانیه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی وه‌حشیانه‌ی ڕژیمی ڕه‌گه‌ز په‌ره‌ست و فاشیستی به‌عس دراوه‌ته‌وه‌.هه‌موو ساڵێک یادی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ شکۆوه‌ ده‌کرێته‌وه‌ لێ له‌ هه‌مانکاتدا هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌کان و قوربانیه‌کانی ئه‌نفال و کیمیایی و گشت تاوانه‌کانی دیکه‌‌ی به‌عس که‌ به‌رامبه‌ر کورد کراوه‌ ،‌ نوقمی ئازارو یادی ئازیزانیان ده‌بنه‌وه‌ و به‌ سێلاو فرمێسک ده‌وه‌رێنن و ژانی تاڵی ئاسه‌واره‌کانیان زیندوو ده‌بێته‌وه‌و ده‌چنه‌وه‌ ناخی ڕۆژه‌کانی کاره‌ساته‌که‌ و له‌ گه‌ڵ ئه‌وانیش هه‌موو تاکێکی کورد له‌و ڕۆژه‌دا فرمێسکی پڕ له‌ ناسۆر بۆ ئه‌و نه‌هامه‌تی و کاره‌ساته‌ و گشت کاره‌ساته‌کانی دیکه‌ ده‌وه‌رێنن و ئه‌و ڕۆژانه‌ی که‌ هه‌ێنده‌ بێکه‌س بووین که‌ ده‌نگمان جگه‌ له‌‌ چیاکان به‌ هێچ شوێنک نه‌ده‌گه‌یشت و که‌س گوێی بۆ ئازارو ژان و هاواری ژێر چه‌پۆکه‌یمان نه‌ده‌گرت، ده‌وه‌رێنن.گه‌لی خوێنه‌ران، له‌ ڕۆژێکی وه‌ک 26ی ڕه‌شه‌ممه‌دا بۆ هه‌موو لایه‌ک پرسیاره‌ که‌ تۆ بڵێ ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی کوردستان چیان بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ کردبێت؟. ئه‌و هه‌ڵه‌بجه‌یه‌ی که‌ بۆته‌ هێمای ناسینه‌وه‌ی گه‌له‌که‌مانه‌ له‌ م جیهانه‌دا تا چه‌نده‌ ئاوڕی لێدراوه‌ته‌وه؟. ئایا به‌ ڕاده‌ی باڵای به‌رزی قوربانی و نه‌هامه‌تیه‌کانیان هه‌وڵی ساڕێژکردنه‌وه‌ی برینه‌کانیان دراوه‌؟. به‌داخه‌وه‌ ده‌بێ بڵێم چاوه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌کان و لاپه‌ڕه‌ی سایت و ڕۆژنامه‌کان پێمان ده‌ڵێن که‌ جگه‌ له‌ چه‌ند پڕۆژه‌ی ڕواڵه‌تی هیچیان بۆ نه‌کراوه‌ و هه‌ڵه‌بجه‌ له‌سه‌رده‌می ئازادیدا هه‌روا بێنازو بێکه‌س دیاره‌. بۆیه‌ش له‌ یادی ئه‌و کاره‌ساته‌ ویژدان هه‌ژێنه‌دا وێڕای سڵاو له‌ هه‌ڵه‌بجه‌و گیانی قوربانیه‌کانی ئه‌و کاره‌ساته‌و به‌جێماوه‌کانیان، ده‌ڵێین با هه‌موو لایه‌ک هه‌وڵ بده‌ن هه‌ڵه‌بجه‌ ئاوه‌دانبکرێته‌وه‌و‌ که‌شێکی وا بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌کان بئافرێنرێ که‌ هه‌ست به‌وه‌ بکه‌ن که‌ هه‌ست به‌ ژان و ئازاره‌کانیان کراوه‌ و دروشمه‌کان هه‌ر په‌یڤی ڕوت نین و مه‌به‌ست لێنا بازرگانی و خۆڕانان نیه‌. هه‌ڵه‌بجه‌ پێویستی به‌ ئاوڕدانه‌وه‌ و ساڕێژکردنه‌وه‌ی برینه‌کانیه‌تی، پێویستی به‌وه‌یه‌ ململانێی ده‌سه‌ڵات و به‌رژه‌وه‌ند خوازی ئازاره‌کانی قوڵ نه‌کاته‌وه و زامه‌کانی له‌بیر نه‌برێته‌وه‌،‌ گه‌ره‌کیه‌تی به‌ یه‌کیه‌تی هه‌ڵوێست و کرده‌وه‌ هه‌وڵی وه‌ستهێنان و مسۆگه‌ر کردنی داهاتووی ئاشتی و ئاسوده‌یی بدرێت و به‌مه‌ش لانی که‌می زامه‌کانیان ساڕێژ بکرێته‌وه‌‌.

نفره‌ت له‌ داگیرکه‌ره‌ تاوانباره‌کان و گشت ئه‌وانه‌ی له‌ ڕۆژ ڕه‌شی و کاره‌ساته‌کانی ئه‌م نه‌ته‌وه‌دا پشکیان هه‌یه‌.‌به‌رزو به‌ڕێز بێت یادی کاره‌ساتی جه‌رگبڕو ویژدان هه‌ژێنی هه‌ڵه‌بجه‌ی کوردستان

تێبینی: ئه‌م نوسراوه‌ له‌ ڕۆژی 26ی ڕه‌شه‌ممه‌ نوسراوه‌ بۆ ڕادیۆی کوردی باشوری ئوسترالیا

مانگه‌کانی ڕه‌شه‌ممه‌و خاکه‌لێوه‌ دوو مانگی پڕ له‌ ڕوداو

(یادێک له‌ ڕوداوه‌کانی ڕه‌شه‌ممه‌ی 2703)

مانگی ڕه‌شه‌ممه‌و خاكه‌لێوه‌وه‌ دو مانگن كه‌ له‌ مێژووی گه‌لی كوردستاندا پڕن له‌ ڕووداوی خۆش و ناخۆش. كه‌م ساڵ هه‌یه‌ به‌ تایبه‌ت له‌و چه‌ند ده‌یه‌ی ڕابردوودا كه‌ ڕوداوێك له‌و دو مانگه‌دا ڕووی نه‌دا بێت و خۆش یا ناخۆش لاپه‌ڕه‌یه‌كی مێژووی كوردستانی بۆ خۆی ته‌رخان نه‌كردبێت. ڕووداوه‌كانی ساڵی پاریش له‌م دوومانگه‌دا نه‌خشی خۆیان له‌ مێژووی نوێ كوردستاندا دا، خۆش و ناخۆش جارێكی دیكه‌ ئاوێته‌ی یه‌كدی بوونه‌وه‌‌و له‌ باڵای مێژووی پڕ له‌ كاره‌سات و كه‌متر سه‌ركه‌وتن و زۆرتر به‌رخوه‌دانی به‌رده‌وامی نه‌ته‌وه‌ییمان ئاڵان. جیاوازی ئه‌و دومانگه‌ به‌ره‌و به‌هاره‌ی پار ساڵ له‌گه‌ڵ ساڵه‌كانی دیكه‌ زۆره‌. بۆ یه‌كه‌م جار له‌ مێژووی گه‌لی كوردا له‌ ناو ده‌ستوری وڵاتێكدا ددان به‌ فیدراڵی جوگرافیی مێژوویی بۆ كوردستان و به‌ فه‌رمی كردنی زمانی كوردی هاوشان له‌گه‌ڵ زمانی عاره‌بی له‌ ئێراق و ناسینی حكومه‌تی كوردستان و گه‌لێك شتی دیكه‌دا نرا . ئه‌گه‌رچی ئه‌وه‌ی له‌و ده‌ستوره‌دا هاتبوو و تا ئه‌مڕۆژانه‌ش که‌ دوارۆژه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تی کاتی ئێراقن جێبه‌جێ نه‌کراون و مافه‌ گونجێنراوه‌کانیش له‌و یاسایه‌دا له‌ ڕاستیدا‌ پڕ به‌ پێستی داخوازییه‌كانی گه‌لی مه‌ نین‌و له‌گه‌ڵ باڵای به‌رزی قوربانیه‌ بێ ئه‌ژماره‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان ته‌بانین،‌ به‌ڵام نكۆلی له‌وه‌ش ناكرێ كه‌ زۆر له‌ ویسته‌كانی ئه‌وکاتی سه‌ركردایه‌تی سیاسی باشوری كوردستانی تێدا مسوه‌گه‌ر بوو‌. هه‌ر ئه‌و ڕوداوه‌ش له‌ ڕۆژی هه‌شتی مارچدا بوه‌ بیانوییه‌ك كه‌ ڕۆڵه‌كانی گه‌لی كورد له‌ په‌نای ده‌ربڕینی شادی و خۆشی خۆیان بۆ ئه‌و ڕوداوه‌، ڕقی پنگخواردووی ده‌یان ساڵه‌ی خۆشیان له‌ به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستان جارێكی دیكه‌ ده‌رببڕن و هاواری باشور، باكور ڕۆژهه‌ڵات یه‌ك ده‌وڵه‌ت و یه‌ك وڵات به‌گوێ داگیركه‌رانی كوردستاندا بده‌ن و ڕایانچڵه‌كێنن. ئه‌و ڕابوونه‌ی پارساڵ ‌ به‌ته‌واوی ڕابوونێكی نه‌ته‌وه‌یی و كوردستانی بوو. مڕۆڤ كاتێك دروشمه‌كانی ده‌بیست و له‌ ڕێبازی خۆنیشاندانه‌كانی ده‌ڕوانی و به‌ چاكی لێیان ڕاده‌ما‌، له‌وه‌ی دڵنیا ده‌بوو كه‌ وشیاری و ڕاده‌ی تێگه‌یشتنی جه‌ماوه‌ری گه‌له‌كه‌مان گه‌لێك به‌رز ببووه‌و به‌بێ ئه‌وه‌ی ڕێبه‌ری و ڕێكخستنێكیان هه‌بوو بێت دروشمه‌كانی ڕۆژی خۆیان دیاری كردوه‌و له‌گه‌ڵ دروشمی ستراتیژییه‌كان و ئامانجه‌ ڕاستینه‌كه‌یان یه‌كیان خستوه‌و به‌ده‌نگی به‌رز ڕایانگه‌یاندوه‌. له‌ نێو خۆ نیشانده‌انه‌كاندا دیارده‌یه‌كی نوێ كه‌ ئه‌ویش وه‌ك دروشمه‌كانی خۆ نیشانده‌ران سه‌لمێنه‌ری ڕاده‌ی وشیاری گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یی بوونی داخوازیه‌كانیان بوو هه‌ڵگرتنی ئاڵای كوردستان كه‌ ته‌نانه‌ت ڕاگه‌یه‌ندنه‌كانی سه‌ر به‌ڕژیمیش نه‌یانتوانی حاشای لێبكه‌ن(هه‌روه‌ك چۆن ڕاگه‌یاندنه‌کانی ڕژیمی داگیرکه‌ری کۆماری ئیسلامی به‌وه‌ دڵی خۆیان ده‌دایه‌وه‌ كه‌ بڵێن ئاڵای كوردستانی عێراقیان له‌ ده‌ست دابوه!). له‌وه‌ش سه‌رنج ڕاکێشتر ئه‌وه‌ بوو که‌ خۆنیشانده‌ران له‌ مه‌هاباد ئاڵای كوردستانیان له‌ شوێنێكدا چه‌قاندوو شه‌کانده‌وه‌ كه‌ پێشتر یه‌كه‌مین سه‌رۆ‌ك كۆماری كوردستانی لێ له‌دار درابووو‌. هه‌ر ئه‌وان به‌ مه‌شێكی مه‌زن و به‌ دروشمی پێشه‌وا پێشه‌وا ڕێگات درێژه‌ی هه‌یه‌ به‌ره‌و گڵكۆیی پێشه‌وای كوردستان چوون و پیرۆزبایی سه‌ركه‌وتن و ده‌سكه‌وتی نوێیان لێده‌كرد و مژده‌ی نزیكبونه‌وه‌ی وه‌دی هاتنی ئاواته‌كه‌یان پێدا كه‌ له‌ به‌ناو دادگایی كردنه‌كه‌یی به‌رانبه‌ر به‌ جه‌للاده‌كانی ڕژیمی شا گوتبووی: دڵنیام ڕۆژێك دادێ ڕۆڵه‌كانی كورد ئاڵای پیرۆزی كوردستان له‌سه‌ر ئه‌و بینایه‌ی كه‌منی تێیدا دادگایی ده‌كرێ هه‌ڵبده‌ن. ئه‌مه‌ ناكرێ له‌ خۆڕا بێت. گه‌ل ده‌زانێ چده‌كات و ده‌زانێ كه‌ ئامانجی پێشه‌وا و یه‌كه‌م سه‌ركۆماره‌كه‌یان چی بوه‌. بۆیه‌ش ده‌چنه‌ سه‌ر گڵكۆكه‌ی‌و ئه‌و ئاڵایه‌ی پێشه‌وا سوێندی پێخوارد له‌سه‌ر سه‌ریان داده‌نێن و هاواری یه‌ك وه‌ڵات و یه‌ك ده‌وڵه‌ت ده‌كه‌ن. له‌ شاری مه‌ریوانیش خه‌ڵك له‌گه‌ڵ گوتنه‌وه‌ی ئه‌و دروشمانه‌ به‌ هه‌ڵگرتنی ئاڵای كوردستانه‌وه‌ ده‌چنه‌ گۆڕه‌پانی شارو په‌یكه‌رێك كه‌ سومبولی ڕژیمی داگیركه‌ری كۆماری ئیسلامیه‌ ده‌هێننه‌ خوار و به‌ مه‌ش په‌یامی خۆیان به‌ داگیركه‌ران ده‌گه‌‌یه‌نن. له‌م ڕوداوانه‌دا ده‌ورو نه‌خشی ڕێكخراوه‌ سیاسیه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات زۆركه‌م یان هه‌ر نه‌بوو. گه‌ل پێش حزبه‌كان كه‌وتن و دروشمیان بۆ دیاری ده‌كردن و ئاڵای كوردستانیان به‌ چاودا دا‌ن. ئه‌و خۆ نیشاندانانه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی په‌یامێكی ڕاچڵه‌كێنه‌ر بوو بۆ ڕژیمه‌ داگیركه‌ره‌كان، په‌یامێكی گرنگیش بوو بۆ ڕێكخراوه‌ سیاسیه‌كانی كوردستان كه‌ هه‌ركامه‌ به‌نۆبه‌ی خۆی، خۆی به‌ نوێنه‌ر و ڕێبه‌ری خه‌بات و داخوازیه‌كانی كورد ده‌زانێ. ئه‌و خۆنیشاندانانه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ئه‌وه‌ی نیشاندا كه‌‌ ئه‌گه‌رچی ڕێكخراوه ‌سیاسیه‌كان به‌ خشكانی و به‌پێی كیسه‌ڵ بۆ خۆ گۆڕین هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرن و هه‌ندێکجاریش خۆگۆڕین و نیمچه‌ گۆڕانه‌کانیشیان وه‌ک‌ شتێکی ڕواڵه‌تی نه‌ک بناخه‌یی و جه‌وهه‌ری ده‌چێ، لێ به‌لێ گه‌ل گه‌لێك له‌ پێش ئه‌وانه‌وه‌یه‌ و له‌ ڕێی خۆ گۆڕینی ئه‌وان كڕ دانه‌نیشتوه‌. به‌ بێ چاوه‌ڕوانی لێیان دروشمی ڕۆژو ئامانجی ڕاستینه‌یان دیاریده‌که‌ن.

یه‌کێکی دیکه‌ له‌و ڕوداوانه‌ی که‌ ساڵی پار له‌مانگی ڕه‌شه‌ممه‌دا ڕویدا و په‌رده‌ی شه‌وه‌زه‌نگی دیكتاتوڕی ڕژیمی به‌عسی سوری هه‌ڵدڕی و نه‌تره‌ی عروبه‌ی برد، سه‌رهه‌ڵدانی شاری دیرۆکی قامیشلۆی ده‌لال بوو‌. گه‌لی باشوری ڕۆژئاوای كوردستان ساڵانێکی زۆره‌ کڕ وه‌ك ژیله‌مۆ له‌بن خۆڵه‌مێش ده‌بریساكانه‌وه‌. ساڵانێكی زۆر بوو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی سوری بێڕێزی به‌وان ده‌كرد، ده‌یگرتن و ده‌یکوژتن و حاشای له‌بوونیان ده‌کرد‌، به‌ڵام گه‌ل هه‌روا خۆی ده‌خوارده‌وه‌و پنگی خواردبوه‌وه‌و له‌ده‌رفه‌ت ده‌گه‌ڕا تا كوڵووكۆی هه‌ڵڕێژێ. گه‌لی باشوری ڕۆژئاڤای کوردستان له‌به‌ر هه‌ڵکه‌وتی جوگرافی ئه‌و پارچه‌یه‌ له‌ دۆخێکی وه‌هادا نه‌بوون که‌ وه‌ک پارچه‌کانی دیکه‌ خه‌باتی چه‌کداری دژی ڕژیمی داگیرکه‌ری سوری بدۆمێنن و هه‌ڵیگیرسێنن بۆیه‌ش به‌هیوای سه‌رکه‌وتن و به‌ ئاکام گه‌یشتنی بزاڤی نه‌ته‌وه‌یی له‌ پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان به‌شداری تێکۆشان و خه‌باتی ئه‌و به‌شانه‌یان ده‌کردو پشتگیریان ده‌کرد. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌داخه‌وه‌ چ هێزه‌كانی باكور و چ هێزه‌كانی باشوور بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن له‌ كه‌ره‌م و ڕه‌حمه‌تی حكومه‌تی سوریه‌ بێبه‌ش نه‌بن، له‌ ناوهێنانی ڕۆژئاوای كوردستان خۆیان ده‌پاراست و په‌ره‌یان‌ به‌و هزره‌ی كه‌ كوردی ئه‌وێنده‌رێ شوێنه‌كه‌یان بۆ ئه‌وه‌ی نابێت كه‌ كێشه‌ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی سوری دروست بكه‌ن، ده‌داو به‌مه‌ش هه‌وڵی دامركاندنه‌وه‌ی گیانی سه‌رهه‌ڵدانیان له‌و به‌شه‌ی كوردستان ده‌دا. هه‌مو هێزه‌كانی كوردستانیش ده‌زانن كه‌ گه‌لی مه‌ له‌و به‌شه‌ی كوردستان هه‌رده‌م وه‌ك پاڵپشت و وزه‌ی ڕۆژی ته‌نگانه‌ فریای به‌شه‌كانی دیكه‌ی كوردستان به‌ تایبه‌ت باشوورو باكور كه‌وتوون. به‌ هه‌زاران ڕۆڵه‌ی ئه‌وبه‌شه‌ی كوردستان له‌ ڕیزی بزاڤی كوردایه‌تیدا گیانیان به‌ختكردوه‌و هه‌ر ئێستاش خه‌ریكی تێكۆشانن. گیانی به‌رخۆدان و هه‌ستی نیشتمانپه‌روه‌ریش نه‌ک هه‌ر لاواز نه‌بوو به‌ڵکوو فره‌ به‌هێزیش بوو.
ڕاپه‌ڕینی ڕۆژی 22ی ڕه‌شه‌ممه‌2703 له‌ قامیشلۆ که‌ له‌ ئاكامی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی پیلانێكی دارێژراوی عروبه‌ی (دێرازۆرێ) و به‌ هاوكاری عروبه‌ی هاورده‌ی قامیشلۆ له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ی ده‌وڵه‌تی دیكتاتۆری ئه‌سه‌ده‌كان سه‌ری هه‌ڵدا سه‌لمێنه‌ری ئه‌و ڕاستیه‌ن. له‌و ڕۆژه‌دا ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ عرووبه‌ به‌ بیانوی پشتگیری تیمی تۆپیپێی فتوا‌ی دێرازۆرێ، به‌ ئاماده‌یی و خۆ ته‌یاركردنه‌وه‌ دێنه‌ قامیشلۆ. له‌وێ له‌ ناو بازاڕدا دروشمی دژی كوردان ده‌ده‌ن و لایه‌نگری له‌ سه‌ددام و فه‌لوجه‌ییه‌كان ده‌كه‌ن. پاشان له‌ گۆڕه‌پانی یارییش درێژه‌ به‌و كاره‌ ده‌ده‌ن و له‌ به‌رامبه‌ردا گه‌لیش به‌ دروشمی كوردستانی وه‌ڵامی عروبه‌ی ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ست و لایه‌نگرانی سه‌ددامی گۆڕكراو ده‌ده‌نه‌وه. سه‌ره‌نجام عروبه‌ی پیلانگێڕ به‌گژ جه‌ماوه‌ری كوردا ده‌چن و به‌دارو به‌ردو ده‌مانچه‌‌وه‌ هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر‌یان. هه‌ر له‌وێدا چه‌ند كه‌س ده‌كوژرێن و ژماره‌یه‌كی زۆر بریندار ده‌بن. كاتێك جه‌ماوه‌ری كوردستانی ده‌زانن ئه‌وه پۆلیس و له‌شكری سوری به‌ هه‌ڤڕا له‌ كوردان ده‌ده‌ن، بریسكه‌ی ناو ژیله‌مۆ ده‌بێته‌ گڕو، كڵپه ‌ده‌ستێنێ. به‌ڵێ جه‌ماوه‌ری وشیاری گه‌ل به‌ یه‌كگرتوویی به‌گژ عروبه‌و جه‌لاده‌كانی به‌عسی ئه‌سه‌دی دا ده‌چن. دروشمه‌كانی ئه‌وێنده‌رێش دروشمی نه‌ته‌وه‌یی بوون‌ و ئاڵای كوردان له‌ باشوری ڕۆژئاڤاش ده‌بێته‌ ڕه‌مزی ڕاپه‌ڕین و به‌رز به‌رز ڕایده‌گرن. جه‌ماوه‌ری گه‌ل به‌ پیرو جوان، ژن و منداڵ پێكه‌وه‌ ده‌بنه‌ هێزێكی له‌بن نه‌هاتوو به‌گژ داموو ده‌زگا و هێزه‌ سه‌ركوتكه‌ره‌كانی به‌عس و عروبه‌دا ده‌چنه‌وه‌. هه‌ر شوێنێك داموده‌زگای ده‌وڵه‌تی داگیركه‌ری عروبه‌ی لێبوو‌ گه‌لی ڕاپه‌ریویش له‌وێبوو هێرشیان بۆده‌کردو ده‌سوتێنران و وێرانده‌کرا. به‌ڵێ لێره‌ش گه‌ل له‌پێشه‌وه‌ی حزبه‌ زۆره‌كانی باشوری ڕۆژئاواوه‌ بوون و ئه‌وانیان له‌ خه‌وی بێ ئاگایی هه‌ستاند. بۆ یه‌كه‌م جار له‌شاری قامیشلی ڕقی په‌نگخواردووی گه‌ل په‌یكه‌ری ڕه‌زاقورسی ئه‌سه‌دی له‌زه‌ویدا و وێنه‌و هێماكانی به‌عسیان هه‌پرۆن به‌ هه‌پرۆن كرد. ڕاپه‌ڕین و سه‌رهه‌ڵدان له‌ماوه‌ی سێ ڕۆژدا پارێزگای حه‌سه‌كه‌ و حه‌له‌ب و ناوچه‌كانی عه‌فرین و كۆبان و گه‌ڕه‌كه‌ كوردیه‌كانی شامیشی گرته‌وه‌‌و به‌ ده‌یان كه‌س گیانیان به‌خت كردوو به‌سه‌دان كه‌س بریندار بوو، زیاتر له‌ هه‌زار که‌سیش ‌ گیران.بێگومان ئه‌و ڕاپه‌رین و سه‌ر هه‌ڵدانه‌ی باشوری ڕۆژئاڤای وڵات وه‌رچه‌رخان و ڕاتڵه‌کانێکی گه‌وره‌بوو له‌ مێژوویی خه‌بات و به‌رخۆدانی نه‌ته‌وه‌که‌مان له‌و پارچه‌ی کوردستان. گه‌لی خه‌باتکاری باشوری ڕۆژئاوای وڵات سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی خاوه‌نی ڕێبه‌ڕایه‌تیه‌کی تۆکمه‌و یه‌کگرتوو نه‌بوون، به‌ڵام له‌ ڕاپه‌ڕیندا به‌یه‌کگرتوویی به‌گژ به‌عسیه‌ ڕه‌گه‌زپه‌رسته‌کاندا چونه‌وه‌ و ته‌نانه‌ت به‌م کاره‌یان پارت و هێزه‌ سیاسیه‌کانی ئه‌و پارچه‌یان له‌خه‌و هه‌ستاند.

ڕوداوه‌کانی باشوری ڕۆژئاوای کوردستان و خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری تێکۆشه‌ر له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌بۆنه‌ی په‌سه‌ندکردنی فیدراڵی له‌ یاسای کاتی بۆ کۆناخی گواستنه‌وه‌ی ئێراق و پشتگیری گه‌لی باکوری کوردستان و پێکهێنانی ده‌یان خۆپیشاندان له‌ وه‌ڵاتانی ده‌ره‌وه‌ی کوردستان له‌ ڕه‌شه‌ممه‌و خاکه‌لێوه‌ى ساڵی پاردا به‌گشتی ئاماژه‌ی‌ وشیاری و سوربوونی گه‌له‌که‌مان بۆ وه‌ده‌ستهێنانی خۆزگه‌کانی له‌لایه‌ک و له‌و لایتریشه‌وه‌ گرێدانه‌وه‌ و به‌ستراوه‌یی گشت پارچه‌ دابڕاوه‌کانی کوردستانی هه‌زار پات کرده‌وه‌. له‌وه‌ش زیاتر پارت و ڕێکخراوو هێزه‌ سیاسیه‌کانی کوردستانی وشیارکرده‌وه‌ که‌ په‌له‌ له‌ به‌خۆدا چونه‌وه بکه‌ن و دروشم و ئامانجه‌کانیان له‌گه‌ڵ ئامانجه‌کانی ئه‌مرۆیی کوردستانیه‌کان نزیک بکه‌نه‌وه‌. ئه‌گه‌رچی به‌داخه‌وه‌ هێزه‌کانی ئه‌و به‌شانه‌(باکور، ڕۆژهه‌ڵات، باشوری ڕۆژئاڤا) هێشتا له‌ ژێر سێبه‌ری خۆ به‌زلزانین و خۆ به‌ڕاست زانیندا کاس بوون و ئاماده‌نین هه‌ڤدوو په‌سند بکه‌ن و هه‌روا ئه‌سپی به‌رژه‌وه‌ندخوازی و تاکه‌سواری لینگده‌ده‌ن، به‌ڵام، گرنگه‌ ئه‌وه‌ی بزانن که‌ ئه‌گه‌ر له‌ گه‌ل و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی به‌خاوه‌ن ده‌ر نه‌که‌ون و چاری نه‌خۆشی خۆ په‌سه‌ندی خۆیان نه‌که‌ن ئه‌وا هه‌روه‌ک له‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌ی پێکرا گه‌ل له‌ پێشه‌وه‌یه‌ و ئه‌وان ده‌بنه‌ هه‌ژگه‌ڵ و به‌دوای جه‌ماوه‌ردا ده‌خشێن!.

ئه‌م دو هه‌یڤه‌ له‌ مێژووی پڕ له‌ کاره‌سات و هه‌ورازوو نشێوی نه‌ته‌وه‌که‌ماندا ته‌نێ ئه‌و ڕوداوه‌ ئاماژه‌ پێکراوانه‌ی تێدا ڕووی نه‌داوه‌و ده‌یان ڕوداوی وه‌ک: نه‌وروۆزی خوێناوی سنه‌، کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌، سێی ڕه‌شه‌ممه‌ی سنه‌، له‌داردانی پێشه‌وای کوردستان، ڕاپه‌ڕینه‌کانی باشوری کوردستان، کۆڕه‌وو ئه‌نفال و به‌یانی یازده‌ ئادارو ده‌یان ڕوداوی دیکه‌ تێیاندا ڕویانداوه‌ و بوونه‌ به‌شێک له‌ مێژووی نه‌ته‌وه‌که‌مان‌. پێیده‌چێ مانگی ڕه‌شه‌مه‌ و خاکه‌لێوه‌ بۆ کورد به‌ ئه‌نقه‌ست کرابێته‌ مانگی ڕوداوه‌ تاڵ و ناخۆشه‌کان و داگیرکه‌ران هه‌وڵیان داوه‌ له‌و دومانگه‌دا که‌ لای کوردان مانگی تێکشکانی دێوه‌زمه‌ی زستان و نوێبوونه‌وه‌ی ساڵ و به‌هاری کورده‌واریه‌ هه‌موو تاوانه‌کانیان ئه‌نجام بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ره‌ڕای داگیرکردنی خاکو وڵاته‌که‌مان ڕێگه‌ نه‌ده‌ن خۆشی له‌ خۆمان ببینین و ئاوه‌دانی و ژیانی ئاسایی ڕوو له‌و هه‌رێمه‌ بکات. زانینی ئه‌و ڕاستیه‌ش وای له‌ نه‌ته‌وه‌ی دلێری کورد کردوه‌ که‌ به‌گژیاندا بچێته‌وه‌و له‌ جیاتی تێکشکان و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان سه‌رکه‌وتنی تۆمار کردوه‌و سه‌ره‌نجام به‌هاری هه‌روا به‌به‌هاری خۆڕاگری و نوێبوونه‌وه‌و ژیانه‌وه‌ هێشتۆته‌وه‌. ئه‌مساڵیش هه‌روه‌ک ساڵانی به‌رێ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی یادی ڕۆژه‌ تاڵ و ناخۆشه‌کانی ئه‌م مانگه‌ ده‌کرێته‌وه‌ ڕۆژانی ڕاپه‌ڕین و سه‌رکه‌وتنه‌کان پیرۆز ده‌کرێن و به‌مه‌ش مێژووی پڕ له‌ تراژیدی و ناخۆشیه‌کان تێکه‌ڵ به‌ ڕۆژانی سه‌رکه‌وتن ده‌بنه‌وه‌و به‌ هه‌موویان له‌ باڵای به‌رزی هیواکانمان ده‌ئاڵێن و به‌ره‌و پیلی به‌هارو سه‌رکه‌وتنی نوێ ملده‌نێن.

له‌ کۆتاییدا له‌ گه‌ڵ پیرۆزکردنی یه‌که‌مین ساڵڕۆژی سه‌ر هه‌ڵادنی باشوری ڕۆژئاوای کوردستان که‌ له‌ قامیشلۆی ده‌لاله‌وه‌ سه‌ری هه‌ڵدا سڵاویش بۆ قوربانیه‌کانی ئه‌و ڕاپه‌ڕینه‌ به‌عس تۆقێنه ده‌نێرم و هیوای ئه‌وه‌ش ده‌خوازم که‌ گشت ڕۆڵه‌کانی گه‌له‌که‌مان به‌ یه‌کگرتووییه‌وه‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌ بده‌ین که‌ ئه‌م مانگه‌ پڕ له‌ ڕوداوانه‌ که‌ تا نوکه‌ زۆرتر تراژیدی و قوربانیدان بوون بکه‌ینه‌ مانگ و هه‌یڤ و ڕۆژانی سه‌رکه‌وتن و به‌ده‌ست هێنانی سه‌رکه‌وتنی نوێ.

Saturday, March 05, 2005

پیرۆز بێت ساڵڕۆژی ڕاپه‌ڕینی باشوری کوردستان

پیرۆز بێت ساڵڕۆژی ڕاپه‌ڕینی باشوری کوردستان

پاش ساڵانێکی زۆری حاشاکردن، کوشتن و وێرانکردن، ئه‌نفال و جینۆسایدی نه‌ته‌وه‌ی چه‌وسێنراوه‌ی کورد، ساڵانێکی پڕ له‌ خه‌بات و نه‌وه‌ستان و به‌رخوه‌دان، سه‌رده‌مێکی پڕ له‌ ئازارو مه‌ینه‌تی و ڕۆژڕه‌شی، دوای سه‌رده‌م و ده‌ورانێکی فره‌ی به‌که‌م گرتن و سوکایه‌تی و پێخوستکردن، ڕۆژگارێکی مه‌ودا درێژی پڕ له‌ که‌ندوو کۆسپ و خاپورکردن و کاولکردنی سه‌ره‌تاکانی ژیان له‌ کوردستان، ڕۆژانێکی پڕ له‌ دژورای و هه‌ڵه‌تی خه‌باتی شاخ و ناو ئه‌شکه‌وت و شه‌ونخونیه‌کان، دژواری و ئه‌شکه‌نجه‌و ئازاری ناو به‌ندیخانه‌ زۆردارانه‌کانی ڕژیمی به‌عسی عاره‌بی و سه‌ره‌نجام ساڵ و ڕۆژگارو سه‌رده‌مانێکی پڕ له‌دژواری دورودرێژی خنکاندنی هه‌ناسه و هاواره‌‌کانی بێبه‌شانی کوردستان به‌ لێدانی یه‌که‌م چه‌خماخه‌ی ڕاپه‌ڕینی ڕۆڵه‌کانی گه‌له‌که‌مان له‌ ئوردوگای زۆره‌ملی خه‌بات که‌ خه‌ڵکی ڕاگوێزراوی قه‌ڵادزێی تیا جێگیر کرابوو، ده‌ستپێکی سه‌ره‌تای کۆتایی ئه‌و ڕۆژگارو سه‌رده‌مانه‌ ڕاگه‌یاند. ئه‌و چه‌خماخه‌ی که‌ کڵپه‌ی له‌ ڕانیه‌ ده‌روازه‌ی ڕاپه‌ڕین هه‌ستا و ڕاپه‌ڕینی باشوری کوردستانی لێکه‌وته‌وه‌و له‌ماوه‌ی 20 ڕۆژدا باشوری کوردستان به‌ شاری که‌رکوکیشه‌وه‌ له‌ ژێرچه‌پۆکی ڕژیمی داگیرکه‌ری به‌عس ڕزگاری بوو.

بێگومان، ئه‌و ڕاپه‌ڕینه‌ شکۆداره سه‌ره‌تای ده‌ستپێکی قۆناخێکی نوێ بۆ خه‌باتی ڕزگاری خوازانه‌ی نه‌ته‌ویی کورد بوو. به‌واتایه‌کی دیکه‌ وه‌رچه‌رخانێکی دیارو سه‌ره‌تای ڕاتڵه‌کانێکی گۆڕێنه‌رو هه‌ڵته‌کێنه‌ری مێتود و شێوازه‌کانی به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی‌ ئه‌م خه‌باته‌ بوو. حاشا له‌وه‌‌ ناکرێ که‌ ڕه‌خسانی ده‌رفه‌تی ڕاپه‌ڕینی باشوری کوردستان ده‌ره‌نجام و به‌رهه‌می گۆڕانکاریه‌کانی ناوچه‌و ئاکامێکی ڕاسته‌وخۆی داگیرکردنی میرنشینی کوه‌یت و هێرشی هاوپه‌یمانان به‌ سه‌رۆکایه‌تی ئه‌مریکا بۆ ڕزگار کردنی ئه‌و میرنشینه‌ عاره‌بیه‌ له‌چنگی دیکتاتۆڕێکی وه‌ک سه‌ددام بوو. ئه‌مه‌ش بۆخۆی ڕه‌هه‌ند و پێشینه‌ی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه‌و گه‌ره‌کی ڕۆچوون و خوێندنه‌وه‌ی ورده. به‌ڵام ئه‌و دۆخه‌ی ئه‌م ده‌رفه‌ته‌‌ی ڕه‌خساند که‌ ڕکوو بێزاری لێوڕێژبووی ده‌یانساڵه‌ی کورد له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و داگیرکه‌ره‌ دڵڕه‌که‌ی‌ لێ بڕژێ و بوه‌ هۆکاری قڵپ بوونه‌وه‌ی ده‌یانساڵ خۆخۆاردنه‌وه‌و بێزاری له‌ ڕاده‌به‌ری خه‌ڵکی کوردستان و ده‌ربڕینی هاواری له‌ گه‌رودا ڕاگیراوی نه‌ته‌وه‌یه‌کی ماف پێشێلکاروی وڵات کاولکراوو داگیرکراوی وه‌ک کورد ده‌کرێ بگوترێ له‌بارترین دۆخ بوو و گه‌لیش بێباکانه‌ قۆستیه‌وه‌. هه‌ر له‌و کاته‌وه‌و پاش تێکشکانی ڕژیم و ڕزگار بوونی باشوری وڵات له‌ ڕاپه‌ڕینی یه‌که‌مدا گه‌ل هه‌ناسه‌یه‌کی وه‌به‌ر هاته‌وه‌و هیوا و خه‌ونه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌مان زیندوو بوونه‌وه‌و له‌ ڕاستیدا ده‌رگای ده‌رفه‌تێکی مێژوویی و که‌م وێنه‌ له‌سه‌ر داهاتووی نه‌ته‌وه‌که‌مان که‌وته‌ سه‌ر گازه‌ره‌ی پشت. دۆخ و ده‌رفه‌تێک که‌ بۆ گه‌لی دابه‌شکراوو وڵات داگیرکراوی کورد ده‌گمه‌ن بوو.

گه‌رچی ڕاپه‌ڕینی یه‌كه‌م ڕاپه‌ڕینی دوهه‌م و کۆڕه‌ویشی لێکه‌وته‌وه‌ و نه‌ته‌وه‌که‌مان تووشی گه‌لێک نه‌هامه‌تی هات، به‌ڵام ئه‌و درگایه‌ی که‌ به‌ ڕاپه‌ڕین و بارودۆخی پێش و پاش ڕاپه‌ڕین له‌سه‌ر کورد کرایه‌وه‌ هه‌روا کراوه‌ بوو پێویستی به‌ سه‌رکرده‌و سه‌رکردایه‌تی سیاسی و لێزان و هوشیارو تیژبین هه‌بوو. به‌داخه‌وه‌ سه‌ره‌تا سه‌رکردایه‌تی کوردستانی و هێزه‌ وزه‌داره‌کانی گۆڕه‌پانی کوردستان به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان زۆر له‌ پێش به‌رژه‌وه‌ندیی و ستراتیژی نه‌ته‌وه‌که‌یانه‌وه‌ داده‌ناو هه‌ر ئه‌مه‌ش گه‌لێک نه‌هامه‌تی له‌گه‌ڵ خۆی هێناو پاش ڕاپه‌ڕینیش نه‌ته‌وه‌ی ئێمه‌ له‌ باشوری کوردستان به‌ سه‌ر گه‌لێک قۆناخی دژواردا تێپه‌ڕی و ڕوداوی فره‌ تاڵ و کاره‌ساتی خوێناوی زۆری به‌سه‌ر هات و ته‌نانه‌ت ته‌می نائومێدیش بۆ ماوه‌یه‌ک به‌سه‌ریدا کشاو بۆوێنه‌ ئه‌زموونی شه‌ڕی خۆکوژی و وڵاتجێهێشتن و ده‌سته‌وداوێنی داگیرکه‌ر بوون و په‌نابردنه‌ به‌ر به‌عسیه‌کانیشی تاقیکرده‌وه‌و‌ پێیاندا تێپه‌ڕی. ئه‌زموونگه‌لێک که‌ حه‌وجێ به‌ په‌ند لێوه‌رگرتنن و هێنده‌ تاڵ و ڕه‌زاقورس و ناشیرین بوون ده‌یان ساڵی ده‌وێ که‌ ئاسه‌واریان نه‌مێنێ و کاریگه‌ریه‌کانیان بسڕدرێته‌وه‌. ئه‌وه‌ی جێ خۆشی و دڵپێخۆشکردنه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌مڕۆ پاش نزیک به‌ چوارده‌ساڵ و له‌ناوچوونی هه‌میشه‌یی ڕژیمی دیکتاتۆڕو فاشیستی عروبه‌ی ئێراق، ده‌سکه‌وته‌کانی ڕاپه‌ڕین بۆ خۆیان ده‌دوێن و چاوچاوێنمان له‌گه‌ڵ ده‌که‌ن.

ڕه‌نگه‌ به‌ سێنایی نه‌بێ که‌ هه‌موو ده‌ستکه‌وته‌کانی ئه‌و ڕاپه‌ڕینه‌و ئاکامه‌ ئه‌رێنیه‌كان بژمێرین و له‌ ڕاستیدا کاری نوسینێکی واش نیه‌. ده‌سکه‌وته‌کانی ڕاپه‌ڕین گه‌لێک له‌وه‌ زیاترن که‌ ئاماژه‌ به‌هه‌موویان بکرێ. ئه‌وه‌نده‌ به‌سه‌ که‌ بێژین نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌ هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستان له‌ ئاکامی ڕاپه‌ڕین و ده‌ستکه‌وته‌کانی هیچ که‌ له‌ بێهیوایی ڕزگاریان بوو به‌ڵکوو گیانێکی بیناکردنه‌وه‌و دروستکردنه‌وه‌ی که‌سایه‌تی کوردی و خه‌باتی خۆ ناسینه‌وه‌و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆناسنامه‌ی ڕاستینه‌ی خۆیان له‌ ناویاندا گه‌شه‌ی کردوه‌و ئه‌مه‌یان کردۆته‌ دروشم و ڕۆژانه‌ کاری بۆده‌کرێ. له‌وه‌ش زیاتر که‌م ڕه‌نگ بوونی خۆگرێدان به‌ خه‌باتی چه‌کداری و به‌ پێچه‌وانه‌ موکوربوون و جه‌ختکردنه‌سه‌ر خه‌باتی دیموکراتیانه‌و شارستانیانه‌ ئه‌مڕۆ بۆته‌ شێوه‌‌یه‌کی سه‌ره‌کی خه‌بات و له‌ هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستان و به‌تایبه‌تیش له‌ باشوری کوردستان کاری پێده‌کرێ. له‌وانه‌ش بترازێ ئاوه‌دان کردنه‌وه‌ی شارو گونده‌کانی کوردستان، تاڕاده‌یه‌کی باش جێکه‌وتنی دامووده‌زگا دیموکراتیه‌کان، گه‌شه‌و پێشکه‌وتنی هوشیاری دیموکراتی و نه‌ته‌وه‌یی وێڕای په‌ره‌سه‌ندنی ڕۆژ له‌گه‌ڵ ڕۆژ زیاتری کاری ڕۆژنامه‌گه‌ری و ڕاگه‌یاندن و گه‌شه‌پێدان به‌ بواری خوێندن له‌ ڕووی چۆنایه‌تی و له‌وانیش گرنگتر په‌ره‌گرتنی گیانی پێکه‌وه‌ژیان و یه‌کتر سه‌لماندنی سیاسی و گه‌لێک ده‌ستکه‌وتی دیکه‌ له‌ به‌رهه‌مه‌کانی ڕاپه‌ڕینی باشوری کوردستانن و ڕه‌نگه‌ یه‌کێکی دیکه‌ له‌ده‌سکه‌وته‌کانی ئه‌و ڕاپه‌ڕینه‌ ڕوخانی ڕژیمی سه‌ددام بێت. ئه‌زموونی خۆ به‌ڕێوه‌به‌ری گه‌له‌که‌مان له‌ باشوری وڵات ئه‌گه‌رچی پاش ڕاوه‌ستانی شه‌ڕی خۆکوژی به‌ ئه‌زموونی بیناکردنه‌وه‌و گه‌شه‌کردن ده‌ژمێردرێ و پێش شه‌ڕ وێستانه‌که‌ جگه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی پارلمان و دروستکردنی حکومه‌تی کوردستان زۆرتر کاودانه‌که‌ ڕووه‌و هه‌ڵدێر بردنی ده‌سکه‌وت و ئامانجه‌کانی ڕاپه‌ڕین و له‌باربردنی ده‌رفه‌ت و دۆخه‌ مێژووییه‌ ڕه‌خساوه‌که‌بوو، به‌و حاڵه‌ش له‌و چه‌ند ساڵه‌ی دوای ڕاوه‌ستانی ئه‌و شه‌ڕه‌ بێزراوو دژی خۆییه‌، ئاوه‌دانکردنه‌وه‌و هه‌نگاونان به‌ره‌و دروستکردنی کۆمه‌ڵگایه‌کی شارستانی و ئاماڵ دیموکراتی و گه‌شه‌ و هه‌ڵدانی هه‌موو ئه‌و بوارانه‌ی که‌ له‌ خزمه‌تی کۆمه‌ڵگایه‌کی شایانی مرۆڤدان، له‌ لایه‌ک چاوی هیوای کوردو نه‌ته‌وه‌ ژێرده‌سته‌کان و دیموکراتخوازه‌کانی ناوچه‌که‌و جیهانی تێچه‌قیوه‌و له‌و لای دیکه‌شه‌وه‌ بۆته‌ چه‌قڵی چاوی ڕژیمه‌ تۆتالیتێره‌و دیکتاتۆڕه‌کانی ناوچه‌و نه‌تره‌ی بردوون. هه‌ربۆیه‌ ڕاپه‌ڕین و ده‌سکه‌وته‌کانی سه‌ره‌ڕای دۆست و پشتیوان و لایه‌نگر دوژمنی فره‌ی هه‌یه‌و به‌تایبه‌ت له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤیندا که‌ زۆربه‌ی ده‌وڵه‌ته‌کان نادیموکراتی و دوژمن به‌ ئازادینو به‌تایبه‌تیش له‌ هه‌مووان دوژمنتر به‌ کوردو ده‌ستکه‌وته‌کانی ده‌وڵه‌تانی داگیرکه‌ری کوردستانن که‌ به‌رده‌وام له‌ بۆسه‌دان بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سکه‌وته‌کانی کورد و ڕه‌وتی گه‌شه‌ی دیموکراسی له‌ ناوچه‌که‌دا په‌کبخه‌ن و به‌ره‌و هه‌ڵدێری به‌رن.

پێیده‌چی که‌ سه‌رده‌م و ڕۆژگاره‌‌که‌ له‌ شانسی نه‌یارانی دیموکراسی و ئازادی و پێشێلکه‌رانی مافه‌کانی مرۆڤ نه‌بێت و گڕۆڵه‌ی ئه‌و جۆره‌ ڕژیم و سیسته‌مانه‌ له‌ لێژی بێت. له‌وه‌ش گرنگتر وا ده‌رده‌که‌وێ که‌ جارێکی دیکه‌ دۆخی نه‌ته‌وه‌ی ماف زه‌وتکراوی کورد ناگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پێش ڕاپه‌ڕین و ئه‌و خه‌ون و هه‌وڵانه‌ی که‌ ده‌یانویست کورد نه‌مێنێ و نه‌خشه‌ی کوردستان له‌سه‌ر زه‌وی بسڕنه‌وه‌ و ئاسه‌وارێک له‌ زمان و که‌لتوره‌که‌ی له‌ سه‌ر زه‌وی نه‌هێڵن بۆ هه‌میشه‌ بوونه‌ بلۆقی سه‌ر ئاوو تێکشکان.

له‌ کۆتاییدا باسکردن له‌سه‌ر ڕاپه‌ڕین و شیکردنه‌وه‌ی هۆکارو تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ڕاپه‌ڕین و وڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیارانه‌ی که‌ سه‌باره‌ت به‌ڕاپه‌ڕین و ده‌ستکه‌وته‌کانی ده‌کرێ بێنه‌گۆڕێ له‌وته‌یه‌کی کورتی ئاوادا ناگونجێ و له‌ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م وتاره‌دا نیه‌و و پێویستی به‌ قوڵبوونه‌وه‌و ڕۆچوونه ناو گشت لایه‌ن و ڕه‌هه‌نده‌کانی هه‌یه‌. ئه‌وه‌ی پێویسته‌ بگوترێ و به‌رده‌وام دووپاتبکرێته‌وه‌و له‌سه‌ریشی موکورو پێداگربین ئه‌وه‌یه‌ که‌ بێژین: ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆکه‌ له‌ ئاکامی ڕاپه‌ڕینه‌و‌ه‌ وه‌ده‌ست هاتوه‌ به‌رهه‌می ماندوو بوون و قوربانیه‌کی زۆرو زه‌وه‌ندیی ساڵانێکی زۆری به‌رخوه‌دان و خه‌باته‌و پاراستن و په‌ره‌پێدان و سوربوون له‌سه‌ر به‌ کۆتایی گه‌یاندنی ڕاپه‌ڕین ئه‌رکی هه‌موو تاکێکی نه‌ته‌و‌ه‌که‌مان و به‌تایبه‌ت سه‌رکردایه‌تی سیاسی ئه‌وبه‌شه‌ی کوردستانه‌. ڕه‌نگه‌ بیناکردن و هه‌ڵچنینی بینای ده‌سکه‌وته‌کان کارێکی زه‌حمه‌ت بوو بێت و ئه‌مه‌ش شتێکی سروشتیه‌و هیچ ده‌سکه‌وتێک به‌ بێ تێکۆشان و ماندو بوون وه‌چه‌نگ ناکه‌وێ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌ زۆر سێناییه‌و ڕه‌نگه‌ ماندووبوونێکی فره‌ی نه‌وێ له‌بار بردن و ڕوخاندنی باڵاخانه‌ی ده‌سکه‌وته‌کان و کۆشکی هیوای نه‌ته‌وه‌که‌مانه‌. گه‌ر یه‌کگرتن و یه‌کیه‌تی نه‌ته‌وه‌یی باشترین گه‌ره‌نتی مانه‌وه‌و په‌ره‌پێدانی ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ کورد وه‌ده‌ستی هێناوه‌ بێ ئه‌وه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ یه‌کنه‌گرتن و پارچه‌بوون ته‌نیا دوژمن و نه‌یاری ده‌سکه‌وته‌کانه‌ و هه‌موو تاکێکی کوردو کوردستانی له‌سه‌ریه‌تی که‌ یه‌کیه‌تی و یه‌کگرتنی نه‌ته‌وه‌یی به‌هه‌ند بگرێ و خه‌باتی بۆ بکاو له‌ دژی هه‌ر هه‌وڵێک که‌مه‌به‌ستی تێکدانی یه‌کیه‌تی ڕیزه‌کانی بێت ڕاوه‌ستێ.

له‌م ڕۆداو له‌ یادی ڕاپه‌ڕینی به‌شکۆی باشوری وڵاتدا له‌ گه‌ڵ هیوای سه‌رکه‌وتن بۆ نه‌ته‌وه‌که‌مان به گشتی و گه‌له‌که‌مان له‌ باشوری وڵات به‌تایبه‌تی له‌ پێناوی هه‌نگاونان و گه‌یشتن به‌ ماف و ئازادی زیاترو ده‌سکه‌وت و سه‌رکه‌وتنی مه‌زنتر خۆزگه‌ی یه‌کیه‌تی و یه‌کگرتووی وه‌ک تاکه‌ زامنی پاراستینی ده‌ستکه‌وته‌کان و وه‌ده‌ستهێنانی ده‌ستکه‌وتی زیاتر ده‌خوازم و له‌ ناخی دڵیشه‌وه‌‌ له‌ هه‌موو تاکه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌مان پیرۆزبایی ده‌که‌م و هیوادارم له‌ داهاتویه‌کی نزیکدا نه‌ته‌وه‌که‌مان به‌خه‌باتی ژیرانه‌ی خۆی بتوانێ ده‌ستکه‌وتی زیاترو سه‌رکه‌وتنی گه‌وره‌تر وه‌ده‌ست بێنێ و سه‌ره‌نجام بگه‌ینه‌ لوتکه‌ی هه‌موو سه‌رکه‌وتنه‌کان که‌ گه‌یشتن به‌ ئاسۆی ڕزگاری و سه‌ربه‌خۆیی کوردستانه‌‌.

ڕۆژانی ڕاپه‌ڕینیش ئه‌و ڕۆژانه‌ن که‌ هیچکات له‌یاد ناچنه‌وه‌

15ی ڕه‌شه‌ممه‌ی 2704
5ی مارچی 2005

Tuesday, February 08, 2005

ڕۆژگارێکی سه‌یره‌!! تۆ بڵێی مێژوو جارێکی دیکه‌ دوپات بێته‌وه؟‌

له‌ سایتی کوردستان نێت بابه‌تێک به‌ پێنوسی "حه‌مه‌گاوان"له‌ ژێر ناوی" کێ له‌سه‌ر کورسی شه‌هید دوکتور قاسملوو دانیشتوه‌" بڵاوکراوه‌ته‌وه‌. نوسه‌ر له‌م بابه‌ته‌دا ئاوڕی له‌ ڕابردووی به‌ڕێز مسته‌فا هیجری سکرتێری ئێستای حزبی دیموکرات داوه‌ته‌وه‌ و هه‌ندێک زانیاری نوسیوه‌ که‌لانی که‌م بۆ من به‌شێکیان نوێن و پێشتر نه‌م بیستوون. نامه‌وێ له‌سه‌ر ڕاستی و دروستی ئه‌و په‌یڤ و زانیاریانه‌ که‌ له‌سه‌ر ڕابردووی مسته‌فا هیجری نوسیونی بدوێم. ئه‌وه‌ی من ده‌مه‌وێ به‌رجه‌سته‌ی بکه‌مه‌وه‌ گه‌له‌پرسیاره‌ێکه‌ سه‌باره‌ت به‌ هۆکاری بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌ت و زانیاری له‌وشێوه‌یه‌یه‌. به‌واتایه‌کی دیکه‌ پاش خوێندنه‌وه‌ی نوسراوه‌که‌ی‌ حه‌مه‌ گاوان چه‌ند پرسیارێکم لا دروستبووه‌و به‌باشی ده‌زانم لێره‌دا بیانخه‌مه‌ ڕوو.

به‌وه‌یدا که‌ نوسه‌ر بۆخۆی باسی کردوه‌ وادیاره‌ له‌ نزیکه‌وه‌ کاک مسته‌فا هیجری ده‌ناسێ و ته‌نانه‌ت له‌ سه‌رده‌می لاوێتیدا پێکه‌وه‌ له‌ زانکۆ خوێندویانه‌و ته‌نانه‌ت خه‌ڵکی شارێکیشن و له‌وه‌ش زیاتر پێیده‌چی ئه‌و به‌ڕێزه‌ بۆخۆشی یه‌کێک له‌ تێکۆشه‌رانی حزب بوبێت و یان ئێستاش حزبی بێت. جا پرسیار ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌م زانیاریانه‌ بۆ تا نوکه‌ به‌ فه‌رامۆشی و له‌بیرچونه‌وه‌ سپێردراون و هۆی چیه‌ که‌ ئێستا و پاش ئه‌وه‌ی مسته‌فا هیجری چه‌ندین ساڵه‌ ئه‌ندامی به‌ڕێوه‌به‌ری حزبی دیموکراته و پله‌کانی ئه‌ندامه‌تی بیرۆی سیاسی و جێگری سکرتێری گشتی و به‌م جاره‌وه‌ دوجاریشه‌‌ ده‌بێته‌ سکرتێری ئه‌و حزبه‌ی، بڕێوه‌‌، که‌چی تازه‌ به‌تازه‌ بڵاوده‌کرێنه‌وه‌؟ ئایا به‌رژه‌وه‌ندیه‌ک له‌ پشتی تا ئێستا شاردنه‌وه‌و په‌رده‌پۆشکردنه‌ هه‌بووه‌ و ئه‌گه‌ر هه‌بووه‌ ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییانه‌ چیبوون؟ گه‌لۆ نوسه‌ر چما وا به‌خورتی و له‌م کاته‌دا که‌وتۆته‌ خۆ بۆ ده‌رخستنی ڕاستیه‌کان؟! ئه‌و ڕاستیانه‌ی که‌ لانی که‌م وه‌ک خۆی نوسیویه‌تی زیاتر له‌ سی ساڵه‌ ده‌یانزانێ!. تۆ بڵێی ئه‌مه‌ ئاماژه‌ی دانه‌مرکانه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تیه‌کانی ناوه‌وه‌ی حزبی دیموکرات پاش کۆنگره‌ی سێزده‌ی ئه‌و حزبه‌ بێت؟ یان ئاکامه‌کان و ئاکاره‌کانی ڕێبه‌رایه‌تی هه‌ڵبژێردراوی ئه‌م کۆنگره‌یه‌ گوڕی به‌ توڕه‌یی و ناڕه‌زایه‌تیه‌کان دابێت؟

نوسه‌ر وادیاره‌ زیاتر بۆ ده‌رخستنی ئه‌وه‌ی که‌ به‌رێز هیجری شیاوی ئه‌وجێه‌ی که‌ پێشتر دوکتور قاسملوو لێی دانیشتوه (سکرتێری حزب) نیه‌و هه‌روه‌ها بۆ سه‌لماندنی لاوازی که‌سیه‌تی هیجری په‌نای بردۆته‌ "ئاشکرا کردنی ڕاستیه‌کان"ی ژیانی ڕابردوی هیجری. به‌ڵام نوسه‌ر هیچ وه‌سه‌ر خۆی نه‌هێناوه‌ که‌ هیجری له‌پڕێکا نه‌بۆته‌ کوڕێک و ناوبراو له‌ سه‌رده‌می دوکتورقاسملوو و دوکتور شه‌رفکه‌ندی و ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی ناویشی هێناون کادری پله‌ یه‌کی ڕێبه‌ری حزب بوه‌و ته‌نانه‌ت له‌ ده‌ورانی دوکتور قاسملووشدا به‌رپرسی کۆمیسیونێکی هه‌ستیارو گرنگی وه‌ک کۆمیسیۆنی ڕێکخستن بوه‌. پرسیار ئه‌وه‌یه‌ بۆ ئه‌وکات ئه‌و زانیاریانه‌ نه‌خراونه‌ ڕوو؟ ئایا که‌سی دوکتور قاسملوو ئاگای له‌ ڕابردووی هیجری نه‌بووه‌؟ یانژی ڕیزه‌کانی حزبی دیموکرات ئه‌و ڕاستیانه‌ی که‌ له‌ ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌وه‌ له‌سه‌ر به‌ڕێز هیجری نوسیونی بێ ئاگان و نایزانن؟ ئه‌ی دوکتور قاسملوو که‌سێکی وا نه‌شیاوی چۆن به‌ هاوکاری نزیکی خۆی په‌سه‌ند کردوه‌؟ بێگومان کاکه‌ حه‌مه‌ ده‌بێ ئه‌وه‌ش بزانێ که‌ کاک مسته‌فا یه‌کێک له‌و 25 که‌سه‌ بوو که‌ دوکتور قاسملوو له‌ لیسته‌ سنورداره‌که‌یدا له‌ کۆنگره‌ی هه‌شت بۆ کۆمیته‌ی ناوه‌ندی جێگای په‌سه‌ندی خۆی پاڵاوتبووی و ناوی له‌ ڕیزه‌که‌دا ژماره‌ چوار بووه.‌(نیوسه‌ده‌ خه‌بات، عبدولا حه‌سه‌ن زاده‌، به‌رگی دوو، لاپه‌ڕه‌ 166)

هه‌روه‌ک گوتم بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌و زانیاریانه‌ له‌ ڕۆژی ئه‌مڕۆدا بۆمن جێگای پرسیارن و هه‌ر که‌س ئه‌و مافه‌ی هه‌یه‌ بپرسێ کاک حه‌مه‌ گاوان بۆ ئه‌مڕۆ ؟ بۆچی بیست ساڵ، ده‌ساڵ پێشتر یان پێنجساڵ پێشتر و یا خود پێش کۆنگره‌ی 13 که‌ گریمانی به‌هێزی ئه‌وه‌ به‌ڕوونی ده‌کرا که‌ کاک مسته‌فا ده‌بێته‌ سکرتێری حزب، ئه‌و زانیاریانه‌ت بڵاونه‌ده‌کرده‌وه‌؟ له‌و پێوه‌ندییه‌دا نوسه‌ر پێویسته‌ ڕونی بکاته‌وه‌ که‌ مه‌به‌ست و ئامانج له‌و وروژاندنی ئه‌م باسه‌و سه‌ره‌نجام زیاتر پێکهه‌ڵپڕژاندنه‌ی ڕیزه‌کانی حزبی دیموکرات چیه‌؟ له‌ کاتێکدا نوسه‌ر ئه‌وه‌ی باش ده‌زانێ که‌ ئه‌مڕۆژانه‌و پاش کۆنگره‌ی 13 ئاڵۆزیی و بشێویی به‌ خویایی هه‌ست پێده‌کرێ و ئاکامه‌کانی کۆنگره‌ گه‌لێک ته‌نگگژه‌یان بۆ ڕێبه‌رایه‌تی نوێ دروستکردوه‌ و ئه‌مه‌ش شتێک نیه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی ڕابردوو، نه‌هێنی بێت، به‌ڵکوو ڕۆژانه‌ له‌سه‌ر سایته‌کان نوقرچک له‌یه‌کتر گرتن و پرته‌و بۆڵه‌و ده‌نگه‌ ده‌نگی نه‌یاران ده‌بیسرێ و ده‌بینرێ. پرسیارێکی دیکه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ تۆ بڵێی ئاکامه‌کانی کۆنگره‌و گۆڕانکاریه‌کانی دوای کۆنگره‌ی 13، چسکه‌ی له‌ جێگه‌و پێگه‌و یانیش هزرو هیوای حه‌مه‌ گاوان هه‌ستاندبێت بۆیه‌ ئاوا لێبڕاوانه‌ که‌وتۆته‌ په‌رده‌ هه‌ڵدانه‌وه‌ له‌ ڕاستیه‌کان؟! خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ به‌ دڵسۆزی بۆ ڕێبازو داهاتووی حزبی دیموکرات ده‌زانی و فرمێسکی بۆ هه‌ڵده‌ڕێژی و جێگای دوکتور قاسملو به‌ بێناز ده‌زانی! ئه‌وه‌ له‌ ئاست ئه‌رکی خۆیدا ته‌نه‌خی کردوه‌و ده‌بوو ئه‌و دڵسۆزیه‌ زووتر بکردایه‌.

له‌و کاته‌وه‌ کۆنگره‌ی سێزده‌ی حزبی دیموکرات کۆتایی پێهاتووه‌ و پێش کۆنگره‌و له‌ قۆناخی خۆ ئاماده‌کردن بۆ کۆنگره‌، گه‌لێک ده‌نگۆو باسی جۆراوجۆر له‌ مه‌ڕ ڕیزبه‌ندییه‌کان و چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی کۆنفرانسه‌کان و سه‌ره‌نجام کۆنگره‌و ئاکامه‌کانی بڵاوکرانه‌وه‌و ئێستاش که‌ چه‌ند مانگێک له‌و ڕوداوه‌ تێده‌په‌ڕێ هه‌روا به‌رده‌وامه‌. به‌ ئاشکرا باسی ئه‌وه‌ له‌ گۆڕێدایه‌ که‌ باڵی کاک مسته‌فا پێش کۆنگره‌و له‌ کۆنفرانسه‌کاندا به‌ نه‌هێنی و بێده‌نگیه‌وه‌ کاریان کردوه‌و وه‌ک ده‌گوترێ به‌شێوه‌یه‌کی نادیموکراتیانه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات نوێنه‌رانی جێگای په‌سه‌ندی خۆیان گه‌یاندۆته‌ کۆنگره‌. کۆنفرانسی سوید نمونه‌یه‌کی دیاره‌. له‌ کۆنگره‌شدا ئه‌و هه‌وڵدانه‌ ڕه‌نگی دایه‌وه‌و دیتمان که‌ ژماره‌یه‌ک له‌ ئه‌ندامانی پێشووی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی ده‌نگیان پێنه‌درا یان بۆخۆیان کشاونه‌وه‌ و لایه‌نگرانی هه‌ڵسوکه‌وته‌کانی کاک مسته‌فا گه‌یشتنه‌وه‌ بازنه‌ی سه‌رکردایه‌تی. بۆیه‌ ده‌ڵێم لایه‌نگرانی هه‌ڵسوکه‌وت چونکه‌ کاک مسته‌فا زۆرتر له‌ بواری ئاکاریدا شتی هه‌یه‌ بۆ باسکردن بشێ و بۆچوون یان ڕامان و تیۆرێکی نوێ و جیای له‌وانی دیکه‌ نیه‌. ئه‌و گۆڕانانه‌ش که‌ له‌و کۆنگره‌دا له‌ ستراتیژی حزبدا کراون ئاکامی هزرو بۆچوونی ئه‌و نه‌بوون و وادیاره‌ ئه‌و گوڕانانه‌ش ناڕاسته‌وخۆ که‌وتوونه‌ خزمه‌ت جێبه‌جێکردنی نیازه‌کانی باڵی زاڵ.

کاک مسته‌فا له‌ ناو حزبی دیموکراتدا وه‌ک که‌سێکی "مودیر" و "موکور" له‌ به‌ڕێوه‌بردندا ناسراوه‌. پاش دوله‌ت بوونی حزبی دیموکرات له‌ کۆنگره‌ی هه‌شتدا، کاک مسته‌فای هیجری به‌رپرسی کۆمیسیونی رێکخستنی حزب بوو. له‌و کۆمیسیۆنه‌شه‌وه‌ گه‌لێک بڕیار له‌ دژی ئه‌ندامان و تێکۆشه‌رانی باڵه‌که‌ی دیکه‌(ڕێبه‌رایه‌تی شۆڕشگێڕ) ده‌رچوو و گه‌لێکیشیان جێبه‌جێکران. له‌وانه‌ بایکوت کردن، چه‌ک کردنی پێشمه‌رگه‌کانی ئه‌وباڵه‌ له‌ قووڵایی ناوچه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، هێرشی چه‌کدارانه‌ بۆسه‌ریان و ئێعدامکردنی کادره‌کانی ئه‌وبه‌شه و به‌گشتی ڕێگه‌گرتن له‌ تێکۆشانیان‌. ڕاسته‌ ئه‌و بڕیارانه‌ پشتگیری ده‌فته‌ری سیاسی و کۆمیته‌ی ناوه‌ندی ئه‌وکاتی حزبیشی له‌گه‌ڵ بوه‌. به‌ڵام ڕک ئه‌ستوری ئه‌و سه‌باره‌ت به‌"لاده‌ران" له‌گه‌ڵ هاوکاره‌کانی، جێبه‌جێکردنی بڕیاره‌کانی - موو به‌موو- خێراتر ده‌کرد. هه‌ر ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیه‌ش بوو که‌ دڵی کاک مسته‌فای له‌ به‌رامبه‌ر "لاده‌ران"ی کۆنه‌ هاوڕێیدا نه‌رم نه‌کردوو له‌ کاتی به‌ناو یه‌کگرتنه‌وه‌دا دژایه‌تی ئاشکرای پڕۆسه‌که‌ی ده‌کرد. ئێستا و پاش نزیک به‌ ده‌ساڵ یه‌کگرتنه‌وه هێشتا لاده‌ر هه‌ر لاده‌ره‌و کۆنگره‌ی 13ش له‌گه‌ڵ خۆیدا لاده‌ری نوێشی له‌گه‌ڵ خۆی هێنا و له‌ ئه‌ده‌بیاتی ئه‌مڕۆژانه‌ی ناو ئه‌و حزبه‌دا "کۆنه‌لاده‌ر"و "تازه‌لاده‌ر" دوو ناون که‌ ده‌خرێنه‌ پاڵ ئه‌وانه‌ی له‌ کۆنگره‌ی هه‌شت جیابوونه‌وه‌و‌ ئه‌وانه‌ی له‌ ئاکامه‌کانی کۆنگره‌ی 13 ناڕازین. ئه‌مڕۆژانه‌ باسی ئه‌وه‌ له‌گۆڕێدایه‌ که‌ دژبه‌رانی یه‌کگرتنه‌وه‌ له‌هه‌وڵی تۆڵه‌کردنه‌وه‌ له‌ کۆنه‌لاده‌رانن!. له‌وه‌ش زیاتر ڕه‌ک و ته‌ک بوون و هه‌ڵسوکه‌وتی تووندوتیژ و بێبه‌زییانه‌ به‌ناوی جێبه‌جێکردنی بڕیاراتی حزب له‌گه‌ڵ ئه‌ندام و کادرو پێشمه‌رگه‌کان له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌ ناسراوه‌کانی دیاری کاک مسته‌فا بوون که‌ له‌ حزبدا زۆرتر به‌ ڕوه‌ ئه‌رێنیه‌که‌یدا "مودیر"و "موکوور" ناوده‌براو له‌ ڕوه‌ نه‌رێنیه‌که‌شی توڕه‌و توندو تیژو بێده‌ربه‌ست‌. بێگومان حه‌مه‌گاوان ده‌کرا ئه‌وکات به‌ ئاگا بهاتایه‌ته‌وه‌ که‌ هێشتا کاک مسته‌فا نه‌گه‌یشتبوه‌ لوتکه‌ی ده‌سه‌ڵات. له‌مڕۆدا باسکردنی ئه‌و کاتانه‌ی که‌ هێشتا کاک مسته‌فا نه‌بۆته‌ ئه‌ندامی حزبی دیموکرات، پاش تێپه‌ڕینی چه‌ندین ساڵ به‌سه‌ر حزبی بوون و خاوه‌ن به‌رپرسایه‌تی بوونیدا له‌ دۆخێکدا که‌ ئه‌م حزبه‌ به‌ کێشه‌کانی نێوخۆییه‌وه‌ ده‌تلێته‌وه‌ ناتوانێ پرسیار هێنه‌رو گومان چێکه‌ر نه‌بێ. ئه‌ویش له‌ لایه‌ن که‌سێکی به‌ڕواڵه‌ت نه‌ناسراوو له‌ ڕاستیدا ناسراوه‌وه‌.

مه‌به‌ستی من له‌ هێنانه‌ گۆڕی ئه‌م شتانه‌، وروژاندنی ئه‌و باسانه‌ و خوێ به‌ بریندا کردن نین، چونکه‌ ئه‌مباسانه‌ هه‌نوکه‌ له‌ ناو ڕیزه‌کانی حزبدا گه‌رمن. مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌ڵسوکه‌وته‌کانی به‌ڕێز هیجری له‌ پێش کۆنگره‌ی سێزده‌و له‌ساڵه‌کانی ڕابردووداو به‌تایبه‌ت له‌پاش کۆنگره‌ی ناوبراو له‌گه‌ڵ هاوڕێیانی! بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی خۆ خواردنه‌وه‌و دیانبه‌خۆداگرتنی زۆر له‌ ئه‌ندامانی حزب به‌ره‌و کۆتایی بچێ و سه‌ره‌نجام دژکرده‌وه‌ی ئه‌وتۆی لێبکه‌وێته‌وه‌ که‌ چاوه‌ڕوان نه‌کراوبن. حه‌مه‌گاوان هه‌رچیه‌کی نوسیبی ڕاست یان هه‌ڵه‌ ئه‌و ڕاستیه‌ زیاتر ده‌رده‌خا که‌ حزبی دیموکرت هه‌رچی زووتره‌ پێویسته‌ وه‌خۆ بێته‌وه‌.

کاتی خۆی که‌ هه‌وڵه‌کانی یه‌کگرتنه‌وه‌ی حزبی دیموکرات له‌ لایه‌ن ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی هه‌ردوو باڵی حزبه‌وه‌ کرایه‌ هه‌وڵی به‌کرده‌وه‌و له‌گه‌ڵ بڵاوکردنه‌وه‌ی بانگه‌وازێک بۆ لێک به‌ستنه‌وه‌ی هه‌ردوو به‌ش چه‌ندیین جار وه‌ک "ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تی 112که‌س له‌ ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی هه‌ردوو باڵی حزبی دیموکرات" سه‌ردانی دوڵه‌ڕه‌قه‌و کۆیه‌مان کرد بۆ ئه‌وه‌ی سوربوونی خۆمان پیشان بده‌ین و په‌یامی هه‌ردوو لا بۆ یه‌کدی بگوازینه‌وه‌. له‌ یه‌که‌م دانیشتندا له‌ کۆیه‌ که‌ بانگه‌وازه‌که‌مان له‌گه‌ڵ خۆمان بردبوو بۆ ئه‌وه‌ی بیده‌ینه‌ ده‌فته‌ری سیاسی و سه‌ره‌ڕای بانگه‌وازه‌که‌ هۆکاره‌کانی دروست بوونی ئه‌و هه‌وڵه‌مانیان بۆ شی بکه‌ینه‌وه،‌ داوامان کرد له‌گه‌ڵ ده‌فته‌ری سیاسی دابنیشین. پاش ماوه‌یه‌ک چاوه‌ڕوانی ئه‌ندامێکی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی ڕاسپێردرابوو له‌گه‌ڵمان دانیشێ، چونکه‌ وه‌ک ئه‌و به‌ڕێزه‌ بۆی باسکردین له‌و کاته‌دا ئه‌ندامانی ده‌فته‌ری سیاسی له‌و نزیکانه‌ نین! دیاره‌ به‌لای ئێمه‌وه‌ گرنگ بوو که‌ یه‌که‌م دانیشتنمان له‌گه‌ڵ ده‌فته‌ری سیاسی بێت به‌ڵام له‌وه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌بوو که‌ ئه‌وان ئاماده‌بن بانگه‌وازه‌که‌ له‌ ئێمه‌ وه‌رگرن. هه‌ر بۆیه‌ بۆ ئێمه‌ گرنگ بوو که‌ که‌سێک به‌ نوێنه‌ری ده‌فته‌ری سیاسی حزب له‌گه‌ڵمان دانیشێ. له‌ مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی نامه‌وێ دوربکه‌ومه‌وه‌. کاتێک دانیشتنه‌که‌ ده‌ستی پێکرد به‌رپرسی پێوه‌ندییه‌کان به‌خێرهاتنی کردین و ئێمه‌ش مه‌به‌ستی هاتنه‌که‌مان و هۆکاری دروست بوونی بیرۆکه‌ی هه‌وڵه‌کانمان بۆ باسکردن. یه‌کێک له‌ هۆکاره‌کانی پێویستی یه‌کگرتنه‌وه‌ به‌لای ئێمه‌وه‌ ئه‌وه‌ بوو که‌ بارودۆخه‌که‌ هستیاروو چاره‌نوسساز بوو. له‌وه‌ش زیاتر ڕژیم به‌ موکوری هه‌وڵی له‌باربردنی ئه‌زموونی باشوری وێرای داگیرکه‌رانی دیکه‌ خستبووه‌ گه‌ڕ. شه‌ڕی نێوخۆیی بڕستی له‌ بزاڤی کوردایه‌تی بڕیبوو و ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی له‌ باشور هه‌بوو له‌سه‌ر لێواری هه‌ڵدێر بوو. کۆماری ئیسلامی به‌و په‌ڕی تواناوه‌ له‌ هه‌وڵی ڕه‌شه‌کوژی تێکۆشه‌رانی ڕۆژهه‌ڵات کوردستان و به‌تایبه‌ت تێکۆشه‌رانی هه‌ردوو باڵی حزبی دیموکراتدا بوو. نا ئومێدی و بێهیوایی وه‌ک هه‌ورێکی ڕه‌ش باڵی به‌سه‌ر گه‌له‌کماندا کێشابوو له‌وانه‌ش گرنگتر دێوه‌زمه‌ی شه‌ڕ وه‌ک مه‌ترسیه‌کی گه‌وره‌ هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ داهاتووی بزاڤی ڕزگاریخوازی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌کرد.

پاش به‌خێر هێنانمان له‌ لایه‌ن به‌رپرسی پێوه‌ندییه‌کانی ئه‌وێوه‌، ئه‌ز که‌ په‌یڤبێژی ده‌سته‌که‌ بووم بۆ ئه‌و دانیشتنه‌، به‌ درێژی و به‌شێوه‌یه‌کی هه‌ست بزوێن ئه‌و هۆکارانه‌م باسکرد. کاتێک من ته‌واو بووم ئه‌و به‌ڕێزه‌ی که‌ به‌ نوێنه‌ری ده‌فته‌ری سیاسی نێردرابوو به‌ چه‌ند په‌یڤێکی کورت وڵامی داینه‌وه‌و گوتی که‌ ئێمه‌ ئه‌و هه‌ل و مه‌رج و بارودۆخه‌ گرنگ و هه‌ستیارو چاره‌نوس سازه‌ که‌ ئێوه‌ باسی ده‌که‌ن(ده‌قی ووته‌که‌ی ئه‌و به‌ڕێزانه‌م وه‌ک خۆی له‌ بیر نیه‌ ئه‌وی نوسیومه‌ ڕه‌نگه‌ وشه‌کان جیاواز بن به‌ڵام واتاکه‌ی ئه‌وه‌ بوو) هه‌ست پێناکه‌ین!‌. هه‌موو مان که‌ نزیک حه‌وت که‌سێک ده‌بووین به‌و وڵامه‌ تێکچوین و من یه‌کجێ و تاڕاده‌یه‌ک به‌‌‌ توڕه‌یی وڵاممدایه‌وه. هه‌ر له‌و کاته‌دا ئه‌و به‌ڕێزه‌ی که‌ به‌رپرسی پێوه‌ندییه‌کان بوو خه‌مخۆری بۆ دۆخه‌که‌و بانگه‌وازه‌که‌ی ئێمه‌ی به‌ته‌واوی پێوه‌ دیار بوو، هه‌ڵیدایه‌و گوتی دڵنیام که‌ کاک (....) مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ نه‌بووه‌ و .... ویستی بۆی پینه‌ بکات.

مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ که‌ ڕێبه‌رایه‌تی ده‌سه‌ڵاتداری پاش کۆنگره‌ی سێزده‌ وادیاره‌ هێشتا هه‌ر نوکمی سه‌رکه‌وتنیانن به‌سه‌ر نه‌یاره‌کانیان! دا و ده‌نگی ناره‌زایه‌تیه‌کانی ناوخۆیان نابیستن و گرنگی بارودۆخی ئێستاو ئه‌وده‌رفه‌ت و گۆڕه‌پانه‌ی له‌پێشی داهاتووی نه‌ته‌وه‌که‌مانه‌ وه‌ک ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی گۆرین نایبینن و هه‌ستی پێنا‌که‌ن،و له‌سه‌ر ئه‌و بنچینه‌ هه‌ڵه‌یه‌ی که‌ هه‌ر گۆڕانێک کۆمه‌ڵێک قوربانی ده‌خوازێ ئه‌سپی دڵنیایی خۆیان لینگ ده‌ده‌ن. به‌ڵام پێیناچی ئه‌مجاره‌ قوربانیه‌کان ته‌نیا چه‌ند که‌س نه‌یارو ناڕازی بن و شه‌پۆلی ده‌نگی نا ڕه‌نگه‌ له‌ جوگرافیای حزبی دیموکراتدا قوڵپدانێکی توسونامی ئاسای لێدروست بێت و به‌مه‌ش بزاڤی نه‌ته‌وایه‌تی کوردستان دوچاری خه‌سارێکی قه‌ره‌بوو نه‌کراو ببن.

له‌ بارودۆخی ئێستا ئه‌گه‌ر حزبی دیموکارت هه‌روا به‌رزه‌فڕانه‌ خه‌ریکی به‌خۆدا هه‌ڵدان و په‌‌سه‌ندبێژی بڕیارو ئاکاره‌کانیان بن له‌ هه‌ناوی حزبه‌که‌یاندا ده‌یان حه‌مه‌گاوان له‌دایک ده‌بن. بۆیه‌ ئێژم له‌ هه‌ناوی حزبدا چونکه‌ حه‌مه‌گاوان به‌ نوسینه‌که‌یدا ده‌رده‌که‌وێ که‌ حزبیه‌ یان حزبی بوه‌. کێ ده‌ڵی له‌و که‌سانه‌‌ نیه‌ که‌ به‌ تازه‌ لاده‌ر ناسراون‌!!. له‌وه‌ش سه‌یرتر ئه‌وه‌یه‌ که‌ چ ئه‌وانه‌ی لایه‌نگری له‌ به‌ڕێز هیجری ده‌که‌ن و چ ئه‌وانه‌ی دژیانن خۆیان به‌ خه‌مخۆری حزب ڕێبازو جێگای شه‌هیدانی حزب ده‌زانن و ئه‌وی دیکه‌یان به‌ دژی حزب و ڕێبازی سه‌روه‌رانی حزب ده‌قه‌بڵێنێ.

پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی نوسینه‌که‌ی حه‌مه‌گاوان، چه‌ندکه‌س له‌ لایه‌نگران و ئه‌ندامانی ئه‌و حزبه‌ له‌ دژی حه‌مه‌ گاوان وه‌ده‌نگ هاتوون و ئه‌ویان به‌ سیخوڕو ... چواندوه‌.

ڕۆژگارێکی سه‌یره‌ و له‌وه‌ش سه‌یرتر دوپات بوونه‌وه‌ی مێژووه‌!

20ی ڕێبه‌ندانی 2704 به‌رامبه‌ر 8ی فێبریوه‌ری 2005

هه‌ر له‌م پێوه‌ندییه‌دا:

"ئه‌و که‌سه‌ی له‌ سه‌ر کورسی قاسملۆ دانیشتووه"- جێی شانازی ته‌واویه‌تی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانه‌، وه‌ڵامێک به‌ سووکایه‌تیه‌کانی حه‌مه‌ گاوان
حه‌مه‌گاوان، وه‌ک سیخوڕێک دێته‌ قسه‌ کردن
دێمانه‌: دوایین ده‌بۆچوون